گۆڕان بەمەرگی خۆی دەمرێت؟

0

رێبوار کەریم وەلی

ئەوەی ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان دەیكات، پتر (پەلەقاژەی سیاسی)یە تا ئەوەی كە سیاسەت بێت. بزووتنەوەی گۆڕان بە 24 كورسیی پەرلەمان، سەرۆكایەتیی ئەو دامەزراوە و وەزیرەكانی ناو حكومەتەوە، لە هەولێر و سلێمانی سیاسەتی پێ نەكرا، ئێستا دەیەوێ بە چەند پەرلەمانتارێك و پشتگەرمیی چەند پەرلەمانتارێكی باڵی ماڵباتی یەكێتی، سیاسەت بكات!

هەر كارێكیش كە دەیكات، پتر لەوەی قازانجی هەبێت، رۆژ بە رۆژ كزتر و لاوازتری دەكات. یەكێتی و پارتی سەرباری هەموو ئەو تۆمەتانەی كە گۆڕان لە چەند ساڵی رابردوودا، خستوویەتیە پاڵیان، بە هەموو كەموكوڕییەكانیشیانەوە هەر لە جێی خۆیانن و سیاسەت دەكەن، تەنانەت حیزبێكی بچووكی وەكو كۆمەڵی ئیسلامیش لە رووی سیاسییەوە قورسایی لە گۆڕان زیاترە. رەنگبێ زۆر كەس بەو قسەیە تووڕە ببن، بەڵام گۆڕان خۆی بە تاقمێكی ناو یەكێتییەوە هەڵواسیوە و، ئەو تاقمەش رۆژێ دە جار ئامادەن گۆڕان بفرۆشن!

هەڵە جەرگبڕە سیاسییەكانی گۆڕان رۆژ بە رۆژ، مەرگی بزووتنەوەكە خێراتر دەكەن. هەموو ئەو دروشمانەی گۆڕان هەڵیگرتبوون، لە دوای هەڵبژاردنی 2013ەوە زیندەبەچاڵ كران. گۆڕان نەیتوانی بیگۆڕێت، بەڵام نایەوێ دانیش بەو شكستەیدا بنێت. گۆڕین لە كوردستان بە دوو شێوە روودەدات، یان ئەوەتا بتوانی بنەماڵە خاوەن دەسەڵاتەكانی كوردستان بە عەسایەكی سیحری لە حوكمڕانی دووربخەیەوە، یانیش كاریان لەگەڵ بكەی و هێدی هێدی هەندێك شتیان پێ بگۆڕی.
گۆڕان لە هەردوو رووەوە شكستی هێنا، چونكە دروستبوونی پتر لەوەی بنەمایەكی فیكری هەبێ، كاردانەوەیەك بوو كە تیۆریسیەنەكانی نەیانتوانی چوارچێوە سیاسییەكەی بۆ دابنێن. هەموو كەس دەتوانێ سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیی خەڵك بێت، چونكە خەڵك لە خواش رازی نییە تا لە بەندەكانی رازی بێت، بەڵام هەر ئەو شەپۆلی ناڕەزایەتییە ئەگەر نەزانی چۆن سواری بیت و كەی بێیەوە خوارێ، غەرقت دەكات.

دەكرا گۆڕان بە مەرگێكی ئارام كۆتایی بە تەنزیمی سیاسیی خۆی بێنێت و خۆی لەو مەعرەكەیە بباتەدەرێ. خۆزگە نەوشیروان مستەفا و سەرانی بزووتنەوەكە بە قەدەر مام جەلال جورئەتیان تێدابایە و گوتبایان كە جیابوونەوەیان لە یەكێتی هەڵە بووە و چووبانەوە ناو یەكێتی، ئەو كاتە هاوسەنگیی هێز لە كوردستان دەگۆڕا. یان لانیكەم وەكو جارانی لێدەهاتەوە.

پارتی لەگەڵ گۆڕان دانانیشێت
(2)
چ پارتی و چ یەكێتی (بە هەردوو باڵەكەیەوە) لە سایكۆلۆژیای سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕان و هەوادارانیان تێگەیشتوون و هەر یەكەشیان خوێندنەوەی خۆیان بۆی هەیە. سیحری گۆڕان، دوای بەشداریكردنی لە حوكمڕانی شكا و تازە مەحاڵە وەكو خۆی لێبێتەوە.

پارتی لە رووی سیاسییەوە بزووتنەوەی گۆڕانی لە هاوكێشەی سیاسیی كوردستاندا سڕیوەتەوە، نە حیسابی بۆ دەكات و نە بۆشی گرنگە چی دەكات، چونكە پێیوایە پەتی گۆڕان لە زۆر رووەوە كەوتووەتە دەستی یەكێتی و، بوونی ئەوەندە نەیارەی خۆیشی لە كوردستاندا پێ ئاساییە، بەڵام زەحمەتە پارتی بتوانێ لەوە زیاتر تەحەممولی وجودی گۆڕان بكات.

