هیدایەت مەلا عەلی: هەڵبژاردنی پارێزگاکان ئارایشتێکی تازە دەداتەوە بە هاوپەیمانی و پەیوەندی نێوان هێز و لایەنەکان و خەڵکیش

0

دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە کۆپی یەکتر دەچن بە عیباراتی جیاوازەوە

دوای ٢٠ ساڵ لە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی، لەدوای ٢ ساڵ لە دەیگۆڕین و نەیانگۆڕی (گۆڕان) خەڵکی کوردستان دەخاتەوە بەردەم ناڕەزایەتی و بایکۆتێکی تر لە هەڵبژاردنی پارێزگاکاندا

یەکێتی توانای ململانێی نییەو دەبێت خۆی بسپێرێت بە داهاتویەکی تر

خاڵی بەهێزی دەسەڵات بونی سەروەت و سامانێکی سەرسوڕهێنەرە کە بۆ مەرامی سیاسی خۆیان بەکاری دەهێنن

خاڵی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن بونی دەسەڵاتێکی تاکو سەر ئێسقان گەندەڵ و تاڵانچی و بونی جەماوەرێکی فراوانی ناڕازییە لە کوردستان

پارتی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک دەبات و گۆڕانیش سلێمانی، کۆبونەوەی (بەرزانی و نەوشیروان) بەجۆرێک ئەم دابەشکردنەی پێوە دیاربوو

نوچەنێت: لەهەڵبژاردنی پارێزگاکانی کوردستان ئەگەری سەرکەوتنی کام بەرە هەیە؟ دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن؟ خاڵە بەهێزو لاوازەکانی هەردوو بەرە چین؟ چاوەڕوانی و بێزاری رەزامەندنی خەڵک لەهەردوو بەرە لە چیدا دەبینی؟ و ئەنجام چی دەبێت؟.

هیدایەت مەلا عەلی

سەرەتا پێش ئەوەی قسە لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگاکان بکەم و وەڵامی پرسیارەکان بدەمەوە، پێمباشە تۆزێک لەسەر هەڵبژاردن وەک پرۆسیەک لە کوردستان ڕاوەستم و چەند تێبینیەک بخەمەڕو، ئەوەی لە کوردستاندا دەگوزەرێت بەپێی ستاندارە نێودەوڵەتیەکان کەمتر لە هەڵبژاردن دەچێت، هەڵبژاردن تەنها دانانی بنکەی هەڵبژاردن و سندوقی دەنگدان نییە، تەنانەت چاودێریی کردنی ڕێکخراو دەزگا نێودەوڵەتیەکانیش نییە، بەڵکو هەڵبژاردن پرۆسەیەکەی یەکانگیرە لە کۆمەڵێک ڕەهەندی یاسایی و سیاسی و حقوقی کە تەواوی مافەکانی (دەنگدەر، پاڵێوراو، بایکۆتکەر) دەپارێزێت، بەداخەوە لە کوردستان ئەمە نییە، هەموو هاوڵاتیانی کوردستان وەک یەک بە (دەنگدەر، پاڵێوراو، بایکۆتکەرەوە) ناتوانن دەستیان بە (هۆکانی ڕاگەیاندن، داهات ، پاراستنی ئاسایش) بگات، هەرگیز دەستیان بەو میکانیزمانە ناگات کە ئاسانکاری دەکات بۆ ئەوەی وەک هاوڵاتی خاوەن بڕیار دەنگ و ڕەنگی بە کۆمەڵگا بگات و ماف و داواکارییەکانیان پارێزراو بێت، ئەمەو چەندین ڕێگری تر.

