قادر نادر لە گروپی ١٧ی شوبات:پارتی ویەکێتی لەولاتی سوید کەمترین بەروبومیان هەیە بەس خەریکی ئاهەنگ و قسەو قسەلۆکن

0

قادر نادر لە گروپی ١٧ی شوبات:

سەرەتا خەڵکێکی زۆر لەگەڵمان بوو وایان دەزانی ئەو دەسەڵاتە دەڕوخێت کەزانی ناڕوخێت پاشەکشەی کرد

پارتی ویەکێتی لەولاتی سوید کەمترین بەروبومیان هەیە بەس خەریکی ئاهەنگ و قسەو قسەلۆکن

هەموو کەس بەرگەی ئەوە ناگرێت شەڕی ئەو دەسەڵاتە بکات

رزگار رەزا چوچانی . سوید

قادر نادر کوردێکی چالاکە لەسوید، لەچەندین گروپ و رێکخراوی مەدەنی کاری کردووە و ئێستا لە گروپی ١٧ی شوباتە، کە دوای خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتی کوردستان لە سوید دروست بوو، ئەو گروپەی سەرچاوەیەک لەحکومەتی کوردستان لە راپۆرتێکی پێشوودا وای باسکردن. “دژە حکومەتی هەرێمی کوردستانن”، خۆشیان خۆیان لە لوتکەی دڵسۆزی کوردستاندا دەبینن، لەم دیمانەیەدا نادر لەکارەکانی ئەو گروپە ئەدوێت و ئامانجەکانیان روون دەکاتەوە.

نوچەنێت: گروپی ١٧ی شوبات بۆچی دامەزراو ئامانجتان چییە؟.

قادر نادر:  لە تاوانی  ١٧ی شوبات کۆمەڵێک کەسی چالاک کە بەبیروبۆچونی جیاوازی  سیاسی پارتەکانی دەرەوەی دەسەڵات و کەسایەتی سەربەخۆو چەند کارو چالاکیەکمان ئەنجامدا، بێ هیچ ناوێک، بەڵام پێشوتریش کارو چالاکیمان بەیەکەوە ئەنجام دابوو، دژ بەپێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ، بەڵام بەهۆی درێژ خایەندنی نارەزایەتیەکانی خەلکی کوردستان، بەپێویستمانزانی بەناوێکەوە کار بکرێت، ئەوەبوو دوای ماوەیەک کۆبۆنەوەمان کرد و هەمومان کۆک بوین کەبەناوی گروپی ١٧ شوبات درێژە بەکارەکان بدەین بۆ ئەوەی ئەو تاوانەی پارتی زیاتر بناسرێ و لەهزری خەڵک بمێنێتەوە، بەڵام ئەم گروپە تائێستاش نەڕیکخراو نەبەرنامە و بەرپرسیارەتی بۆ ئەندامانی هەیە، بەکۆمەڵ کاردەکەین ئەوەندەی بتوانین لەگەڵ یەک.

نوچەنێت: ئەوکارانەی کردوتانە لەگەڵ دەرەوەی کۆمەڵی کوردی، چی بوون، بۆ نمونە چەند جارێک لەگەڵ سویدیەکان دانیشتوون، تاکوێ رۆشتون و چیتان پێ گەیاندوون؟.

قادر نادر: زیاتر قورساییمان لەسەر بە دیموکراتیزەکردنی کوردستانە، دژایەتی ناعەدالەتی کۆمەڵایەتیە، دژی تیرۆر و زەبروزەنگین هەوڵمان داوە ئازارەکانی خەلکی کوردستانیان پێ بگەینین .  بەڵام لەمەسەلە نیشتیمانیەکانیشدا رۆڵمان هەبووە، بۆ نمونە لەباری هێرشی ئێران و تورکیا  لەمانگی ٧ رابردو پەیوەندیمان پیوە گرتوون و تاوانەکانی ئەو ووڵاتە داگیرکەرانەمان بەسویدیەکان گەیاندوە .   بەواتای ئێمە داکۆکی لەمافی ئازادی خەلکی کوردستان دەکەین، ئیتر دەسەڵاتی کوردی یان داگیرکەر ئەنجامی بدات.

