رێبوار ره‌زا چوچانی
رووداوه‌كانی ئێستای خۆرهه‌ڵڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ری ده‌خه‌ن، هێشتا ئاپۆرا جه‌ماوه‌رییه‌كان بوونیان ماوه و هێشتا كۆبوونه‌وه‌ی گشتی و یه‌ك ره‌نگ بوون و پشت كردنه تاكایه‌تی ره‌واجی خۆیان له ده‌ست نه‌داوه، راسته ئێستا له چركه‌ساتێكی مێژوویدان و شۆڕشه‌كان به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن ده‌چن و كه‌وتنی سته‌مكاره‌كان له هه‌ره‌مه‌وه ده‌بینین، به‌ڵام له ئاستێكیشدا بێئومێدی یه‌خه‌مان ده‌گرێت، چونكه سه‌رده‌می باڵابوونی ئاپۆراكان سه‌رده‌می كوشتنی فیكره، سه‌رده‌می په‌راوێزخستنی تاكایه‌تییه، سه‌رده‌می باڵابوونی شه‌پۆلێكه كه هه‌رچی مانای لێبوورده‌یی هه‌یه له ژێر پێده‌نێت و كوشتنی ئینسان ئاسایی ده‌كاته‌وه، دنیایه‌ك درووست ده‌كات كه دابه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر ره‌ش و سپی‌دا و مانایه‌ك بۆ هاونیشتیمانی بێلایه‌ن نامێنێته‌وه، واته له ساتی گردبوونه‌وه‌ی ئاپۆراكاندا، مه‌جالێك نامێنێته‌وه بۆ هه‌ڵبژاردنی ئاراسته‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆییانه له‌و رووداوانه‌ی كه روو ده‌ده‌ن.
له‌و دۆخه‌دا بیركردنه‌وه لاواز ده‌بێت، شیعاراتی زاره‌كی كه فه‌زایه‌ك بۆ توندوتیژی ده‌خولقێنن زاڵ ده‌بێت، هه‌موو ده‌ربڕینێكی هیۆمانیزمییانه بارگاوی ده‌كرێن به ئیزدیواجییه‌ت، مرۆڤ ده‌كرێته سوته‌مه‌نی بۆ سه‌رخستنی به‌رنامه و خه‌یاڵی سیاسییه‌كان، فه‌زایه‌ك نامێنێت كه بیركردنه‌وه بكاته پێوه‌رێك بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی دنیای دوای رووداوه‌كان و به‌رنامه‌ی ئێستای ئه‌و شانۆكاره سیاسییه نوێیانه‌ی كه دێنه پێشه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ تێبگات له خه‌یاڵی داهاتوویان، نه‌بوونی ئه‌و فه‌زایه‌ش به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌ك سه‌رده‌كێشێت، كه دواجار په‌لده‌هاوێت بۆ جه‌نگێك كه به ناوی “شۆڕش” و به ناوی “به‌رگری كردن له شه‌رعییه‌ت”، هه‌ڵده‌گیرسێت و مرۆڤ ده‌كات به جه‌نگاوه‌رێك كه بۆ ئاینده‌یه‌كی نادیار بجه‌نگێت، جه‌نگاوه‌ره‌كان سته‌مكارییه‌ك ده‌گۆڕنه‌وه به سته‌مكارییه‌كی دیكه، شۆڕشگێڕه‌كان ده‌كه‌نه سته‌مكاری داهاتوو، چونكه ئه‌زموونی شۆڕشه‌كان بۆیان سه‌لماندین، زۆربه‌ی هه‌ره زۆری سه‌ركرده شۆڕشگێڕه‌كان ئازادی په‌روه‌ر نین، به‌ڵكو دیلكه‌رێكی تری ئازادین له فۆرمێكی تری سته‌مكاریدا.