لەکوردستان هێزی پۆلیس، ئاسایش ،دادگا، پێشمەرگە، تەنانەت ئەو دەزگایانەی کە سەرپەرشتی هەڵبژاردن دەکەن سەربەخۆنین، (دەنگدەر، پاڵێوراو، بایکۆتکەر) ناتوانن لە سایەیی واقیعێکی وەک ئێستای کوردستاندا هەست بە عەدالەت و مافی یەکسان بۆ هاوڵاتی بونیان بکەن، لەکۆمەڵگایەکدا ئەگەر هاوڵاتی بون لەژێر پرسیاردابو، ئەوا بەهیچ شێوەیەک مەودایەک بۆ ئەرک و ماف نامێنێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا هەندێک جار دەکرێت بەشداربون لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ هێزێکی سیاسی، هاوکێشە و ململانێی  نێوان هێزو بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان بەرێتە ئاستێکی جیاوازەوە.

یەکێک لە گرفتە سەرەکیەکانی هەڵبژاردن لە کوردستان، واقیعێکە دەسەڵاتداران سەپاندویانە بەسەر (دەنگدەراندا) ئەویش ئەوەیە، کە (دەنگدەر) دەنگ بە پرۆژە و پیلانی ئاییندە نادات بۆ باشتر بونی ژیانی خۆی، بەڵکو (دەنگدەر) دەنگ بەو (لایەنە) دەدات کە پێشتر ژیان و گوزەرانی وەک دیلی جەنگ لە زییندانی بێ ئیرادە کردندا قەتیس کردوە، لە کوردستان ئەو هاوڵاتیەیی کە (بایکۆتی) هەڵبژاردن دەکات هیچ مافێکی نییە، دەنگی بەکۆمەڵگا ناکات، ڕێگایەک فەراهەم ناکرێت بۆیان کە پێمان بڵێن بۆ (بایکۆتی) هەڵبژاردن دەکەن، نەک هەر ئەمە، بەڵکو هەندێک جار تەمسیلیان لەسەر دەردەکەن و ئیهانەو سوکایەتیان پێ دەکەن، تەنانەت کار گەشتۆتە ئەوەی کە دەوترێت هەر کەس (بایکۆتی) هەڵبژاردن بکات هەقی ئەوەی نییە لە کوردستان بژی و دەبێت دەربکرێت.

ڕۆژی ١٥/٩/٢٠١١ لە( دانیمارک) هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجامدرا، لە یەکێک لە ڕۆژەکانی بانگەشەی هەڵبژاردندا، ڕۆژنامەیەکم خوێندەوە کە ڕاپرسییەکی ئەنجامدابو لە نێوان (٨کەسدا) و پرسیاری ئەوەی لێکردبون کە دەنگ بە کام (حیزب و بلۆک) دەدەن؟ (٤کەس) لەو کەسانەی کە بەشداری ئەو ڕاپرسییەیان کردبو، وەڵامەکەیان ئەوە بو کە تاکو ئێستا (دوودڵن) و نازانن دەنگ بە کێ دەدەن، (دوودڵی) ئەو (٤کەسە) بڕیارێکی واقیعی و مەسئولانەیە، ئەوان تاکو ئەو کاتە ساغ نەبونەتەوە لەسەر ئەوەی، کە دەنگ بە پرۆژەی کام لایەن دەدەن؟، کێ هەڵدەبژێرن و باشتربونی کێشە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانیان لەکام پرۆژەدا دەبیننەوە؟.

بۆ ئەوەی وەڵامێکی پوختمان دەست بکەوێت، وا باشترە کە زۆر ڕۆنەچینە وردەکاری پرسیارەکان، هەوڵ دەدەم لە چوارچێوەیەکی گشتیدا بیروبۆچونی خۆم بخەمەڕو، چونکە وردبوونە ئاڕاستەی وەڵامەکان دەگۆڕێ و ئامانجی سەرەکی تەوەرەکە دەباتە نێو لێکدانەوەیەکی جیاوازەوە، ئەمەش بەهۆی ئاڵۆزی هەلومەرجی سیاسی کوردستان و ئەو ڕوداو پێشهاتانەیە کە بەردەوام دێنە پێشەوە.