نوچەنێت: ئەمە کاری ئێوە دەبێت بۆ ئایندە، بەڵام پێشتر ئێوە چەند جارێک لەگەڵ پەڕلەمانی سوید کۆبونەتەوە، پانێڵ دانیشتن و سیمینارتان سازکردووە، وەک راتانگەیاندووە هەموو بۆ ئەوە بووە لایەنە خراپەکانی حکومەتی هەرێم بەدەرەوە پیشان بدەن، وەک دژایەتی ئەو حکومەتە؟. ئەو خراپەکارییانە چین کە ئێوە باستان کردووە؟.

قادر نادر: پێم سەیرە دەڵێی لایەنە خراپەکان یان  دژایەتی حکومەتی هەرێم، تۆ رۆژنامەنوسی و لەسوید دەژی ، بۆناڵێی بۆ پێشگرتن لەتاوانەکانی دەسەڵات بەرامبەر مافی هاوڵاتیان لەئازادی رادەربڕین و بەرتەسک نەکردنەوەی دیموکراسی و سنوردانان بۆ گاڵتەکردن بەیاسا و بەکارهێنانی لەخزمەت حزبدا لەدژی رەخنەگرەکانی …. ئەوەی واشی کردوە کەقورسایی کارەکان لەسەر ئەوە کۆبکەینەوە بەداخەوە دەسەڵاتی کوردیە، دەیەوێت درێژە بەملهوری سیاسی و ئیداری خۆی بدات و تاسەر دەسەڵات و داهاتەکەی بە زۆرەملێ لەخزمەت دوو بنەمالە بەکاربهێنێ نەوەک گەل.

هاوکات نیگەرانین کەلەناو هەزاران ڕٶشنبیر و ناوەندو پارت کەبەرنامەو بانگەشەی هەموان داکۆکی لەمافی مرۆڤ و ئازادی رادەربرینە، بەڵام لەئاستی پڕاکتیکی و پێشێلکاریەکانی ئەم دەسەڵاتە بێدەنگ یان شەرمنانە رەخنە دەگرن . بۆیە مافی خۆمانە بەگومانەوە سەیری راستگۆیی هەموو ئەولایەن وکەسایەتیانە بکەین، کاتێک تاکی کورد روبەروی گرتن و تیرۆر و ئەشکەنجە دەبێتەوە، بێدەنگە؟ ئاخر چ جیاوازیەک لەنیوان   لەسێدارەدانی لاوانی کورد لەرۆژهەلاتی کوردستان لەگەڵ تیرۆری ڕۆژنامەنوسان  لەلایەن دەسەڵاتی کوردی هەیە بۆ خەڵکانێک  بانگەشەی ئەوەبکەن ، چاودیری مافی مرۆڤن؟ دواتر کێ بەئاستی ئیمە نامە و یاداشت و تاوانەکانی تورکیا و ئیران بەبەردەوامی دەداتە  وەزارەتی دەرەوەی سوید و بەرپرسانی پارتەکان لەپەرلەمانی سوید ؟

ئەوەندەی من ئاگاداربم پارتی ویەکێتی لەولاتی سوید کەمترین بەروبومیان لەوناوەندانە هەیە ، خۆت دەبینی بەس خەریکی ئاهەنگ و قسەو قسەلۆکن، کوا لەکوێ سیمنار و کۆنفرانس و چالاکیەکی نەتەوەیان ئەنجامداوە، ئێمە هێزێکی رەخنەگرین لەو وڵاتەش تۆ لێی دەژی خەڵکی رەخنەگر و ئۆپۆزسیۆن بەدوای کەموکورتیدا دەگەڕێت، ئەو مۆدیلەش نەماوە کەتۆ رەخنەت گرت واتە دژایەتیت کردووە، لەو وڵاتەدا هەزاران کەس هەیە ئەندامی ئەمنستی یە، سەنگەر لەوڵاتەکەی خۆی دەگرێت و رسوای دەکات لەهەموو دنیادا.

نوچەنێت: یانی دەکرێت بڵێین ئێوەش دەتانەوێ حکومەتی هەرێم رسوا بکەن، لەهەموو دنیا؟.

