تەوەر.. خەندان و میدیای مارکسی.. سەردار عەبدوڵلا: قسەکانی خەندان لە تۆمەت بەولاوە لەهیچی ترناچن

0

تەوەر… دەزگای خەندان و میدیای مارکسی

سەردار عەبدوڵلا: قسەکانی خەندان لە تۆمەت بەولاوە لەهیچی ترناچن

ئەو پێناسەیەی خەندان دەیدات بۆچی بۆ میدیای کوتلەکەی فڵان نەبێت کە ژێربەژێر بەرێوەیدەبات بۆڕۆژی تەنگانە

نوچه‌نێت: ماڵپەڕی دەزگای خەندان لە وەڵامی هێرشەکانی کەناڵی کەی ئێن ئێن. پەنای بۆ بەکارهێنانی دەستەواژەی میدیای مارکسی بردووە، کە چەند ڕستەیەک لەو بارەوە دەڵێن، وەک ئەوەی لە وەڵامەکەیاندا بۆ کەی ئێن ئێن هاتووە”میدیای‌ مارکسیستیی‌ بڕوای‌ وایه‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و ده‌یڵێت راسته‌و ئه‌وه‌شی‌ وه‌ک ئه‌و نییه‌ هه‌ڵه‌یه‌، با ئیدی‌ باشیش بێت. لۆجیکی‌ میدیای‌ ناو بازنەی بیری مارکسیزمی‌، پێمی ده‌ڵێت مادام من نایکه‌م خراپه‌ و گه‌ر منیش بیکه‌م قه‌ینا، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ تۆ نه‌بیت، میدیای‌ مارکسیستی، گه‌ر هێرشی‌ له‌سه‌ر نه‌بێت ئه‌وا خۆ خۆریشه”.

لەم تەوەرە مەبەست لە قسەکردن نییە لەسەر شەڕی ئەو دوو دەزگا، بەڵکو مەبەست ئەوەیە کە بزانرێت ئایا شتێک هەیە بەناوی میدیای مارکسی، ئایا ئەوە ئەسڵی میدیای مارکسی و کاری میدیای مارکسییە؟.

 بەبڕوای ئێوە بەکار هێنانی دەستەواژەی میدیای مارکسی پێدانی ناسنامەیەکی دروستە بۆ ئەو میدیایانەی بەو جۆرێک کار دەکەن کە هێرش بکەن یان راستی نەبینن؟. پێتان وایە بۆچی لەوەڵامی دوو حزبدا، ناوی میدیای مارکسی دێتە ئارا ؟ هۆکارو مەبەست چییە؟.

سەردار عەبدوڵلا: سەبارەت بەبەکارهێنانی دەستەواژەی مێدیای مارکسی کە دەزگای خەندان، بەکاریهێناوە بۆ پێناسی کەی ئێن ئێن، وەک مێدیایەک کە تەنیا هەرچی خۆی نەیکات خراپە و گەر ئەویش بیکات قەیناکە. .پێویستە پێش لایەنگرانی کەی ئێن ئێن کەسانێک وەدەنگ بێن کە خۆیان بە لایەنگر لە بیر و هزری مارکسیستی دەزانن.

تاکو ئەو شوێنەی دەگەڕێتەوە بۆ تۆمەتلێدان لە کەی ئێن ئێن و ڕاست ودروستی قسەکانی دەزگای خەندان، باشترە ئەو بەرگریە هەڵگرین بۆ کەی ئین ئین کە لەخۆی بکات و وەڵامی خۆی بداتەوە.

توڕهەڵدانی کۆمەڵێک تۆمەت بەناوی میدیای مارکسی، زیاتر پێویستی بەلەسەرڕۆشتنە وەک لە داتاشینی خودی وشەکە و پێناسەسازکردنی دڵخوازانەی دەزگای خەندان.

دەزگای خەندان، دیارە خۆی بە دەزگایەکی ئەکادیمی و پرۆفیشناڵ لەکاری مێدیاییدا دەزانێ، بەدووریشی نازانین گەر پێشمان بڵێن سەربەخۆیشتان لەبیرچوو! خەندان دەبوو لەبەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیەدا پشتبەستووبێت بە فاکت و ئاماژەی بەسەرچاوەی وەرگرتنی ئەم دەستەواژەیە بکردایە، یاخود پیناسێکی وردتری مێدیای مارکسی بۆ خوێنەرانی بکردایە کە ئەم مێدیایە تەنیا خۆی قبوڵە و کەسی ترنا. گەر مێدیای مارکسی پیناسەکەی ئەو ڕستەیە بێت کە خەندان نووسیویەتی، ئەوا نموونەی ئەو شێوە مێدیایانە زۆر زۆرن لە کوردستان، بەڵام هێچ یەکێک لەو مێدیایانە مارکسی نین، یاخود دەزگایەکی سێبەری رێکخراوێکی مارکسی نین، بەڵکو بەپێچەوانەی قسەکانی خەندانەوە هەموویان ئەنتی مارکسی لەچەشنی خودی دەزگای خەندان و لەژێر سیبەری حیزبە راستڕەو و دژە کۆمۆنیستەکانی کوردستاندان!.