پرسیار: بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکانی هەرێم کە بڕیارە بکرێت. ئەگەری سەرکەوتنی کام بەرە هەیە دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن؟.

وەڵام: وا بڕیاربو مانگی (٩/٢٠١١)دا هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە ٣ پارێزگای هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، دیارە بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری سیاسیەوە ئەو هەڵبژاردنە لەکاتی خۆیدا ئەنجام نادرێت.

سەرەتا ئەبێت ئەوە بزانین کە هەڵبژاردنی پارێزگاکان هەرچەندە هەڵبژاردنێکی لۆکاڵییە، بەڵام بۆ هەر حیزب و لایەنێک لە ئێستای کوردستاندا گرنگ و چارەنوسسازە، من پێموایە ئەم هەڵبژاردنە ئەگەر ئەنجام بدرێت، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر بەشێکی زۆر لە جێگاو ڕێگای سیاسی و کۆمەڵایەتی حیزبەکان، بەمەعنایەک هەڵبژاردنی پارێزگان ئارایشتێکی تازە دەداتەوە بە هاوپەیمانی و پەیوەندی نێوان هێز و لایەنەکان و خەڵکیش.

لەم هەڵبژاردنەدا بەبۆچونی من و ئەو ئاڕاستانەی کە ئێستا دەبینرێت ئەوەیە کە هەردوو حیزبی دەسەڵات (یەکێتی و پارتی) بەلیستی جیاواز بەشداری هەڵبژاردن بکەن، دیارە ئەم ئارەزوە زیاتر پارتی لایەنگریەتی، ئەمە لە کاتێکدا کە ئاڵۆزیی و گرژییەکانی ئێستای کوردستان و بەغداد و وڵاتانی دەوروبەر نەچنە قۆناغێکی ترسناک ترەوە.

سەبارەت بە ئۆپۆزسیۆنیش هەمان سیناریۆ لەبەردەمدایە، لەبەر ئەوەی ئەو هێزو لایەنانەی کە دەزانن شانسی ئەوەیان هەیە لە پارێزگایەکدا بە تەنها سەرکەوتن بەدەست بهێنن ئیتر کەمتر مل بە هاوپەیمانی و بلۆک بەندی دەدەن، لە دنیای سیاسەتدا هاوپەیمانی حیزبەکان، هاوکێشەی هێز و بەرژەوەندی هاوبەش دەیبڕێنێتەوە.

ئەگەر سەیری ئەمڕۆی کوردستان بکەین و چاوێک بەو زەمینەیەدا بگێڕینەوە کە ئامادەسازی بۆ دەکرێت بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکان و چەند ئەزمونێکی جیاوازیشمان دیوە، دەبینین کە پارتی لە سنوری دەسەڵاتی خۆی سەرقاڵی سەرجەم ئامادەکارییەکانە، هێرش بۆسەر بنکەو بارەگاکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەولێر لە دوای ١٧ شوبات بەشێکە لەو ئامادەکارییانە، هێرشی چەکداری ئەو زەنگەبو کە پارتی لێیداو وتی ڕێگا نادەم بە نەیاری سیاسی، هەمان ئەزموون لە دهۆک لە ساڵی ٢٠٠٥ ڕوویدایەوە بەرانبەر یەکگرتووی ئیسلامی، یەکێتی لە یادی دامەزراندنیدا ئەمساڵ نمایشێکی کرد، بەڵام من پێموایە لە ئێستادا ئەم حیزبە توانای ئەو ململانێیەی نییەو دەبێت خۆی بسپێرێت بە داهاتویەکی تر.

بەبڕوای من بەهەر قیمەتێک بێت پارتی دەیەوێت بەتەنها  هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک مسۆگەر بکات و شەڕی پارێزگاری سێیەم بۆ یەکێتی و گۆڕان بەجێدەهێڵێت، بەکورتیەکەی بەبۆچونی من ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و ڕوبەڕبونەوەی چەکداری لێنەکەوێتەوە (بەو هیوایەیەی کە هیچ گرژی و ئاڵۆزیەک ڕونەدات)ئەوا پارتی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک دەبات و گۆڕانیش سلێمانی، کۆبونەوەی (بەرزانی و نەوشیروان) بەجۆرێک ئەم دابەشکردنەی پێوە دیاربوو.