قادر نادر: بەپێچەوانەوە  ئێمە  دەڵێین کار لەسەرنەمانی  دیاردەی قێزەون دەکەین،  ئیتر تۆ پێت رسوا کردنە ئێمە پێمان وایە داکۆکیە لەمافی خەلکی کوردستان  ، بەپێچەوانەوە ئێمە پێمان وایە ئەوان  دامو دەزگا حکومیەکانیی کوردستانیان رسواکردووە، ئیشی ئێمە فشارە هەتا ئەو رسوابونە کاڵبێتەوە، یان کەمبێتەوە، بەرپرسانی پارتی ویەکێتی نەشەرم نەترسیان لەیاداشت و رەخنە بەزمانی کوردی نیە بەلام یەک پەرلەمانتاری  ئەورپی وناوەندێکی جیهانی رەخنەیان لێ بگرێت  حسابی بۆ دەکەن ، بەڵام بەهەزاران یاداشت و نامە و پارانەوە لەلایەن هەزاران تاکی کوردەوە ئاراستەیان دەکرێت، ئەوەندە بەرپرسی  بێ ڕیزن هەر وەڵامیش نادەنەوە؟ دواتر مرۆڤە ئازادیخواز و داکۆکیکارەکانی مافی مرۆڤ ، نەسنوری جوگرافی دەناسێ، نە دەشتوانی بە پاساوی ئەوەی  لەکەداری دەسەلاتی وولاتەکەم دەکرێت، بێدەنگ بێت و بڵێت بکوژە و ئەشکەنجە بدە من قسە ناکەم . ئەوا خەڵک و ڕۆژنامەنوسان دەبێت لەو بەرپرسانەی بپرسن کەبەورەفتارە مەترسیدارەیان، چۆن کێشەی کوردیان لەناوەندە سیاسی و مرۆڤ دۆستیەکان ناشیرین کردوە، ئەمە ناپاکیەکی نەتەوەیانە  کەبەرامبەر خەلک ئەنجامی دەدەن ، کەلەبری ئەوەی دۆست بۆ گەلەکەمان زیاد بکەن و وێنەیەکی جوان نیشان بدەن، کەچی ئەمڕۆ دەسەڵاتی کوردی  بۆتە دەسەڵاتیکی سەختەکار لەدەنگدان و ئازارو ئەشکەنجەی رۆژنامەنوسان و نەبونی یاسا و  کوشتنی ژنان و داهات دز ی گەل ناسراوە؟ ئێمە ناچارین فشاری دەرەکی بخەینە سەری، ئێستا ناوەندە جیهانیەکان بەشدار دەبن لە سقوتی سیستەمە دیکتاتۆرییەکان، ئێمە دەست بۆ ئەو ناوەندە مرۆڤ دۆستانە دەبەین، خۆ دەست بۆ داگیرکەر نابەین و بەپێش سوپای داگیرکەر نەکەوتوین.

سەرباری ئەوەش لەدوای کۆچ رەوەوی خەڵکی کوردستان١٩٩١ ووڵاتان  لەداکۆکی لەمافی گەلان سنور ناناسن، وەئیستا لەروداوەکانی سوریا ولیبیا  هەمومان دەبینین چۆن بەشدار دەبن لەروخانی ئەو ولاتانەی کە دیکتاتۆرو دژە دیموکراسین، دواتر خۆ ئێمە دەبابەمان  نەهێناوەتە سەر گەلەکەمان و یان دنیایەک فایلدارمان لەشوێنی هەستیاری نەتەوەیی دانەناوە؟.

نوچەنێت: وتت ئەوان بەشدارن لە سقوتی سیستەمە دیکتاتۆرەکان، کەوایە ئیوە دەستیان بۆ دەبەن چیتان لەگەڵ بکەن؟.