ئەمە دەری دەخات، کەدەزگای خەندان هێشتا پەتای کەمپێنی جیهانی بەرەی راست و بۆرژوازی ڕۆژئاوای دوای رووخانی سۆڤییەت لە دژی بیروباوەر وجیهانبینی چەپ و مارکسیزم بەری نەداوە. ئەم دەزگایە هێشتا لەژیر کاریگەرییەکانی بیرمەندانی پۆست مۆدیرنیزم و بازاری ئازادی ئەو کاتە وشەسازیدەکات.

دیارە کەباس لە مارکسی دەکرێت، دەبێت مەبەست لە شوێنکەوتوانی بیر و میتۆدی مارکس بێت، گەر مێدیایەکیش مارکسی بێت دەبێت هەمان ئاسۆ و ئارمانی میتۆدی مارکس بەریتە پێشەوە. بەڵام خەندان دەبێت بۆخۆیان وەڵام بدەنەوە و بیسەلمێنن کە تێڕوانینی مارکس بۆ مێدیا بەوشێوەیەیە کە ئەوان نووسیویانە. ئەو تۆمەتانەی خەندان، پێش هەر شتێک دەبێت وەک تۆمەتێک بەرانبەر تیوەری مارکس سەیربکرێت، نەک وەک رەخنەیەک لە مێدیای دەوڵەتانێکیک یان پارتێک کە لەسەردەمانێکدا خۆیان بە مارکسدا هەڵواسیبوو.

خەندان، باشتر بوو دەستەواژەی مێدیای حیزبی مارکسی بەکاربهێنایە، ئەوسا مەسەلەکە هەندێ روونتردەبوو، کە خەندان مەبەستی گرووپێک یان چەند گرووپێکە کەخۆیان بە مارکسی دەزانن. بەشێوەیەک مەسەلەکە لەسەر مارکس دەگوزرایەوە بۆ تێڕوانینی چەند گروپێکی خۆ بەمارکسیزان بۆ مێدیا وکاری مێدیایی. ئێستا مەسەلەکە لەسەر تیروانینی مارکس و تیئوەری مارکسە کە بەقسەی خەندان ئەوەی خۆی نەیکات خراپە و هەرچی خۆشی کردی ڕاستە.

لەڕاستیدا ئەم جۆرە دەستەواژانە لەوەدەچێت لەتێکستە ئایینییەکانەوە وەرگیرابێت و زیاتر لە قسەی مەلایەک دەچێت، کە دەیەوێت وێنەیەک لەسەر کافرەکان درووستبکات کەهەمیشە لەسەر هەڵەبوون و هەگیز شتێکی ڕاستیان نەبووە.

ئەوەی ئەو دەیڵێت راستە و ئەوەشی وەک ئەو نییە هەڵەیە، ئەمانە بریتین لە تێرمی گشتی کە پێویستی بەسەلماندن هەیە، دووقسەی ئەوەندە بێ حسابین کە لە تۆمەت بەولاوە لەهیچی ترناچن. ئەمە هەر لەوەدەچێت کەسێک بەلاتدابڕوات و جنێوێکت پیبدات وبێ ئەوەی هۆی جنێودانەکەییت بۆ ڕوونبکاتەوە، کەئەمەش دەستوپێت دەبەستێ بۆ وەڵامدانەوەیەکی درووست. تاکو ئێستا لەهیچ مێدیایەکی کوردی نووسینێکم لەسەر مێدیای مارکسی بەوەسفەکانی خەندان نەبینییوە. هیوادارم کە خەندان ئەو ئەرکە بکێشێ بۆ خوێنەرانی پێناسەیەکی زانستی مێدیای مارکسیمان لە ویکیپێدیادا بۆ بکات تاکو تێبگەین تێڕوانیین و شێوەی کارکردنی ئەم مێدیایە چۆن چۆنییە؟! چۆن هەرچی خۆی نەیکات خراپە و هەرچی خۆشی بیکات قەیناکە؟!

ئەو پێناسەیەی خەندان بۆ مێدیای مارکسی، بۆچی نابێت پێناسی مێدیای نازیستەکانی ئەڵمانیای سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم بیت. کە لەسەر چەوشەکاری، خۆبەزلزان و رەواجدان بەکوشتنی سەدان هەزار جولەکەی بێ تاوان دەیان کتێب و بەسەدان دکومێنت لەسەری لەبەردەستدان. یاخود بۆ نابێت مێدیای زۆربەی حیزبەکانی کوردستان بن کە بەداهاتی هاوڵاتیانی کوردستان تەنیا باشی خۆیان بۆ خەڵکی باس دەکەن و خۆیان بەفریادڕەسی خەڵکی دەزانن. ئەی بۆچی مێدیای سەر بە کوتلەکەی کاک فڵان نەبێت کە ژێربەژێر بەرێوەیدەبات، بۆڕۆژی تەنگانە و هەڵبژاردنەکانیش بەس بەخۆی بڵی ڕاست و تاکە نوێنەری ڕاستەقینەی گەل ونیشتمان.

sardar2@spray.se

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com