شیروان شەمێرانی : ئەگەر كوردستان نەوتى بەدەستەوە نەبوايە، سياسەتى كوردستان و پێشمەرگە بەو شكڵەى ئێستا سەربەخۆ نەدەبوون
نوچەنێت: هۆکاری کێشەکانی بەغداو هەولێر چین، چارەسەر چییە؟
ئەگەر کوردستان کارتی نەوتی بەدەستەوە نەبوایە، بەغدا بەغدا چۆن تەعامولی لەگەڵ دەکرد و لەبەرانبەر ناردنی بودجە چی لەخواست؟
بۆچی بەغدا دژ بەسیاسەتی نەوتی کوردستانە؟
یەکڕیزی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لەم کاتەدا تاچەند گرنگەو بۆچی گرنگە؟
هەماهەنگی و کۆبونەوەکانی نێوان هەولێرو نوێنەرانی کورد لەبەغدا، تاچەند گرنگەو بۆچی گرنگە؟
شیروان شەمێرانی :
١- سياسەتى نەوت و وزە بە شێوەيەكى گشتى لە عێراقدا هۆكارى سەرەكى تەنها بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە كە بەغداو هەرێم گرفتيان هەيە يان بەغدا گرفت بۆ هەرێم دروست دەكات، سەرەتا دەگەڕێتەوە بۆ بوونى دوو ئيرادەو ئيدارەى جياواز ، ئيدارەى هەرێم و ئيدارەى بەغدا، بە دوو بنەماى جياوازو دوو مەبەست مامەڵەدەكەن، كوردستان لەبەرئەوەى ئامانجي ستراتيژي جيابونەوەيە، بۆيە ئەو سياسيەتەى پەيڕەوى دەكات ئۆتۆماتيكى لەگەڵ سياسەتى بەغدا دژايەتى دەكات، بەغداش بۆ پاراستنى سەروەرى حكومەتى ناوەند بەسەر كۆى سەروەت و سامانى وڵاتدا بە سياسەتێكيتر مامەڵە لەگەل سامان و وزەى وڵاتدا دەكات، واتە دوو عەقڵى جيا بە دوو ئامانجى جياوە، لەگەڵ ئەم دۆسيەدا كاردەكەن، بۆيە هەرگيز ناگەنە ئەنجامي كۆتايی تا يەكێكيان ئامانجەكانى خۆی لەگەڵ ئەويتردا نەگونجێنێ.
٢- عێراق ئەگەر بيەوێت بەتەواى لەگەڵ هەرێمدا ئەم پرسە كۆتايي پێ بێنێت، دەبێت وەك بەسرە بڕوانێتە كوردستان، ئەمەش بۆ هەرێم دەست نادات، بەتايبەت كە بەغدا دەزانێت هەرێم بەدەر لەو نەوتەى ئەو لێي ئاگادارە نەوتيتر دەفرۆشێت، ئيتر باكى نيە ئايا ئەو نەوتە بۆ گەلى كوردستان دەبێت يان بۆ گيرفانى حيزبە دەسەڵاتدارو بەرپرسەكانيان.
٣- تائێستا چوارچێوەيەكى ياسايى نيە بۆ ڕێكخستنى فرۆشتنى لەنەوت لە نێوان هەرێم و بەغدا..
٤- ئەگەر كوردستان نەوتى بەدەستەوە نەبوايە، ئەو قەيرانەى ئێستا هەيە نەدەبوو، بەڵام سياسەتى كوردستانيش بەو شكڵەى ئێستا هەيە سەربەخۆ نەدەبوو، ئێستا سياسەتى دەرەوەى هەرێم جيايە لەگەڵ حكومەتى ناوەند، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەورەت و سامانەى هەيە لەناو خاكى كوردستاندا، هەروەها پێشمەرگە وەك ئێستا سەربەخۆ نەدەبوو، بەڵكو زياتر بەفەرمانى بەغدا دەجوڵايەوە، ئەگەر چي ئەمانەش ڕێژەيين، واتە مەرج نيە ئەگەر نەوت نەبوايە ئەو نيمچە ئازاديەى هەرێم لەدەست بچوايە، ئەگەرچى بەو شكڵە زەقەى هەنوكە نەدەبوو..
٥- كوردستان زۆر كەوتە هەڵەوە لەگەڵ بەغدا، نازانم ئەوەش ئايا بۆ سەركى حكومەت دەگەڕێتەوە، يان بۆ وەزارەتى سامانەسروشتيەكان، ئەو بيانوانەى كە بەغدا بە هەرێمى دەگرێت زۆرى پەيوەندى بەو زانياريە نادروستانەوە هەيە لەلايەن شاندەكانى هەرێمەوە دەدرايە بەغدا لە ساڵى ٢٠١٢ ەو ەتا ئێستا..
٦- يەكڕيزى كورد گەورەترين سەرمايەى كوردە لە بەغدا، ئەگەرچي هەمووكات يەكڕيزى باش نيە، چونكە سروشتي يەكێتى و پارتى وايە كە لەتەنگانەدا لەبەر پاراستنى بەرژەوەندى حيزبي يان پەيوەندى هەرێمايەتى ئاراستەى ڕوداوەكان بەلايەكى خراپدا دەبەن، بۆيە لەوكاتانەدا دەنگى دەرەوەى يەكڕيزى گرنگە هەبێت لەپێناو پاراستنى بەرژەوەندى ميللەتدا..
٧- ئەو پەيوەنديیەى نێوان نوێنەران كورد لە بەغداو هەرێم كارێكى زۆرباشە، بەڵام گرفتەكە لێرەدا ئەوەيە كە تاچەندە حكومەت يان سەرۆكايەتى هەرێم ڕونە لەگەڵ نوێنەرانى كورد لە بەغدا؟، ئەو سەردانانەى كە دەكرێت بۆ دەرەوە تەنها لەپارتى ديموكراتى كوردستان پێكدێت، ئێستاش كەم كەم كاك قوباد تاڵەباتى بونى هەيە، واتە كۆى حكومەت و نوێنەرانى كوردستان لە ناوەرۆكى ئەو سەردانانە ئاگادارنين، تەنها ئەوەندە نەبێت كە سەرۆكى هەرێم دەيەوێت پێيان بگەيەنێت، هەڵوێست گرنتيش لە بەغدا بەشێكى پەيوەندى بە ئەنجامى ئەو سەردانانەى دەرەوەوە هەيە..