قادر نادر: ئێمە داوامان لێکردوون کارمان کردووە فشار دروست بکەن، لەسەر دەسەڵاتی کوردی، داوا لەپارتی و یەکێتی بکەن، واز لەو ئسلوبانە بهێنن، ناوەند جیهانیەکانمان وەک پاڵپشتێکی مەعەنەوی بۆ دەنگەکانی ناوخۆ بەکار هێناوە، خۆ عەمەلییەی موخابەراتیمان بۆ ئەو دەوڵەتانە نەکردووە، ئێمە داوامانکردووە کە فشار بخەنە سەر دەسەڵاتی کوردی کەواز لە گرتن و کوشتن بهێنن، ئەوە داخوازی ئێمە بووە.

نوچەنێت: بەڵام ئەگەر کەسێک بە ئێوە بڵێت لەکاتێکدا کوردستان لەناوچواچێوەی وڵاتانێکی دیکتاتۆرەو دەیەوێ سەرەنجی وڵاتانی دنیا بەلای دەسەڵاتی خۆی رابکێشێت و کارەکانی ئێوە دەچێتە چوارچێوەی نەهێشتی سەرەنجی دروستی وڵاتانی دەرەوە لەسەر کوردستان، یان دروست بونی سەرەنجێکی نادروست لەسەر ئەو وڵاتە، وەڵامتان چییە؟.

قادر نادر: وەک ووتم  ئەوە حزبی کوردییە گەورەترین ناپاکی لەگەڵ موئەسەساتی پەڕلەمانی و حکومی دەکات، ئێمە دەیان پەڕلەمانتارمان لەم وڵاتە کردووتە دۆستی کورد، بەڵام ئەو رەفتارانەی پارتی و یەکێتی وایکردووە ئەو دۆستانە لەکورد بڕەوێنەوە، دەسەڵاتی کوردی کاتێک کەخەڵک تیرۆر دەکات و دەگرێت، پێشێلی مافی مرۆڤ دەکات، ئێمەش نەیگەیەنینە دەرەوە بە ڕێگایەکی تر هەر دەگەیەنرێت، ئەوان ئەگەر دەیانەوێ نمونەیەکی جوان پیشان بدەن دەبێت واز لەو رەفتارانە بهێنن، درێژە دان بەوە وا دەکات لە هەموو ناوەندە جیهانیەکان دوو ئەوەندە کێشەی کورد رسوا بکەن، نەک هەر حکومەت، خودی کێشەکەشیان رسوا کردووە، ئەوان نەیانتوانی نمونەیەکی دیموکراتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشان بدەن، لەهیچ روانگەیەکەوە، کاکە خۆ بەس سوید نیە، هەموو رێکخراوە مرۆڤ دۆستەکان بەردەوام ئیدانەی ئەو دەسەڵاتە دەکەن، بەڵام ئەو هەر واز ناهێنێ لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، ئیدی چ خەباتێکی تر دەکەیت خەلكی کوردستان و ئێمە کام ڕیگا ی مەدەنی نەماوە بەکارمان نەهێنابێ تاواز لەو پێشێلکاریانە بهێنن؟.

نوچەنێت: ئێوە بۆ پێشاندانی رووە خراپەکانی دەسەڵاتی کوردستان، چەند جارێک لەگەڵ دامودەزگاکانی سوید دانیشتوون، ئەو باسانە چین لەگەڵ ئەوان قسەتان لەسەر کردووە؟.

قادر نادر: تۆ لەسوید دەژیت، ئەم وڵاتە بە دیکۆمێنت و بەڵگە قسەت لەگەڵ دەکات، سەرکەوتنی ئێمەش لەوەدا بووە کە بە دیکۆمێنت و بەڵگە قسەمان کردووە، هەرچی تاوانە کە باسکراوە لە ماڵپەڕەکان لە فیلم هەبوبێت و هەبێت، تەسلیممان کردووە، وێنەی کوردستانمان پێشانداوە ئەوەی کە هەیە نەزیاترمان وتووە، نەکەمتر،  هەر ئەوەش بووە وایکردووە کە بۆنمونە رەنگە هیچ بەرپرسێکی کورد نەیتوانیبێت، لەگەڵ بەرپرسی هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی سوید دابنیشێت، بەڵام ئێمە لەگەڵیان دانیشتووین، کەس نەیتوانیوە حەوت حزب لە سیمینارێک کۆبکاتەوە لەئاستی هەرە بەرزیان ئێمە توانیومانە، کە گروپێکین تازە ناسراوین.

