تایبه‌ت: نوچه‌نێت
ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی باڵای رێفراندۆم رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ڵمه‌تی فراوان بۆ پشتگیری له ریفراندۆمی خه‌ڵكی كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌ستپێده‌كات و ده‌شڵێت “كاتی هه‌ڵمه‌ته‌كه دیاری ده‌كرێت”.
ڕۆژی 7/6/2017 مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به ئاماده‌بوونی سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسی و پێكهاته‌كانی كوردستان بێجگه له ( گۆڕان و كۆمه‌ڵ) بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان درا و هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به مه‌رسومێكی هه‌رێمی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕا‌سپێردرا، ئاماده‌كاری پێویست بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمه‌كه بكات.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، عه‌بدوڵڵا وه‌رتێ، ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای ریفراندۆم و ئەندامی سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی، سه‌باره‌ت به كاتی ده‌ستپیكردنی هه‌ڵمه‌تی راگه‌یاندنی لایه‌نه به‌شداره‌كانی ناو پرۆسه‌ی ریفراندۆم بۆ پشتیوانی کردنی رایگه‌یاند: بڕیاره ئەمڕۆ سێشه‌ممه 12/9/2017 به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی سه‌رجه‌م لایه‌نه به‌شداره‌كانی ناو ئه‌نجومه‌نی باڵای ریفراندۆم، به مه‌به‌ستی دیاریكردنی كاتی ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی سه‌رجه‌م حزبه‌كان بۆ پشتیوانی پرۆسه‌ی ریفراندۆم كۆببنه‌وه.
عه‌بدوڵا وه‌رتێ ده‌شڵێت، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیار له كاتی ده‌ستپیكردنی هه‌ڵمه‌تی یه‌كگرتووی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی ریفراندۆم بدرێت.
سه‌باره‌ت به ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای ریفراندۆم له‌گه‌ل پێكهاته‌كانی كه‌ركوك وه‌رتێ گوتی، ئاگاداری ئه‌وه نیم، ئەمڕۆ دیاری كرابێت بۆ كۆبونه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای ریفراندۆم له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی پارێزگای كه‌ركوك.