نوچەنێت
رێكخه‌ری گشتی بزاڤی چاكسازی و گه‌شه، پێی وایە کوردستان کارتی بەهێزی بەرانبەر بەبەغدا بەدەستەوەیە ئەگەر بیەوێ بەکاری بهێنێت، بەڵام بەڕای ئەو کارتی یەکڕیزی گرنگترینیانە، و کۆبونەوەکانی نێوان سەرۆکی حکومەتی کوردستان و نوێنەرانی کوردستان لەبەغدا بەگرنگ ناو دەبات، چونکە بەڕای ئەو” ئیمه به‌ره‌و ده‌وڵه‌تبوون ده‌رۆین”
د.محەمەد سەید نوری بازیانی رێكخه‌ری گشتی بزاڤی چاكسازی و گه‌شه، لەبارەی کێشەکانی نێوان بەغداو کوردستان و هۆکارەکانی پشت کێشەکانەوە، بۆ نوچەنێت دەڵێت، حکومەتی عێراق بەو کێشانەی بۆ کوردستانی دەخولقێنێت”به‌كوردی و به كورتی دەڵێن ئێمە ئێوه‌مان ناوێت و خۆتان بڕیاری خۆتان بده‌ن، بەرگه‌مان بەردە”. بازیانی پێی وایە ئەگەر حکومەتی کوردستانیش بیەوێ کارتی بەهێزی بەدەستەوەیە بۆ کێشە دروستکردن بۆ بەغدا وەک”كارتی ئاوی دوو به‌نداوی گه‌وره‌ی دوكان و ده‌ربه‌ندیخان، كه ده‌بنه گرفتی گه‌وره بۆ ناوه‌ند و خواروی عیڕاق، به‌تايبه‌تى بۆ جوتياره‌كان، وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی پیشووی توركیا توركه‌ت ئۆزال ده‌یوت: رۆژیك دیت قه‌تره‌یه‌ك ئاو به‌های قه‌تره‌یه‌ك نه‌وتی ده‌بیت”.
بەڵام رێکخەری گشتی بزاڤی چاکسازی و گەشە، یەکڕیزی کورد زۆر بەپێویست و بەبەهێزترین کارت دەزانێت، چونکە بەڕای ئەو”یه‌كریزی واتا قوه‌ت و هێز، ده‌بێت به زووترین كات داموده‌زگاكانی كوردستان تۆكمه بكریت و یه‌ك هیزی به‌رگری و ئاسایش دروستبيت، هه‌روه‌ها دادگه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و عه‌داله‌ت و یه‌ك هه‌لویستی و یه‌ك ووتاری به‌رقه‌رار بيت.. یه‌ك هه‌ڵوبستی و یه‌ك ده‌نگی کورد به‌رامبه‌ر به به‌غدا له به‌رژه‌وه‌ندی كورددایه و ده‌بیت به‌رده‌وام بیت، هه‌روه‌ها دەبێ بۆ زیاتر بەهێزکردنی بەدامەزراوەییکردن کار بۆ تێپەڕاندنی دەستوریش بکەین”.
بازیانی کۆبونەوەکانی نێوان نێچیرڤان بارزانی و نوێنەرانی کورد لەبەغدا، بۆ دروستکردنی هەماهەنگی زیاتر، بەگرنگ و پڕ بایەخ دەزانیت و دەڵێت ” كاریكی نه‌وازه‌یه‌و هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌بێت بكریت، چونكه ئیمه به‌ره‌و ده‌وڵه‌تبوون ده‌رۆین دروستبوونی ده‌وله‌تیش به بی هه‌ماهه‌نگی مه‌حاڵه. ده‌ست له ده‌ست و پشت به‌خوا”.