پرسیار: خاڵە بەهێزو لاوازەکانی هەردوو بەرە چین؟.

وەڵام: هەردوو بەرە خاڵی بەهێز و لاوازی هاوبەش و جیاوازیشیان هەیە، خاڵی بەهێزی هاوبەشی هەردوو بەرە کە زۆر بۆ هەردوو بەرە گرنگە، نەبونی هێزێکی جەماوەری ڕێکخراوە لە دەرەوەی گەمەی سیاسی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، ئەم خاڵە بۆ هەردوو لای هاوکێشەکە دەتوانێت دەوری یەکلایکەرەوە بگێڕێت، نەبونی هێزێکی جەماوەری کە ڕۆژانە بەشداری بڕیاری سیاسی بکات لە کوردستاندا واقیعەتێکی وای ڕەخساندوە کە بەردەوام تۆپەکە، یان لە گۆڕەپانی دەسەڵاتدا بێت یان لە گۆڕەپانی ئۆپۆزسیۆن، یەکێکی تر لە خاڵە هاوبەشەکانی نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات لە یەکچونیانە لە ڕێگاچارەکانیان بۆ هەلومەرجی سیاسی کوردستان، دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە کۆپی یەکتر دەچن بە عیباراتی جیاوازەوە.

خاڵی لاوازی هەردوو بەرە، ڕەوینەوەی خۆشباوەڕی و دوودڵی خەڵکە لەئاستێکی دیاریکراودا بە دەسەڵات و بە ئۆپۆزسیۆن، بەوەعدە و بەڵێنە ڕەنگاوڕەنگە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانیان، ٢٠ ساڵە ئەم دەسەڵاتە سەروەت و سامانی کۆمەڵگای لەبەر دەستدایە، کەچی (بەناز جەواد) بەهۆی بێکارییەوە خۆی دەسوتێنێ.

گۆڕان کۆمەڵگای کوردستانی وەک پشکۆی ئاگر داگیرساند کە دەنگ بە (تاڵەبانی) نادات بۆ سەرۆکی کۆمار، بەڵام پەرلەمانتارەکانیان کاتێک دەنگییاندا بە (تاڵەبانی) سنگیان دەرپەڕاند، وتیان دەبێت حکومەت و پەرلەمان هەڵوەشێتەوە ئێستا ئەم شیعارە بووە بە مێژوو، وتیان لە کوردستان شتێک نییە بەناوی سەرۆکایەتی هەرێم کەچی ئێستا هەموو سەرکردایەتی گۆڕان لە حزوری سەرۆکی هەرێم ڕادەوەستن.

خاڵی لاوازی دەسەڵات: سەرەڕای شەڕی ناوخۆ و گەندەڵی، دابینکردنی ژیانی فیرعەون ئاسا بۆ خۆیان و پارێزەرانی سستەمەکەیان، قۆناغی دوای ١٧ شوبات و سەرکوت و لە خوێن هەڵکێشانی خەڵکی ناڕازی لە خۆپیشاندانەکاندا دەورێکی کاریگەری هەیە بۆ سەر مەوقیعیەتی ئەم دەسەڵاتە لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا.