سیاسه‌ت و حیزبایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتداری له خۆرهه‌ڵڵاتی ناوه‌ڕاست فۆرمێكی وه‌رگرتووه، زیاتر چه‌قبه‌ستووییان پێوه دیاره و له‌گه‌ڵ هه‌ر كرانه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییدا توشی لێكگیر بوون ده‌بن، بۆیه ده‌بینین سیناریۆی لایه‌نه‌كان به‌وانه‌ی حوكم ده‌كه‌ن و به‌وانه‌ش كه ئۆپۆزسیۆنن، به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان هانده‌ری توندوتیژین، هه‌ر یه‌ك له‌و دوو به‌ره‌یه‌ش، هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ن به كۆمه‌ڵێك شیعاری بارگاوی به ئایدیۆلۆژیا، مه‌شروعییه‌ت به توندوتیژییه‌كان بده‌ن، هه‌موو ئه‌و به‌ره‌نجامانه‌ش كه له ئه‌نجامی توندوتیژییه‌كانه‌وه به ده‌ست دێن، دنیایه‌ك درووست ده‌كه‌ن، مرۆڤ ناتوانێت ژیانێكی شه‌ره‌فمه‌ندانه هه‌ڵبژێرێت، مرۆڤ ناتوانێت ئاراسته‌یه‌ك بگرێته به‌ر له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دوو به‌ره‌یه‌ی له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا هه‌ن، چونكه ژیان فۆرمێك وه‌رده‌گرێت، كه مه‌ودوای خۆ دوور گرتنی مرۆڤ له رووداوه‌كان كه‌متر ده‌كاته‌وه، به هه‌موو مانایه‌كیش ئه‌و رووداوانه بیرۆكه‌ی سته‌مكاری له خه‌یاڵی سیاسییه‌كاندا زیاتر ده‌چه‌سپێنێت.
یه‌كه‌م هه‌نگاو به‌ره‌و سته‌مكاری، له غروری سیاسییه‌كانه‌وه ده‌ست پێده‌كات، ئه‌و غرووره له خه‌یاڵی ده‌سه‌ڵاتداره‌كاندا له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، كه وێنایه‌ك له زه‌یییاندا رووست بووه و خستوونیه‌ته سه‌ر بڕوایه‌ك كه ژیان له سیایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندا فه‌زیله‌تێكه به هاونیشتیمانییان به‌خشراوه، بۆیه ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یڵێن وه‌ك به‌شێك له پیرۆزی ده‌سه‌پێنرێت و ئه‌وه‌ی ئه‌وان بیری لێده‌كه‌نه‌وه، له زه‌ینی خۆیاندا به‌شێكه له نه‌خشه رێی ژیان، ئه‌مه‌ش وایان لێ ده‌كات، گوێ به ناڵه‌ی كه‌س نه‌ده‌ن و گوێ بۆ كه‌س نه‌گرن، ئه‌ڵبه‌ت درووست بوونی ئه‌و بڕوایه‌ش به ده‌ر نیه له‌و وێنا خه‌یاڵییه درۆزنانه‌ی كه راوێژكار و عاقڵه‌كانی ده‌وروبه‌ری ده‌سه‌ڵاتداره‌كان بۆ ژیان درووستی ده‌كه‌ن، غه‌فڵه‌تگیری ئه‌و سه‌ركردانه‌ش له ئاستێكدایه، ناتوانن راستی و نا راستی ئه‌و دنیا خه‌یاڵییه درۆزنانه ببینن، ئه‌م رۆحییه‌ته‌ش به‌بێ جیاوازی له ناو بیركردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌می سه‌ركرده سیاسییه فه‌رمانڕه‌واكانی خۆرهه‌ڵڵات به گشتی و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به تایبه‌تی بوونی هه‌یه.