نوچەنێت: کەوایە تۆش هاوڕای لەوەی، کە سەرچاوەیەک لە حکومەت دەڵێت کە ئەوەی کردووتانە لەسەر ئەساسی لێدانی حکومەتی کوردستان بووە؟.

قادر نادر: ئەو حکومەتی کوردستان کەی دەستخۆشی لە کارێکی خەڵک کردووە، کەس بەقەد ڕێکخراوی چاک کاری باشی کردووە بۆ کەیسی جینۆساید؟ بڕۆ هەموو میدیای پارتی و یەکێتی سەیر بکە، بزانە رۆژێک لەرۆژان ئیبرازی کارێکیان کردووە؟، ئەو دەسەڵاتە لەهیچ شتێک قایل نیە، دەیەوێت کۆیلەی  بیت تاوانیش بکات کەچی تۆ باسی نەکەی،  ئەوەش بە ئێمە ناکرێت، ئەوان ئارەزوی خۆیانە چۆن لەکارەکانی ئێمە دەڕوانن، ئەو زەمەنە بەسەرچوو،  هەرچی تاوان بکەن دەیگەیەنین خەڵک بێزار بوو لەو قسە ئاست نزم و تۆمەتە سیاسیانە.

نوچەنێت: کەوایە ئێوە هێرش بەربوون بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەیاندنی ئەوەی کە تۆ دەڵێی تاوان، ئەدی حکومەتی هەرێم بەرگری چی بووە؟.

قادر نادر: من ئاگام لەوان نیە، ئەوان بێگومان کاری خۆیان کردووە، نوێنەری یەکێتی دوای ئێمە لەگەڵ هەموو حزبەکان دانیشتووە، وتویانە راست نیە ئەو قسانە وەک هەموو کات قسەکانیان رەتکردووەتەوە، بەڵام تۆ ئەزانی لەم وڵاتە دیکۆمێنت دەخوات، ئێمە بە حزبە سویدیەکان ئەوانەی لەگەڵیان دانیشتوون، یان مەرج نیە دانیشتن بەهەر رێگایەک بێت بەردەوام پێشێلکاریەکان دەیگەیەنین، پێمان وتوون ئەگەر حزبەکوردییەکان هەرچیان وت، داوای دیکۆمێنیتیان لێبکەن، ئێمە کە قسەیان لەگەڵ دەکەین نامەی ئەمینستیان دەدەینێ، نامەی هیومان رایتس ۆچیان دەدەینێ، فیلمی ڤیدیۆییان دەدەنێ، بۆیە داواشمان کردووە کە ئەوان قسەیەکیان کرد داوای بەڵگەیان لێ بکەن.

نوچەنێت: واتە ئێوە بۆ نابوتکردنی حکومەتی هەرێم، بەزمانی بەڵگەو دیکۆمێنت ئەدوێن؟.

قادر نادر: ئێمە دەمانەوێ ئەو حکومەتە  مەدەنی بێت، خۆی نابوتە بەورەفتارانەی ئێستا ئێمە درۆ بەدەمیانەوە ناکەین، چونکە لەمسداقیەتی خۆمان دەدەین و ئەوەش خاڵی سەرەکی گەشە و پێشوازی ئێمەیە، لەئەورپا و کوردستانیش کە خەڵک رەخنە دەگرێت بۆ ئەوەیە ئەو حکومەتە بگۆڕیت  لەرەفتارو  کەسە تاوانبارەکان.  ئەوە پارتی و یەکێتی یە ئەو حکومەتەیان لەو ناوەندە سیاسیانە ئەوەندە  قێزەونکردووە، وایانکردووە دەیان دۆستی کورد لێرە لێت بڕەوێتەوە، نەیانتوانیوە نمونەیەکی جوان پێشان بدەن، دەمەوێت تەئکید لەسەر ئەو خاڵە بکەیتەوە، ئێمە دەمانەوێت کورد دامودەزگایەکی  مەدەنی هەبێت، خەباتی ئێمەش بۆ ئەو ئامانجەیە، بەڵام کە دەسەڵاتێک بەزمانی کوردی تێناگات چی بکەین؟. زیاتر لە ١٥٠٠ ئیمەیل و نامەمان لەماوەی ئەو ١٠ ساڵە داوەتە پارتی و یەکێتی و بارزانی و تاڵەبانی، یەک نامەمان وەڵام نادەنەوە. لەسەر کەیسی کورد، بەڵام تا ئێستا ٥ جار سەرۆک وەزیرانی سوید وەڵامی منی داوەتەوە، لەسەر کەیسی کورد، لەکاتێکدا من هاوڵاتییەکم کەیسکەشم کەیسی ئەو نییە، کە دەسەڵات لێت تێنەگات و گوێ نەگرێت تۆ ناچاری پەنا بۆ زمانی سویدی  و ئینگلیزی ببەیت.