خاڵی لاوازی ئۆپۆزسیۆن: نەبونی ستراتیژی ڕۆشن و بەرنامەی دروست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئۆپۆزسیۆن کار لەسەر ڕوداوەکانی ڕۆژ دەکات و پرۆژە و ڕێگاچارەکانیان هیچ بەرئەنجامێکی مەلموس نادات بە دەستەوە، چ لە کوردستان چ لە پەیوەند بە (بەغداد)ەوە، لای ئۆپۆزسیۆنیش هەمان قەوانی فیدراڵیەت، گەندەڵی، مادەی١٤٠، هتد… لێدەدرێتەوە، ئۆپۆزسیۆن هێزێکی لۆکاڵییەو ناتوانێت کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر تەواوی ڕوداوە سیاسیەکانی کوردستان هەبێت، هێزێکی لۆکاڵی ناتوانێت دامێنەی نفوسی کۆمەڵایەتی خۆی فراوان بکاتەوەو بیباتە هەموو جێگایەک، بە قسەی بەرپرسانی گۆڕان لە هەولێر گۆڕان بەنهێنی کارەکانی ئەنجام دەدات، هێزێکی نهێنی ناتوانێ لەئێستای کوردستاندا بچێتە سەر سەکۆی کێشمەکێشە سیاسی و کۆمەڵاتیەکان لە ئاستێکی سەراسەریدا.

خاڵی بەهێزی دەسەڵات: بونی سەروەت و سامانێکی سەرسوڕهێنەر کە بۆ مەرامی سیاسی خۆیان بەکاری دەهێنن، بەکارهێنانی شێوازێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو بۆ فریودانی خەڵک سەبارەت بە شۆڕشگێڕێتی و قارەمانیەتیان لە شاخ، سەرکوتی سیاسی وەک هۆکارێک بۆ کپ کردنی دەنگی جیاواز، بەدەستەوە گرتنی کێشە چارەسەر نەکراوەکان لەگەڵ (بەغداد) وەک هۆکارێک بۆ پێداویستی مانەوەیان لە دەسەڵاتدا و پاراستنی خەڵکی کوردستان، کە لەڕاستیدا پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیانە.

خاڵی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن: بونی دەسەڵاتێکی تاکو سەر ئێسقان گەندەڵ و تاڵانچی، بونی جەماوەرێکی فراوانی ناڕازی لە کوردستان، دوو فاکتەری بەهێزن کە ئۆپۆزسیۆن کاری لەسەر دەکەن و توانیویانە بەجۆرێک لە جۆرەکان کۆنترۆڵی ئەم واقیعە بکەن بۆ بەرژەوەندی خۆیان، هەر لێرەشەوە دەتوانن لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاکان وەک کارتێک بەکاری بهێنن.

پرسیار: چاوەڕوانی و بێزاری رەزامەندنی ناڕازی خەڵک لەهەردوو بەرە لە چیدا دەبینی؟.

وەڵام: لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا ناڕەزایەتی خەڵک لە بایکۆتکردنی هەڵبژاردندا دەردەکەوێت، بایکۆت کردن نیشانەی بێزاری و بڕیارێکی سیاسی بەهەند وەرنەگیراوی خەڵکە لەلایەن دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، بەڵام لە کوردستان چونکە ئینسانەکان وەک هاوڵاتی خاوەن بڕیار و ئیرادە سەیر ناکرێن، هەرگیز ئەو کەسانەی کە بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردوە حیسابیان بۆ نەکراوە و بڕیارەکەیان ڕێزی لێ نەگیراوە.

من بڕوام وایە دوای ٢٠ ساڵ لە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی، لەدوای ٢ ساڵ لە دەیگۆڕین و نەیانگۆڕی (گۆڕان) بە تایبەتی و ئۆپۆزسیۆن بەگشتی، خەڵکی کوردستان دەخاتەوە بەردەم ناڕەزایەتی و بایکۆتێکی تر لە هەڵبژاردنی پارێزگاکاندا، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی (٢٠٠٥)دا ئەم ناڕەزایەتیەمان بە بایکۆتکردن لەکوردستان بەشێوەیەکی فراوان بینی، بایکۆت کردنی هەڵبژاردنەکانی ( ٢٠٠٥) دەسەڵاتی خستە سەر هستریایەکی گەورە، بە تایبەت بەرانبەر لاوان، بۆیە چاوەڕوان کراوە  جارێکی تر هەردوو لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن پێکەوە ئەم  شەرابە نۆش بکەن و ڕوبەڕوی ئەم ناڕەزایەتیە ببنەوە.

 پرسیار: ئەنجام چی دەبێت.؟

وەڵام: ئەنجام چی دەبێت ، سەبارەت بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن من قسەی خۆم کرد، تەنانەت ئەنجامی هەڵبژاردنم وا لێکدایەوە کە (پارتی و گۆڕان) دەتوانن براوەی یەکەم و دووەم بن، بەڵام ئەوەی گرنگە لەم هاوکێشەیەدا ئەی خەڵک چی؟ چۆن خەڵکی کوردستان لەژیر فریودان و گەمەی سیاسی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دەربهێنرێت؟، چۆن بەربگیرێت بەوەی کە نارەزایەتی و نەهامەتیەکانی خەڵک، نەبێتە کەرەستەی سات و سەودای نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن؟، چۆن هێزێکی فراوان و جەماوەری ئامادە بکرێت بۆ بەرگری کردن لە خواست و داواکارییەکانیان؟ چۆن خەڵک ئاڕاستە بکرێت بۆ ئەوەی چارەنوسی بە دەستی خۆی بێت؟ چۆن ئەم سستەمی دەسەڵاتە بگۆڕێت و لە جێگای سستەمێکی ئینسانی و هاوچەرخ دابمەزرێت؟.

وەڵامی ئەم پرسیارانە کۆمەک دەکات بەوەی کە (ئەنجامی هەڵبژاردن چی دەبێت ؟) لە ڕوانگەی خەڵکەوە لێکبدەینەوەو ئاڕاستەی بکرێت.

بەهۆی ئەوەی کە ئێستا لە کوردستاندا هەست بەبونی هێزێکی سیاسی خاوەن جەماوەر ناکرێت کە بەرگری لە ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بکات، لەبەر ئەوەی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستان ئەو هیزو لایەنانەی کە دەیانەوێت ئیرادە بۆ خەڵک بگێڕنەوە کارەکتەری بەهێزی ناو کێشمەکێشەکان نین، لە ئێستادا باشترین ڕێگا بۆ دۆزینەوە و ڕێکخستنی ئەو هێزەی کە لەداهاتوی ڕوداوەکاندا بتوانێت دەورونەخشی هەبێت، بەناچاری تەنها یەک  ڕێگا لەبەردەستدایە بەبڕوای من.

ئەو ڕێگایەش پرۆسەیەکی سیاسی و گشتییە بۆ کۆکردنەوەی ئەو دەنگانەی کە بایکۆتی هەڵبژاردنی پارێزگاکان دەکەن، دەکرێت ئەو جەماوەرەی کە بەهەرهۆیەکەوە بێت ئامادەنەبووە دەنگ بە هیچ لایەک بدات، لەدەوری پرۆژەیەک کۆبکرێنەوە کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی خەڵکی کوردستان بکات، بەرژەوەندییەک کە پەیوەست بێت بە ژیان و گوزەران و ئازادییەکانی خەڵکەوە، دەکرێت ئەم پرۆسەیە بکرێت بە هەنگاوێک بۆ ئیرادە نواندن و نمایشی ڕاستەقینەی هێزی خەڵک، دەکرێت لەم مەیدانەدا لە کۆڵان و گەڕەکەکان، لە فەرمانگە و کارگەکان چەندین ناوەند و ڕێکخراوی جەماوەری و زیندو پێکبهێنرێت، بەمەرجێک ئەو ڕێکخراو ناوەندانە مەڵبەندی بزوتنەوەیەکی زیندو بن نەک تەنها کڵێشەو چوارچێوەیەکی دابڕاو، بەبڕوای من ئەمە  سەرەتای هەنگاوێکە بۆ ئەنجامگیری و بەدەستهێنانی دەسکەوتێک بۆ خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنی پارێزگاکان.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com