غروری سیاسی له‌لای ئۆپۆزسیۆنه‌كانیش له‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، كه ئه‌وان توشی وه‌همی فریادڕه‌سی ده‌بن، پێیانوایه ئه‌وان فریادره‌سێكن بۆ رزگاركردنی مرۆڤه‌كان هاتوون، چه‌پڵه‌رێزان و هوتافكێشان و كۆبوونه‌وه له ده‌وری هوتافه‌كانییان و هه‌ندێكجاریش كه به‌شێك له‌و ئاپۆرایانه وه‌ك جه‌نگاوه‌ر ئاماده‌ن خۆیان به كوشت بده‌ن بۆیان، ئه‌م دۆخه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی به‌ره‌و غروریان ده‌بات، هه‌ر له چركه‌ساتێكدا ره‌نگه شۆڕشێكی چه‌كداری رابگه‌یه‌نن، به‌ڵام بێ‌ئاگا له‌وه‌ی كه هه‌موو سیاسییه‌كان بونه‌وه‌ره شه‌ڕانییه‌كانی ناخییان باڵاده‌ستره به‌سه‌ر شعورییاندا، لێره‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، درووستبوونی ئاپۆراكان، بناغه‌یه‌ك بۆ بیناكردنی سته‌مكاری داده‌نێن.
درووستبوونی غروری سیاسی ده‌بێته هۆی درووستبووتی سته‌مكاری و درووستبوونی دوو به‌ره‌ی جیاواز له‌یه‌ك، دووبه‌ره كه له رووی ژیان و گوزارشت و بیركردنه‌وه و تێگه‌شتنیان لێكجیاوازن، بۆیه ئه‌م دوو به‌ره‌یه‌ش كۆمه‌ڵگه دابه‌ش ده‌كه‌ن له نێوان جه‌للاد و قوربانیدا، كه به‌شێوه‌یه‌ك مرۆڤ ئه‌گه‌ر له نێوان ئه‌و دوو به‌ره‌یه‌دا سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵبژیێرێت و نه‌بێته به‌شێك له هیچ كام له‌و دوو به‌ره‌یه ده‌بێته قوربانی، كه ئه‌مه‌ش رووه تراژیدیه‌كه‌ی ژیانه له خۆهه‌ڵڵاتی ناوه‌ڕاستدا.
هه‌ر كه‌سێك رۆمانی (تاوان و سزا)ی (دۆستۆفسكی) خوێندبێته‌وه، تێكه‌ڵ به دنیایه‌ك ده‌بێت، كه جه‌للاد و قوربانی پێكه‌وه دۆخێك درووست ده‌كه‌ن پڕ له ترس و خورپه و كوشتن و په‌شیمانی، قوربانییه‌ك زه‌حمه‌ت و بارگرانییه‌كانی ژیان ده‌یكات به جه‌للاد و دوو قوربانی تریش هه‌ن، یه‌كه‌مییان به‌هۆی سه‌رمایه‌وه و دووه‌میشییان به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه تاوانه‌كه‌ی بینیوه ده‌بێته قوربانی، ئه‌مه ئه‌و وێنایه‌یه كه ئێمه ده‌توانین لێیه‌وه ئاشنای لایه‌نه سایكۆلۆژییه‌كانی مرۆڤی خۆرهه‌ڵڵاتی ببین، مرۆڤی خۆرهه‌ڵڵاتی له دۆخێكدایه ده‌توانرێت له كه‌مترین كاتدا، هه‌م بكرێنه قوربانی و هه‌میش بكرێن به جه‌للاد، چونكه سروشتی ژیان له زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه خۆرهه‌ڵڵاتییه‌كاندا، له سكه‌ی خۆی لایداوه و مرۆڤی له جه‌وهه‌ری خۆی داماڵیوه، ئه‌م داماڵینه‌ش ده‌روازه ده‌كاته‌وه، به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌ك كه تا راده‌یه‌ك مرۆڤ له مرۆڤبوون بخرێت و زیاتر له دۆخی رۆبۆتبوون نزیكی بكاته‌وه و وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی پرسیاركه‌ر كۆتایی به وه‌زیفه‌كه‌ی بهێنێت و وه‌ك كرێكارێكی ئایدۆلۆژیا، كار بۆ سه‌ركارێك ده‌كات، كه هه‌موو به‌رهه‌مێكی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیایه‌كی دیاری كراوه.
