نوچەنێت
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بە نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی راگەیاندووە، گشتپرسی لە کاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 11ـی9ـی2017 مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له سه‌لاحه‌دین پێشوازی له یان كۆبیش، نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق كرد.
بەپێی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، له دیدارێكدا بارودۆخی سیاسی عێراق و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له ئێستا و ئاینده‌دا تاوتوێكران.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ئاماژه‌ی به بۆچوون و تێبینیه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كردووە، له‌باره‌ی گشتپرسی و گفتوگۆكانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا.
هاوکات بارزانی ئه‌وه‌ی بۆ یان كۆبیش دووپاتكرده‌وه، كه “بڕیاری ئه‌نجامدانی گشتپرسی، بڕیاری گه‌لی كوردستانه و مافێكی یاسایی و ئاسایی خه‌ڵكی كوردستانه و له كاتی دیاریكراوی خۆیدا پرۆسه‌كه به‌ڕێوه‌ده‌چێت”.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووە، كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێ له پاراستنی سه‌قامگیری و پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یی له هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه.