حەمە رەشید هەرەس: هەڵبژاردنی پاریزگاکان لە دووڕیانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا

0

هەڵبژاردنی پاریزگاکان لە دووڕیانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا

حەمەرەشید هەرەس

هەرچەندە کۆشش بکەین و مژمان بێنین و ببەین، بۆ پێشبینی کردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاکان، بە باوەڕی من و لە رووانگەی تاقیکردنەوەکانی هەڵبژاردنەکانی پێشوودا، لەو باوەڕەدا نیم هیچ بۆچوونێك لە رێژەیەکی کەم نەبێت بتوانێت پێشبینی بکات، ئەویش یەکەم بەهۆی پێشێلکاری هەر هەموو لایەنەکان لە هەڵبژاردندا، دووەم ئەو چاووڕاوەی لە پێش هەڵبژاردندا روو دەدات و پرۆسەی دیموکراسی لەکەدار و ناتەواو ئەکات، ئینجا سێیەم مەترسی هەموو جۆرە توند و تیژیەک و ئاژاوەنانەوە، کە جەماوەرێکی زۆر خۆی لەم جۆرە کەش و هەوایە دوورەپەرێز ئەگرێت و ناچێتە پێشەوە.

جا بەو هەموو کەند و کۆسپ و تەگەرانەوە ئێمە لە ئەنجامی هەڵبژاردن سەر دەر بکەین کارێکی لە کردن نەهاتووە و توێژینەوەی زانستی و هەڵسەنگاندنی کۆمەڵگامان لەو هەلومەرجەدا پێناکرێت.

بەدەر لەو خاڵانەی سەرەوە، ئەگەر سەیری بارودۆخی کوردستان بکەین، ئەبینین کە ناپاکی هەموو کوردستانی تەنیوە، ئەو جەردەییەی لە کۆمەڵگا ئەکرێت، لە دیاردەوە بۆتە کولتوور، بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیشەوە، بەشدارن و بەشداریش بوون، لەو کوێرەوەرییەدا کە بەسەر کۆمەڵگایان هێناوە.

هەتا ئێستا من ناتوانم ناوی ئۆپۆزسیۆن لە هیچ بەرەیەکیان بنێم، لە باشترین ناوهێنانا لە دووبەرەکی و چەند بەرەکی زیاتر هیچی تر نیە، چونکە هەر هەموو منەی دەسەڵات ئەکەن و هیچیشیان بۆ جەماوەر پێ نیە، هەتا ئێستا ناتوانن پڕکێشیی بکەن و ئەجندا و ستراتیژی خۆیان نیشانی جەماوەر بدەن، تا لەو رووانگەیەوە جەماوەر بتوانێت نوێنەری خۆی دەستنیشان بکات و بێ دوودڵی دەنگی بۆ بدات، لەبەر ئەوە خەڵکە بە ئاگاکە لەترسی خراپتر دەنگ بۆ خراپەکە ئەدات و بە ویژدانێکی نیوە ئاسوودەوە دێتە دواوە.

خۆ ئەگەر شرۆڤەیەکی لۆجیکانەش لە گریمانەیەکی کەشوهەوای بەجێ دا پیادە بکەین، ئەوا زۆر بە راشکاوی ئەڵێم: چونکە ئۆپۆزسیۆن یەک رەنگ نین و ئەوانیش چەند بەرەیەکی جیاوازن لە یەکتری ئەوا دەنگەکانیان لە بەرژەوەندی دەسەڵات پرش و بڵاو ئەبێتەوە و ناگەنە ئەو ئامانجەی مەترسی زۆرینە لە دژی دەسەڵات بە دەستبهێنن، ئەمە لە لایەك، لە لایەکی ترەوە کارەساتی حەڤدەی شوبات ئەبێت بەهەند وەربگیرێت، کە ئۆپۆزسیۆن زۆربەی خۆپیشاندانەکانی ئەبرد بەڕێوە و بوونە هۆی بە کوشتدانی چەند گەنجێکی خوێن گەرم و، کەچی هەموو ئەو کەفوکوڵ و قوربانیدانەی بۆ بەرژەوەندی حیزبەکانیان گۆڕییەوە و، لە دانوستاندا ئەگەر هەر بۆ بیانووش چەند دواکارییەکی جەماوەریشیان هەبووبێت لە پێناوی بەدەستهێنانی پێگەی حیزبی لێی پاشگەز بوونەوە.

لە رووانگەی ئەو دیاردانەی سەرەوە و لە باشترین هەلومەرجی هەڵبژاردندا، ئەتوانین بڵێن ئەگەر جەماوەری دەنگدەرانی ئۆپۆزسیون ئەگەر کەم نەکات ئەوا بە بێگومانییەوە بۆ سەرەوە هەڵناکشێت.

بیگومان هەر وەک چۆن ئاگادارین لە کاتی خۆپیشاندنەکانی سلێمانیدا، بە درێژایی ئەو ماوە زۆرە لە تەقەلای ئەوەدا بوون کە شارەکانی هەولێر و دهۆک و شارۆچکەکانی سەربەوان هان بدەن چاو لەو جەماوەرەی سلێمانی بکەن، بەڵام بێسوود بوو، ئاواش ئۆپۆزسیۆن ناتوانێت لە دەنگدانیشدا ئەو پێگەیە لەو دەڤەرانە بەدەست بهێنێت.

کەواتە شینەکە هەر لەسەر شاری سلێمانیە کە ئەمیش لە نەگبەتی و دابڕبوونی کورد زیاتر هیچی تری لێ چاوەڕوان ناکرێت، چونکە هەستی چوونیەکی نەتەوەیی ئەخاتە مەترسییەوە و شارەکانی کوردستان بەیەکتری نامۆ ئەکەن و گیانی یەکێتی و یەکبوون لە دڵ و دەروونی خەڵکی شارەکانا ئەتۆرێنێت و کەڵێنێکی گەورەیە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com