(دۆستۆفسكی) له رێگه‌ی (راسكۆلنیكۆف) پاڵه‌وانی رۆمانی (تاوان و سزا) وێنای شڵه‌ژانه سایكۆلۆژی و رۆحییه‌كانی مرۆڤێكمان بۆ ده‌كات، كه ناچاری ژیان، گوزه‌رانی سه‌خت، قه‌رزاری، ده‌یكاته جه‌للاد به‌سه‌ر دوو كه‌سی تره‌وه، یه‌كه‌مییان پیره‌ژنێكی پاره‌داره به ناوی (ئه‌لێنا ئیڤانۆڤنا)، كه بۆ هه‌ندێك ده‌ستكه‌وتی ماددی تا له میحنه‌ته‌كانی ژیان رزگاری بكات به ته‌ور ده‌یكوژێت و له ناو سندووقه‌كه‌یدا كه له ژێر ته‌خته‌ی خه‌وتنه‌كه‌ی حه‌شاریداوه، هه‌ندێك خشڵ و ئاڵتوون و پاره‌ی ده‌ست ده‌كه‌وێت، دووه‌میشییان (لیزاڤێتا ئیڤانۆڤنا)ی خوشكه شۆخ و شه‌نگ و جوانه‌كه‌ی ئه‌م پره‌ژنه‌یه.
دووه‌م قوربانی ده‌ستی (راسكۆل نیكۆف) وێنایه‌كی تراژیدیی تر ده‌دات به‌و قه‌سابخانه‌یه‌ی درووستی كردووه، چونكه (لیزاڤێتا ئیڤانۆڤنا)ی شۆخ و شه‌نگ، نه تاوانی كردووه تا تۆڵه‌ی لێبكرێته‌وه، نه خاوه‌نی سه‌رمایه‌شه تا چاوی ته‌ماح (راسكۆل نیكۆف) كوێر بكات و وه‌ك خوشكه پیره‌كه‌ی بیكوژێت، به‌ڵكو ته‌نها پاساوێك بۆ كوشتنه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه، كه له پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای كوشتنه‌كه‌ی، ته‌رمی خوشكه پیره‌كه‌ی و سیمای جه‌للاده‌كه ده‌بینێت، واتا ئه‌و شاهێدی بینینی تاوانێكه، ئه‌مه ته‌نها پاساوێك بوو بۆ (راسكۆل نیكۆف) تا بۆ شاردنه‌وه‌ی تاوانه‌كه‌ی پێشووی و به‌بێ ئه‌وه‌ی كچه جوانه‌كه هیچ به‌رگرییه‌ك بكات و هیچ ده‌نگێكیش هه‌ڵبڕێت، له هه‌مانكاتدا به‌بێ ئه‌وه‌ی (راسكۆل نیكۆف) مه‌ودای بیر كردنه‌وه‌ی هه‌بێت له كوشتنی قوربانی دووه‌م، به ئاسانی ته‌وره‌كه‌ی ده‌ستی به‌رز ده‌كاته‌وه و لێده‌چێته پێش، تا ئه‌و له حزه‌یه‌ش (لیزاڤێتا ئیڤانۆڤنا) به‌هۆی بینینی ته‌رمی خوشكه‌كه‌ی له ناو تاسانێكی كوشنده‌دا جگه له تێڕامان له‌و دیمه‌نانه، توانای هیچ شتێكی تری نیه، چونكه تێكچوونی باری سایكۆلۆژی، هه‌موو شتێكی لێسه‌ندۆته‌وه ته‌نها بینین و تاساندن نه‌بێت، تا ئه‌و كاته‌ش ته‌وره‌كه به‌ر ناوچاوانی ده‌كه‌وێت هه‌ر سه‌یری سیمای قوربانییه جه‌للاده‌كه‌ی به‌رانبه‌ری ده‌كات.
له كۆمه‌ڵگه‌ی خۆیشماندا ئه‌گه‌ر به‌دواداچوون بكرێت، ره‌نگه نموونه‌ی قوربانییه‌كانی وه‌ك (لیزاڤێتا ئیڤانۆڤنا)، زۆر بن، ئه‌م نموونه‌ی قوربانییان ئه‌گه‌رچی وه‌ك كاره‌ساتێك كه مرۆڤێك ده‌كوژرێت ده‌مانهه‌ژێنێت، به‌ڵام رووه تراژیدیاكه‌ی ئه‌وه‌یه كه مرۆڤێك له پێناو شاردنه‌وه‌ی تاواندا ده‌كوژرێت، مرۆڤێك ئه‌گه‌ر نه‌كوژرایه داستانێكی پێ بوو بۆ ئاشكرا كردنی چیرۆكی تاوانێك.