نوچەنێت: ئەتەوێ بڵێی بەهۆی نەبونی حیواری دەسەڵاتی کوردی لەگەڵ ئێوەو وەڵام نەدانەوەی داواکارییەکانتان، ئێوە ناچارن ناشیرینیەکان بگەیەننە ناوەندەکانی دەرەوە؟.

قادر نادر: ئێمە کۆمەڵێک کەسین خەبات بۆدیموکراسی  و پێشگرتنی پێشێلکاری مافی مرۆڤ دەکەین، حزب نین ، تا دیدارمان لەگەڵ بکەن ئەوان رەفتاری مەترسیدار نەکەن، ئێمە بۆ لەوئەورپایە بێ کاتە خۆبەخشانە کارو چالاکی دژیان دەکەین، دەچین هەزاران بواری تر هەیە لەم ووڵاتە کاتی خۆمانی لێ بەسەردەبەین، دواتر  ئەوە لە هەموو دنیا خەڵکی ئازادیخواز لە ململانێ دا لەگەڵ سیستەمی دیکتاتۆر و نا دیموکراسییەکان، پەنا بۆ خەڵکی ئازادیخواز و ناوەندە جیهانییەکان و ڕێخکراوە مرۆڤ دۆستەکان و میدیا دەبەن، ئیستا پەنا بۆ وڵاتانیش دەبەن بۆ گۆڕینی سیستەمەکانیان، داوای هێزی چەکداریش دەکرێت. ئەو دەسەڵاتەی کوردستان نەک هەر گوێ ناگرێت هەر قسەیەکیش بکات چەواشەکردنەو کاتیە، درێژە بەو ئسلوبە کۆنەی دەدات کە هیچ نەگۆڕێت ئەو زەمەنەش بەسەر چووە، خۆ هەر ئێمە نین لە کوردستان چەندین  گروپ و ناوەند هەیە، دەچن لەگەڵ دەسەڵات دادەنیشن پەیمان دەدەن و نایبەنە سەر، من دەپرسم کام پەیمانی پارتی و یەکێتی لەبەرانبەر ئەو هەموو هیزو لایەنە جێبەجێ بووە؟. کێشە لەوە نیە تۆ دیداریان  لەگەڵ ناکەی، کێشە لەوەیە ئەو حکومەتە دەیەوێ گەمە بکات و درێژە بەو عەقڵە کۆنە ی بدات.

نوچەنێت: وەک دەڵێی لەماوەیەکی کەمدا گروپەکەتان ناسراوەو کاریگەری هەبووە، بەڵام بەپێی زانیاریەکان گروپی ئێوەش بەدەر نیە لەکێشەکانی نێوان کەسەکان، بۆ نمونە سارا موحەمەدی وەک ژنێکی چالاک ناوی لەسەرەتاوە لەگەڵتان بوو دواتر کشایەوە، نەجیبە مەحمودیش وەک ژنێکی چالاک بەهەمانشێوە، کێشەکانی ئێوە چییە؟.

