پەیەدە: زۆر سوپاسی ماندووبوونەکانی بارزانی دەکەین
نوچەنێت
(باسنیوز) هۆشمەند سادق
نوێنەری پارتی یەکێتی دیموکراتیک (PYD) لە هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات, ئەوان تەنها چەک و پێداویستی سەربازی وتەندروستیان لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ڕەوانە کراوە و ئەو ڕێگە پێدانەش بە هەوڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووە .
غەریب حەسۆ نوێنەری (PYD) لە هەرێمی کوردستان تایبەت بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند ’چەک و پێداوستی سەربازی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە فەرمانی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فڕۆکەی هێزەکانی ئەمەریکا گەێندراوەتە کۆبانێ’.
حەسۆ باس لەوەش دەکات ’مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای هەوڵێکی زۆر هاوشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی, ئەمەریکا ڕیگەی دا بە گواستنەوەی چەک و پێداویستی سەربازی و بۆ کۆبانێ، ئێمە زۆر سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە توانی ئەمەریکاو کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی بێنێتە سەر خەت بۆ ئەوەی هاوکاری سەربازی بگەێندرێتە کۆبانێ’.
سەرکردایەتی ناوەندی سووپای ئەمریکا بڵاوکردەوە، کە فڕۆکە جەنگییەکانیان چەک و پێداویستی سەربازییان بە سەر شاری کۆبانێ بەرداوەتەوە، بۆ ئەوەی شەڕڤانانی کورد بەکاریبهێنن لە رووبەڕووبوونەوەکانیان لەگەڵ گرووپی چەکداری دەوڵەتی ئیسلامی (داعش). پۆڵات جان گوتەبێژی یەکیەنەکانی پاراستنی گەل (YPG) رایگەیاند ژمارەیەکی زۆری چەک و تەقەمەنی گەیشتە کۆبانێ.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە (باسنیوز)ی راگەیاند بڕی ئەو چەکانەی کە بۆ کۆبانێ نێردراوە، بۆ ئەوەی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکا بیگەیەننە دەست شەڕڤانانی کورد، 17تەن چەک و تەقەمەنییەی پێداویستی سەربازییە. ئەو سەرچاوەیە گوتیشی ناردنی ئەو چەکانە لەسەر فەرمانی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە. ئاشکراشیکرد کە بۆ ناردنی ئەو چەکانە، بارزانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی دیبلۆماسییانەیان خستە گەڕ، تا توانییان ئەو بڕەی چەک بگەیەنە دەستی شەڕڤانانی کورد.
لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا سەرکردایەتی ناوەندی سووپای ئەمریکا رایگەیاند کە فڕۆکە ئەمەریکییەکان جگە لە چەک و تەقەمەنی، لە رێگەی فڕۆکەکانەوە پێداویستی پزیشکیش بۆ شەڕڤانانی کورد هەڵداوەتە سەر شاری کۆبانێ.
هەر لە بەیاننامەکەداهاتووە فڕۆکە بارهەڵگرە سەربازییەکانی جۆری C-130 چەندین باری چەک و پێداویستی سەربازی، کەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دابین کرابوو، بۆ شەڕڤانانی کورد لە کۆبانێ لە ئاسمانەوە فڕێدراوەتە خوارەوە.
سەرکردایەتی ناوەندی سووپای ئەمریکا ئامانجی ئەو هەنگاوەیان بۆ ئەوە دەگێڕیتەوە بۆ بەهێزکردنی توانایی هێزە کوردییەکان لە رووبەڕووبوونەوەیان لە دژی داعش، بۆ ئەوەی دووبارە کۆنتڕۆڵی تەواوەتی کۆبانێ بکەنەوە.
لە دواین ژمارەی هەفتەنامەی (باس) وەک یەکەم ڕاگەیاندنی جیهانی و کوردی، هەواڵی ناردنی چەک و پێداویستی سەربازی بە فڕۆکە بۆ شەڕڤانانی کورد لە شاری کۆبانێ لە رۆژئاوی کوردستان لە سەر فەرمانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.