(لیزاڤێتا ئیڤانۆڤنا) تاوانێكی دیوه و هۆشی له وه‌ستاندایه، واقوڕماوی به دیار ته‌رمی كه‌سێكی خۆیی و سیمای ترسناكی جه‌للادێكه‌وه دانیشتیووه و كاره‌ساته‌كه بۆ ئه‌و ئه‌وه‌نده جه‌رگ بڕه كه له زمانی خستووه و هێزی ده‌سته‌كانیشی لێبڕیووه، ته‌نها وه‌ك ئاماژه‌یه‌كی ساردوسڕیش ده‌ست به‌رز ده‌كاته‌وه له‌به‌رانبه‌ر ته‌ورێك كه ناوچانی ده‌كات به دوو به‌شه‌وه، كه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و داستانه نه‌گاته گوێ ئه‌وانی تر، له چركه ساتێك‌دا ده‌كوژرێت.
(دۆستۆفسكی) له‌و وێنا تراژیدییه‌دا، راڤه‌ی نموونه‌یه‌ك له تاوان ده‌كات، كه هه‌م بكه‌ره‌كه‌ی قوربانییه و هه‌میش كوژراوه‌كانیش قوربانیین، ئه‌مه نموونه‌یه‌كه له هه‌زاران حیكایه‌ت، كه تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامن و هه‌ر به شاراوه‌ییش ماونه‌ته‌وه، چونكه نموونه‌ی له‌و شێوه‌یه مرۆڤ ده‌خاته دۆخه‌كه‌وه كه بیر بكاته‌وه و راڤه‌ی راستییه نادیاره‌كان بكات، كه چۆن داستانه‌كان له رێگه‌ی كوشتنه‌وه ون ده‌كرێن، (دۆستۆفسكی) له رێگه‌ی گه‌نجێكه‌وه ئه‌و وێنایامان پێ‌نیشان ده‌دات، به‌ڵام حیكایه‌تی ئه‌و گه‌نجه نمونه‌یه‌كه بۆ خستنه‌ڕووی حه‌قیه‌تێكی شاراوه، بۆیه ئه‌و دیمه‌نه مرۆڤ به خۆیه‌وه سه‌رقاڵ ده‌كات، كوشتن له پێناو شاردنه‌وه‌ی كوشتنێكی دیكه، تاوان له پێناو شاردنه‌وه‌ی تاوانێكی دیكه، كه ئه‌م نمونه‌یه ته‌نها په‌یوه‌ست نیه به كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیاری كراوه‌وه، به‌ڵكه نموونه‌یه‌كه زیاتر دیوه‌كه‌ی تری مرۆڤ ده‌رده‌خات، دیوه شاراوه شه‌ڕأنییه‌كه‌ی، ئه‌گه‌رچی له‌و نموونه‌یه‌دا وێنا شه‌ڕانیی و دڵره‌قییه‌كه‌ی تاوانكارێكمان پێ نیشان ده‌دات، به‌ڵام (دۆستۆفسكی) ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت، زۆربه‌ی جه‌للاده‌كانیش قوربانین.
لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه له گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م رووداوه‌دا، ئێمه مه‌به‌ستمان چیه، بۆ ده‌مانه‌وێت له باره‌ی قوربانییه جه‌لاده‌كانه‌وه بدوێین و ئه‌م دۆخه‌ش ببه‌ستینه‌وه به كۆی ئه‌و سیسته‌مانه‌ی كه خۆرهه‌ڵڵاتی ناوه‌ڕاست و كوردستانی خۆیشمانی پێ به‌ڕێوه ده‌برێت؟ كه ئه‌مه پرسیاره گرنگه‌كه‌یه.