قادر نادر: لەکوێ نەجیبە لەگەڵ ئێمە بووە، بەناوی گروپی ١٧ شوبات  لەهیچ کۆبۆنەوەیەکدا، پێشوتر وەک زۆر کەسانی تر بەشداری چالاکانەی لەکارو چالاکیەکان دەکرد، دواتر دورکەتەوە بێ کێشە، ساراش کێشەکەی سیاسی  یان رەخنە لەمیتۆدی ئێمە نیە، ئێمە هیچ کێشەیەکمان نیە ئێمە ئەو گروپە ئەوە یەک دوو ساڵە بەیەکەوە کار دەکەین، پێشتر بەناوی کۆمەڵێک حزب و رێکخراوەوە کارمان کرد، دوای ئێشکردنمان پێکەوە هاتینە قەناعەت دەکرێت پێکەوەش کار بکەین، وەکو شەخسیش لەدەرەوەی حزب و ڕێکخراوەکان.

نوچەنێت: ئەگەر هیچ خیلافێک نەبووە بۆچی کشانەوە؟.

قادر نادر: نەخێر هیچ کێشەیەکی سیاسی و خیلاف نەبووە، نەجیبەو زۆر کەسی تر بیدایەت لەگەڵمان بوون، بەڵام هەبووە تەحەمولی نەکردووە نەیتوانیوە وکاتی نیە، سەرنجی هەیە،  بڕوای جیاوازمان هەیە، تێماندایە کۆمۆنیستی کرێکارییە، تێماندایە گۆڕانە، لەو بارەوە جیاوازی بۆچونمان هەیە، بەڵام هەموومان لەیەک خاڵ هاوبەشین کە داکۆکی لە دیموکراسی کوردستان بکەین، بیدایەت خەڵکێکی زۆر لەناو ئەو کەمپینە بوو وای دەزانی ئەو دەسەڵاتە دەڕوخێت، بەڵام کەزانی ناڕوخێت ئیتر پاشەکشەی کرد، سەرەتا خەڵک بەحەماس بوو خۆپیشاندانی یەکەممان ٥٠٠ کەس بوو، دواتر بووە ٣٠٠، دواتر بووە ١٠٠، یانی خەڵک وایە، هەموو کەس بەرگەی خەباتی درێژ خایەن ناگرێت، ئەتوانم ئەوە بڵێم هەموو کەس بەرگەی ئەوە ناگرێت شەڕی ئەو دەسەڵاتە بکات.

نوچەنێت: بەواتای ئەوانەی کشانەوە بەرگەی شەڕی دەسەڵاتیان نەگرت؟.

قادر نادر: نا من قەت ئەو قسەیەم نەکردووە، کاتێک ئەو گروپە کە دروست بوین، هەموو ٥ – ٦ کەس بوینە کە دروستمان کرد، لەهیچ کۆبونەوەیەک نەجیبە مەحمود لەگەڵمان نەبووە لە دەستەی دامەزرێنەر ، ساراش کە کشایەوە کێشەی بەشداریکردنی ئەندامێک بوو، کە پێی خۆش نەبوو  لەگەڵمان بێت بۆیە کشایەوە، نەجیبەش سەرەتا لەگەڵمان بوو بەڵام کە دانیشتین و رەسمیاتمان کردوو، دابەشی دەورمان کرد، لەگەڵماندا نەما، لە دوو سێ خۆپیشاندان لەگەڵمان بوو، دواتر دوور کەوتەوە، زۆر کەسی تریش بوون بەیان ناسیح بوو، ڕێگا رەئوف بوو، زۆری تر ئەوانە ئەهاتن لە خۆپیشاندانەکان پێکەوە بوین، وەک وتم دوو خۆپیشاندانمان بەبێ ناو کرد، بەڵام کاتێک گرپەکەمان دروستکرد ئەوان لەگەڵمان نەبوون، من ئەتوانم ئەو ئیمەلەتان پێبدەم ئیمەیلی گروپی یەکەم، کاتێک دەستمان پێکرد، زیاتر لە ٢٠ کەس بوین بەڵام کاتێک وتمان بەناوێک کار دەکەین، بوینە پێنج شەش کەس ئەوانیش هەر بەردەوامن، بەڵام ئەگەر خەڵکی سەرەکیشمان بکشێتەوە، کەی کێشەیە؟ لەناو هەموو حزب و رێکخراوێک ئەوە روو دەدات، پارتی و یەکێتی دۆلارو سوڵتەشیان هەیە خەڵک دەکشێتەوە لێیان، خۆ ئێمە ئەوەشمان نیە.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com