پارتی لەمەودوا نایەوێ لە ژێر هیچ ناوێكدا، هیچ ئیعتیبارێكی سیاسی بۆ گۆڕان بگەڕێنێتەوە. مەبەست ئەوە نییە كە پارتی ئیعتیبار بدات بە گۆڕان، بگرە نایەوێ وەكو تەڕەفێك، گۆڕان بیەوێ هەڵوێستی پێ نیشان بدات.

ئەگەر یەكێتی بیەوێ لەوە زیاتر سیاسەت بە گۆڕان بكات و وەكو فەرخە گورگەكەی هەیاسی لێ بكات، ناو ماڵی یەكێتیش كاول دەبێ، چونكە جارێ لێگەڕێ لەو نیقاشەی كە لە نێوان باڵی ماڵبات و جێگرانی تاڵەبانیدا هەبوو، ئێستا ناو ماڵباتیش تەقەی تێكەوتووە كە میراتەكەی مام جەلال، هی برازا و كەسوكاریەتی یان هی خانەوادەی برایم ئەحمەد؟!

بۆیە گرنگە لەو قۆناغەدا، یەكێتی بە هەموو باڵەكانییەوە، خۆی یەكلا بكاتەوە و بشزانێ كە میحوەری تەفرەقەی ناوخۆیی پارتی نییە، بگرە لە نەبوونی سیاسەتێكی روونە بەرامبەر پارتی و ئاییندەی حوكمڕانی.

یەكێتی نە ئەمڕۆ و نە لە داهاتووشدا ناتوانێ لە ژێر ناوی بوونی روانگەی فیكری و ئازادیی رادەربڕین، لاقێكی لەناو دەسەڵات و یەكێكی دیكەشی لەناو ئۆپۆزیسیۆن بێت. ئەوەی پارتی دەیكات پاوانخوازی نییە، بگرە بێ كەفائەتی و هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتییە لەلایەن كەسانی دیكەوە.

بەردەوامی ئەو وەزعە لە سلێمانی، ئاو دەكاتە ئاشی پارتییەوە و رۆژ لە دوای رۆژ بێمنەتتریشی دەكات، چونكە باش دەزانێ لەوە خراپتری هەر بەسەر نایەت، بەڵام ئەو سەرلێشواوییە سیاسییەی بەرۆكی سلێمانیی گرتووە، ئەگەر راست نەكرێتەوە، دەستی پارتی واڵا دەكات بۆ هەنگاوی دیكە و بەشداریی كوڕی بارزانی لە خۆپێشاندانی رۆژی شەممە لە هەولێر، زەنگێكی مەترسیدارە، دەبێ پەیامەكە گەیشتبێت.

وەرە بمكوژە
(3)
عادەتم نییە وەڵامی كەس بدەمەوە، بەڵام شێرزاد شێخانی ناوێك كە پێشتر راوێژكاری ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیش بووە، لەم رۆژانەدا پرسیاری ئەوەی كردبوو كە بۆچی هیچ رۆژنامەنووسێكی پارتی تا ئێستا نەكوژراوە؟

ئەو شتانەی ئەو بەڕێزە لە بەناو وتارەكەیدا، تەرحی كردبوو، لە هەر شوێنێكی دیكەی دنیا با، بە هاندان بۆ كوشتن و تیرۆر لە قەڵم دەدرا و تاوانبار دەكرا. كاكی نووسیار، دەیەوێ لە ئەزەلەوە تا ئێستا هەر كەسێك كوژرابێت، تۆمەتەكەی بخاتە ئەستۆی پارتییەوە، پارتی ئەبوبەكر عەلیی شاعیری كوشت؟ پارتی تەقەی لە مەراسیمی بە خاكسپاردنی عوسمانی قادر منەوەر كرد؟

پارتی بەرپرسیارە لە تیرۆری نزیكەی 400 ئەندام و كادیری حدكا؟ پارتی بەرپرسیارە لە ئیغتیالاتی سەردەمی شاخ كە لە سلێمانی دەكران؟ پارتی بەرپرسیارە لە كوشتنی ئەندامانی رەوتی كۆمۆنیست؟ پارتی بەرپرسیارە لە كوشتنی عەلی بۆسكانی و كەسایەتییەكانی سلێمانی؟ وەڵامی ئەوانە بدەوە و ئینجا وەرە بمكوژە!
رێبوار كەریم وەلی

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com