سیاسه‌ت له وڵاتی ئێمه‌دا دۆخێكی دژواری درووست كردووه و هیچ مانایه‌كی بۆ هاونیشتیمانی بێلایه‌ن نه‌هێشتۆته‌وه، فه‌زایه‌كی گشتیی كه مرۆڤ بتوانێت بڵێت له‌و فه‌زایه‌دا موناقه‌شه هه‌یه له باره‌ی بوون و ژیان و بێلایه‌نی و مانه‌وه و به‌ده‌وامی و سیاسه‌ت و فه‌رمانڕه‌وایی، بوونی نیه، مرۆڤ له خواری هه‌موو شته‌كانه‌وه‌یه، چه‌سپاندنی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌فسانه‌یه، لایه‌نی رۆحی تیاچووه، هونه‌ر به مانا گشتییه‌كه‌ی ته‌نها نوزه‌یه‌كی ماوه، بیركردنه‌وه كاڵ بۆته‌وه، ئه‌ده‌ب به‌ره‌و فه‌وتان ده‌چێت، فیكر جینۆساید كراوه، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌م نیشتیمانه‌ی ئێمه‌دا، هاونیشتیمانییان هه‌موویان بونه‌ته قوربانی دۆخێكی دژوار، كه سیاسییه‌كان به‌بێ جیاوازی لێبه‌رپرسیارن.
ئه‌گه‌ر ئه‌و باسه‌ی كه له رۆمانی (تاوان و سزا)ی (دۆستۆفسكی) هه‌ڵمانبژارد بیكوردێنین، تێده‌گه‌ین ئێمه وه‌ك هاونیشتیمانی رۆڵی هه‌مان كاراكته‌ری (لیزاڤێتا ئیڤانۆڤنا)مان هه‌یه، چونكه سیاسییه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه پێكه‌وه وه‌ك ئه‌و هێزه‌ی پشته‌وه‌ی (راسكۆل نیكۆف)، كه لایه‌نی سایكۆلۆژی تێكده‌ده‌ن و پاڵی ده‌نێن به‌ره‌و تاوانێك ده‌رده‌كه‌ون، واته سیاسییه‌كان به هه‌موو جیاوازییه ئایدیۆلۆژییه‌كانییانه‌وه، پێكه‌وه ده‌بنه بازوویه‌ك و له پێناو دزینی كه‌لوپه‌لی ناو سندوقێك هه‌موو شتێك له ناو ده‌به‌ن و سندووقه‌كه‌ش تاڵان ده‌كه‌ن، ئه‌وكاته ئه‌گه‌ر هاونیشتیمانی شعوری بۆ بگه‌ڕێته‌وه و به‌و تاڵانكارییه بزانێت، ئه‌وا سیاسییه‌كان به‌رنامه داده‌ڕێژن بۆ سه‌رقاڵ كردنیان به‌یه‌كه‌وه و دۆخێك درووست ده‌كه‌ن، كه هاونیشتیمانیان دابه‌ش ده‌كه‌ن و به‌گژی یه‌كتریاندا ده‌كه‌نه‌وه، واته سیاسییه‌كان خۆیان به دوور ده‌گرن له ئه‌نجامدانی كوشتن و ئه‌و كاره ده‌ده‌نه ده‌ست هاونیشتیمانییان تا خۆیان ئه‌نجامی بده‌ن، به بڕوای من وه‌ك چۆن هاونیشتیمانی قوربانییه، ئاواش ئه‌و وه‌سائیلانه‌ی كه به ده‌ست سیاسییه‌كانه‌وه‌ن بۆ جێبه‌جێ كردنی به‌رنامه‌كانییان و به كۆمه‌ڵێك مرۆڤ جێبه‌جێی ده‌كه‌ن ئه‌وانه‌ش قوربانین، چونكه به‌شێك له‌و كه‌سانه نه‌هامه‌تییه‌كانی ژیان، تێكچوونی باری سایكۆلۆژی، شۆردنه‌وه‌ی ده‌ماغ، نه‌بینیی حه‌قیقه‌ت له شوێنی دیكه و كۆمه‌ڵێك فاكته‌ری دیكه وای لێكردوون، كه خۆیان له‌و دۆخه‌دا