
لەیادی یەکێتیدا سڵاو لە بەنگلادیش سڵاو لە فلیپین
بنار هيدايت
ئەمرۆ یادی 37 ساڵ بەسەردامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان تێ دەپەرێت ، وێرای پیرۆزباییم بۆ ئەو حزبە و كادر و ئەندامەكانی، بەڵام چ پێویستە بۆ یادێك كە هەموو كوردێك دەزانێت یەكێتی چۆن دروست بوە و چۆن خەباتی چەكداری دەست پێكردوە و چۆن و سەدان چۆن و بۆ و ئەو شتانە، بۆ دەبێت یەكێتی وەك بەعس یادی حزبەكەی بكاتەوە ، بە هەڵدانی تەڵقە تەنورە و ڕاكە ڕاك بەسەر شەقام و هۆڕین و چەند شتێكی تر كە تەنها لە یادی لەدایك بونی سەدام و حزبی بەعس و یوم القادسیە و پیرۆزیەكانی حزبی بەعس بەرچاومان كەتون و گوێمان پێی زرنگاوەتەوە ، دڵنیام كە ئەم یادە سەدان ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كراوە و ناشكرێت بپرسین بۆ ئەو پارەیە كە ڕوون و ئاشكرایە موڵكی میللەتە بۆ سەرف بكرێت ، یا چ پێویستە لە یادی حزبێكدا سەرف بكرێت ، ئەمە لەكاتێكدایە كە شارەكانی كوردستان پێویستیان بە نەخۆشخانە و قوتابخانە و خوێندنگایە ، پێویستی بە دەستی ئاوەدانیە.
تەنها پرسیارێكم لا ڕوون نیە ، لە یادی یەكێتی چەند ماڵە شەهید بەسەر كرانەوە و دەستی هاوكارییان بۆ درێژ كرا ، چەند كەمئەندامی سەنگەر و پێشمەرگەی دێرین خەڵات كران ، چەند كوڕ و كچی شەهید هاوكارییان بۆ دابین كرا ، باشە هەڤاڵان ئەم پارەیە ئەگەر لە شەهید و كەم ئەندام و خانەوادە سەربەرزەكانی یەكێتی سەرفبكرایە نەك بە كڕینی هەزارەها پەڕۆی سەوز و تەڵقە تەنورە و بەنزین تێكردن بۆ ئۆتۆمبێلی برادەران بۆ فڕكە فڕكی سەرجادە باشتر نەدەبوو ، ئایا لە یادی یەكێتی چ شتێكی جدی كرا كە منێكی هاوڵاتی دڵخۆش بم بە ئایندەی یەكێتی،
هەرچەندە هیچ كام لە حزبە سیاسیەكان لە یادكردنەوەی حزب و بۆنەكانیان بەعس ئاسا ئاهەنگ دەگێڕن. بەڵام لەم كاتەدا یادی یەكێتی بو. بۆیە نیشانەی پرسیار دەبێت لەسەر یەكێتی دروست ببێت
پێویستە بڵێن سڵاو لە بەنگلادیش سڵاو لە فلیپین بۆ گەرم كردنی ئاهەنگی حزبە سیاسیەكان.