حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بەبونی سیاسەتێکی نەوتی خۆی هەیە و دەبێت بەردەوام کار بۆ ئەوە بکات، کە بازاڕ بۆ نەوتی کوردستان بدۆزێتەوە. ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لە عێراقدا دوبارە بونەوەی سیاسەتی شۆڤێنیانەی دەسەڵاتی ناوەندە لە عێراقدا بەرامبەر بە گەلی کورد، بەڵام بە شێوازێکی جیا تر لە ڕژێمی بەعس، چونکە لە ئێستادا تەنها ئەوەندەیان پێ دەکریت ئەویش بڕینی بودجەیە، من گومانم نیە هەر ئەلتەرناتیڤیکی تریان لەبەر دەستا بێت، لەمە قورسترهەرگیز دودڵ نابن لەبەکارهێنانی، وە لە داهاتوشدا بەکارهێنانی حەشدی بەناو شەعبی یەکێک دەبێت لە وئەلتەرناتیڤانە ئەگەر ئێمە هەر لە ئێستاوە وریا نەبین کاری بۆ نەکەین.
ئەمە سیاسەتی ڕون و ئاشکرای دەسەڵاتە لە ناوەند، کە پێشتر لە دەست زۆرینەیەکی سونیدا بوو ئێستاش لە دەست زۆرینەیەکی شیعەدایە.
واتە ئێمە وەکو کورد، هیچ بژاردەیەکی ترمان لەبەردەستدا نیە، جگە لەوەی کەدەبێت ماڵی خۆمان ڕێک بخەین. وە لە پرسە نەتەوەیی ونیشتیمانیەکاندا یەکدەنگ و یەکگرتووبین دوور لە موزایەدەی حیزبی.
بۆ بەهێزکردنی ئەم پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیە هەریەکەو لای خۆیەوە، بەرپرسیارە لەبەهێزکردنی ئەم پرسە لەلای تاکی کورد، لێرەشدا ئەرکی زیاتر ئەکەوێتە سەر ڕۆسنبیران و میدیای ئازاد، کە بەهەمویانەوە لە ئەو پرسە بکەن بە پرسێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی .
ئێمە لەکاتی خۆیدا هەموو کێشەکانمان بەستەوە بەمالیکیەوە و پێمان وابوو هەرکەس بیت لە مالیکی باشترە، لە ڕۆژنەمەو گۆڤارو تەلەفزیۆنەکانەوە بەڕونی باسی لێوە دەکرا، بەڵام ڕوداوەکان ئەوەیان سەلماند، کە پرسەکە مالیکی نیە، بەڵکو عەبادیش هەر مالیکیەکی ترەو بەشێوازێکی تر هاتوەتە پێشەوە، بەڵام هەر ئەوەندە توانی خۆی بگرێت، ئەجیندای ئەویش دەرکەوت. دوای عەبادی کێ دێت هیچ بایەخێکی نیە و هەر خاوەنی هەمان بیرە.
کاتی ئەوە هاتوە کە گەلی کورد، وەک نەتەوە لەوە تێبگات ئەجیندای شۆڤینیەکانی عەرەب هەر یەک ئەجیندایە، سەرەڕای جیاوازی مەزهەبی وفیکری قوڵ لە لەنێوان شیعەی عەرەب و سوننەدا، بەڵام بەرامبەر بەکورد یەک بیرکردنەوەو بۆچون وپلانیان هەیە.
لەبەر ئەم هۆکارانە و گەلێک هۆکاری تریش، لەسەر گەلی کورد پیویستە، بەهەموو لایەنە سیاسیەکانیەوە کە هەنگاوێک دورتر بروات ئەم یەکڕێزی و یەک هەڵوێستییە نیشتیمانیە لەسەر پرسی بودجە و یەکدەنگی پەرلەمان وحکومەت بەهێزتر بکات لە پرسە نەتەوەیەکانماندا بۆ هەنگاوی داهاتومان، کە ئەوەش لە خۆیدا گەورەترین گەرەنتیە بۆ سەرکەوتنمان. کار کردن بۆ دروستکردنی ئیدارەیەکی موئەسەساتی لە خۆبەرێوەبردندا بۆ ئەوەی لە داهاتودا هەر ئەگەرێکی تر هاتە پێشەوە، گەلی کورد ئامادەی خۆبەڕێوەبردن بێت، دور لە دەسەڵات و بودجەی ناوەند و دواتریش ئەگەری سەربەخۆیی یە.