لە داواکاریەکی جەماوەریدا لە پەرلەمان و حکومەتی بەریتانیا، زیاتر لە ١٣٠ هەزار ئیمزا کۆکراوەتەوە بۆ ئەوەی بەریتانیا پەنابەری زیاتر وەربگرێت، بڕیارە پەرلەمان لە دانیشتنی خۆیدا ئەم داوایەی خەڵک گفتووگۆ بکات و هەروەها حکومەتیش وەڵامی داوەکە بداتەوە.
ئەم هەوڵەش پاش ئەوە دێت لە دوێنی سێ شەممە ٢ی ئەیلول دەیڤد کامیرۆنی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕەتی کردەوە حکومەتەکەی پەنابەری زیاتر وەرگرێت و وتی: تەنها ئاشتی و سەقامگیری لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کێشەی پەنابەری چارەسەر دەکات، ئەمەش بووە جێگەی ڕەخنەی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی.
لە ساڵی پاردا بەریتانیا تەنها ١٤هەزار و ٦٥ پەنابەری پەسەند کردووە لە کۆی ٣١ هەزار و ٣٠٠ داواکاری لەکاتێکدا وڵاتانی دیکەی وەك ئەڵمانیا زیاتر لە ٤٧ هەزاری پەسەندکردووە و سوید ٣٣ هەزار و فەرەنسا و ئیتاڵیا ٢٠ هەزار و سویسراش زیاتر لە ١٥ هەزار، وا پێشبینی دەکرێت ئەڵمانیا و سوید و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا ئەماڵ ژمارەی پێوانەیی پەنابەر رویان تێبکات.