ببینن، ئه‌مه‌ش دیاری ده‌ستی سیاسییه‌كانه، چونكه سیاسییه‌كان ئامانجیان به كۆیله كردنی هاونیشتیمانییه، سیاسییه‌كان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه حه‌قیقه‌تییان لایه، به‌ڵام ئه‌وان هیچ كاتێك حه‌قیقه‌تییان لا نیه، به‌ڵكه به پێچه‌وانه‌ی حه‌قیقه‌ت ده‌ڕۆن، سیاسییه‌كان هه‌میشه بیر له دیل كردنی مرۆڤ ده‌كه‌نه‌وه، سیاسییه‌كان له رێگه‌ی به‌كارهێنانی هاونیشتیمانییه ساده و لایه‌نداره‌كانه‌وه، كار بۆ دزینی كه‌لوپه‌لی ناو سندووقه‌كه ده‌كه‌ن، سیاسییه‌كان له رێگه‌ی هاونیشتیمانییه ساده‌كانه‌وه ده‌یانه‌وێت به‌رنامه ئایدیۆلۆژییه‌كانی خۆیان بسه‌پێنن، بۆیه له‌و كاته‌دا به‌شێكی زۆری هاونیشتیمانی ده‌بنه قوربانی نیازی سیاسییه‌كان، كه هه‌موو نیازه‌كانیشیان باڵاده‌ستییانه به‌سه‌ر سه‌رمایه‌ی گشتییه‌وه، كه من به سندووقه‌كه‌ی (ئه‌لێنا ئیڤانۆڤنا) ناوی ده‌به‌م.
دزینی كه‌لوپه‌له‌كانی ناو ئه‌و سندووقه‌ش، ئه‌و مه‌رگه‌ساته درووست ده‌كات كه زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كانی خۆرهه‌ڵڵاتی ناوه‌ڕاست به كوردستانی خۆیشمانه‌وه پێوه‌ی ده‌ناڵێنن، چونكه هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان به‌بێ جیاوازی، به ده‌سه‌ڵات و به ئۆپۆزسیۆنه‌وه شعورێكیان بۆ درووست بووه، كه هه‌موو شتێك بخرێته لاوه، مافی هاونیشتیمانی په‌راوێز بخرێت، مرۆڤ وه‌ك سه‌رمایه‌یه‌كی باڵا بچوك بكرێته‌وه بۆ كاڵای بازرگانی پێوه كردن، چونكه باس كردن له مافی هاونیشتیمانی و چاكسازی و به‌رگریكردن له شه‌رعییه‌ت، كه ئه‌م شیعارانه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنه‌وه به‌كار ده‌هێنرێت، ته‌نها بۆ بازرگانییه به رۆحی هاونیشتیمانییه‌وه، سیاسییه‌كان جگه له موزایه‌ده كردن به‌سه‌ر یه‌كه‌وه، جگه له سه‌رلێشێواندنی هاونیشتیمانی هیچی تر نیه له باوه‌ڕیاندا بۆ خزمه‌تكردنی هاونیشتیمانی، شعووری سیاسی ته‌واوی هێزه سیاسییه‌كان، زیاتر به‌لای بازرگانییه‌وه‌یه به رۆحی هاونیشتیمانییه‌وه، نه‌ك گۆڕانكارییه‌كی جه‌وهه‌ری، كه‌واته هه‌موویان به‌شدارن له‌م سته‌مكارییه‌ی كه ئێستا له هه‌رێمی كوردستان باڵاده‌سته، ئه‌و سته‌مكارییه‌ی كه نه‌ك ته‌نها له سیسته‌می حكومڕانیدا باڵا ده‌سته، به‌ڵكه بۆته به‌شێك له په‌روه‌رده‌ی خه‌ڵك و له ناو خوێنی به‌شێكی زۆری هاونیشتیمانییانیشدا ره‌گی خۆی داكوتاوه.
Facebook: rebwar raza chuchani