تەوەر.. خەندان و میدیای مارکسی.. لاوژە جەواد: ئەوە دەربڕینی ڕق و بێزاری خەندانە لە کۆمۆنیزم و مارکسیزم

0

تەوەر… دەزگای خەندان و میدیای مارکسی

لاوژە جەواد: ئەوە دەربڕینی ڕق و بێزاری خەندانە لە کۆمۆنیزم و مارکسیزم

نوچه‌نێت: ماڵپەڕی دەزگای خەندان لە وەڵامی هێرشەکانی کەناڵی کەی ئێن ئێن. پەنای بۆ بەکارهێنانی دەستەواژەی میدیای مارکسی بردووە، کە چەند ڕستەیەک لەو بارەوە دەڵێن، وەک ئەوەی لە وەڵامەکەیاندا بۆ کەی ئێن ئێن هاتووە”میدیای‌ مارکسیستیی‌ بڕوای‌ وایه‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و ده‌یڵێت راسته‌و ئه‌وه‌شی‌ وه‌ک ئه‌و نییه‌ هه‌ڵه‌یه‌، با ئیدی‌ باشیش بێت. لۆجیکی‌ میدیای‌ ناو بازنەی بیری مارکسیزمی‌، پێمی ده‌ڵێت مادام من نایکه‌م خراپه‌ و گه‌ر منیش بیکه‌م قه‌ینا، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ تۆ نه‌بیت، میدیای‌ مارکسیستی، گه‌ر هێرشی‌ له‌سه‌ر نه‌بێت ئه‌وا خۆ خۆریشه”.

لەم تەوەرە مەبەست لە قسەکردن نییە لەسەر شەڕی ئەو دوو دەزگا، بەڵکو مەبەست ئەوەیە کە بزانرێت ئایا شتێک هەیە بەناوی میدیای مارکسی، ئایا ئەوە ئەسڵی میدیای مارکسی و کاری میدیای مارکسییە؟.

 بەبڕوای ئێوە بەکار هێنانی دەستەواژەی میدیای مارکسی پێدانی ناسنامەیەکی دروستە بۆ ئەو میدیایانەی بەو جۆرێک کار دەکەن کە هێرش بکەن یان راستی نەبینن؟. پێتان وایە بۆچی لەوەڵامی دوو حزبدا، ناوی میدیای مارکسی دێتە ئارا ؟ هۆکارو مەبەست چییە؟.

لاوژە جەواد: دەزگای خەندان فەلسەفەی مارکسیزم وەک فەلسەفەیەکی فەنتامانتالیزم و مطلق گرایی پێناسە دەکات، کە دەقیقەن ئەوە بە پێچەوانەی بنەمای مارکسیستییەوەیە. فەلسەفەی مارکسیزم یعنی گەڕانەوە بۆ ئیرادەی گشتی و کۆمەڵایەتی لەسەردەم و شوێنی خۆیدا. لە مارکسیزمدا هیچ شتێک مطلق نی یە وە گەڕانەوەیە بۆ ڕای گشتی. مارکسیزم واتا هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی ئابوری جیهانی سەرمایەداری و ڕاماڵینی کولتوری نامۆ بە ئینسان. مارکسیزم واتە ئیعترازو ناڕەزایەتی بەرامبەر بە چەوسانەوەو نا بەرابەری، بەرامبەر بە دەسترێژی بۆسەر منداڵ، ژن و پیاو لەژێر ناوی خورافە بۆ مسۆگەر کردنی مەرامی پیسی سەرمایەداری و وە بەرامبەر بە تەواوی ئەو دیاریدە ناشایستەو ناشیرینانەی کە بە هۆی سیستەمی گەندەڵ و چاوبرسی سەرمایەداریەوە کە ئەمڕۆ توشی کۆمەڵگا بۆتەوە.

بەر لە ڕوخانی بلۆکی شرق و لەناوچونی سەرمایەداری دەوڵەتی وە ئاشکرابونی تاوانەکانی ستالین، مرکسیزم و کۆمۆنیزم زۆر خۆشناو بوو، هەر بەو بۆنەشەوە نەک تەنها ئەحزابی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی کە بە شانازیەوە خۆیان بە مارکسیزم دەزانی بەڵکو زۆرێک لە ئەحزابو لایەنی تر بە ساختە ناوی کۆمۆنیزم و مارکسیزمیان نابولە خۆیان. بەڵام بەدوای ڕوخانی سەرمایەداری دەوڵەتی ئەو هاوکێشەیە پێچەوانە بۆوە، دەرگا ئاوەڵە بوو بۆ هێرشکردن و دەربڕینی نەفرەتی پەنگخواردوی سەرمایەداری دژ بە مارکس و مارکسیزم، و تاکو ئێستاش بەردەوامە.

کاتێک ئۆباما پێشنیاری زەمانەتی تەندروستی بۆ هەمو هاووڵاتان بەبێ لەبەرچاو گرتنی پلەو پایەی کۆمەڵایەتی دەخاتە بەردەم کۆنگرێسی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، نەیارەکانی لە کۆماریخوازەکانی کۆنگرێس دەستبەجێ تاوانباریان کرد بەوەی کە ئەوە بیرۆکەیەکی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی یە. لەکاتێکدا ئەوان هیچ گومانێکیان لەوە نی یە، کە ئۆباما نوێنەری ڕاستەقینەی سەرمایەدارییە لە ئەمریکا.

لەڕاستیدا ئەمە دەربڕینی ڕق و بێزاری ئەوانە لە کۆمۆنیزم و مارکسیزم وە تەنها تاوانبارکردنی لایەنی بەرامبەرو ناشیرین کردنیەتی لە کۆمەڵگادا.
لەو ڕوانگەیەوە من پێم وایە کە دەزگای خەندان زۆر چاک دەزانێت کە KNN بە ئاڵای شینیەوە باڵێکی ناڕازی و بێبەشکراو لە دەسەڵاتی بۆرجوازی کوردەو نوێنەری سەرمایەداری دەکات. وە تەواوی مێژوی ئەحزابی بورجوازی بۆ ئیستغلال کردنی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش وە بێوەڵامی دەسەڵات بەرامبەر بە کێشەکانی کۆمەڵگا کاتێک کە لە ئۆپۆزشیۆنن، دڵسۆزو پارێزەری سەرسەختی مافەکانی خەڵکن. بەڵام کاتێک دەگەن بەدەسەڵات تەنها گۆڕینی ڕەنگ و دەموچاوە، هیچ شتێک لە سیاسەتیان ناگۆڕێت. ئاشکرایە کە KNN میدیای رەسمی بزوتنەوەی گۆڕانە. ئەوانیش خۆیان ساڵەهای ساڵ بەشێکی سەرەکی بون لە دەسەڵاتی کوردی و وە زۆر شارەزان لە نیەتو شێوەکاری دەسەڵات بۆ بەڕێوە بردنی کۆمەڵگا. وە زۆر باش دەزانن خاڵە لاوازەکانی دەسەڵات کامانەن، وەکو هەڵێک دەیقۆزنەوە بۆ تەیار کردنی خەڵکی ناڕازی کوردستان بۆ پێشبردنی مەرامەکانی خۆیان و گۆڕینی هاوسەنگی بە قازانجی خۆیان.
بەڵام لەلایەکی ترەوە، ئەمە ڕێژەی نەفرەتی دەزگای خەندان لە دژی کۆمۆنیزم نیشاندەدات وە دەیەوێت بەم شێوەیە بەرامبەر بە نەیارەکانی پڕو پاگەندە بکات.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com