پێش هه‌موو شتێک ئه‌مه‌ی ئه‌مڕۆ بۆته باس‌و خواس‌و کێشه‌ی جددی هه‌ر له‌قه‌یرانی دارایی و نه‌بونی موچه‌و سستبون‌و لاوازبونی کایه‌کانی ژیانی ئابوری و گوزه‌رانی خه‌ڵک‌و نائومێدی و ترسی هاوڵاتیان، به‌هۆی پرسی نه‌وت‌و ئاسایشه‌وه له‌نێوان هه‌رێم‌و به‌غداد، به‌نده پێش 11 ساڵ پێشبینی و چاوه‌ڕێی هاتنی ئه‌مڕۆم کرد بوو، له‌چه‌ند وتاری جیا له‌ژماره 174 – 176 ی رۆژنامه‌ی جه‌ماوه‌ری ئه‌وکات ژماره 183، هه‌روه‌ها له‌چه‌ند ژماره‌یه‌کى به‌رگری ئەوکات.
له‌به‌رئه‌وه، به‌ڕاستی بۆ ئێستا هیچی زیادم نیه بیڵێم جگه له‌دوباره‌کردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی که‌پێش 11 ساڵ وتومه، بەشێوه گشتیه‌که‌ی که‌ئه‌وکات کاریگه‌ری و گوێبیستی نه‌بوو، بۆیه به‌هیچ جۆرێک حه‌زم نه‌ئه‌کرد باسی شتی دوباره‌بکه‌م که‌کاریگه‌ری نه‌بێت. به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ له‌سه‌ر داوای براده‌ران به‌شێوه‌یه‌کی کورت ده‌توانم کێشه‌که له‌م چه‌ند خاڵه‌دا به‌رجه‌سته بکه‌م:
1-دوای روخانی به‌عس، شانسێکی مێژویی بۆ کورد هات، له‌هه‌موو رویه‌کی سیاسی، ئابوری، پاڵپشتى جیهانیه‌وه که‌بتوانێت قه‌واره‌ی نه‌ته‌وه‌یی دروستبکات‌و سنورى خۆى دیارى بکات، به‌ڵام کاتێک کورده‌کان به‌په‌له خۆیان گه‌یانده به‌غدا بۆ دروستکردنه‌وه‌ی عێراق‌و سوپای عێراق‌و پێداگری بۆ مانه‌وه له‌ناو عێراق، من یه‌کێک بوم له‌وانه‌ی که‌نائومێدبوم به‌ئاینده‌ی کورد‌و نائومێدبوم له‌عه‌قڵی ناسیاسی و نابه‌رپرسانه‌ی به‌ناو به‌رپرسانی کورد، هه‌روه‌کو له‌سەره‌وه ئاماژه‌مان پێدا، بۆ راده‌ربڕین له‌سه‌ر ئه‌مه له‌چه‌ند وتارێکدا هه‌تا به‌تکا تکام له‌به‌ناو به‌رپرسان کرد که‌ده‌بێت زیاتر له‌جارێ له‌بڕیارداندا بیربکه‌نه‌وه له‌دروستکردنه‌وه‌ى عێراق وه‌کو خۆى، ئه‌گه‌رنا له‌ئه‌نفال‌و رۆژانی سه‌دام خراپتر چاوه‌ڕێمان ده‌کات، به‌داخه‌وه دروست وه‌ک ئه‌وه‌ى ئه مڕۆ ده‌یبینین.
بۆیه ئه‌مه‌ی که‌ئه‌مڕۆ روده‌دات‌و زۆری تریش ماوه که روبدات، به‌پله‌ی یه‌که‌م کورد خۆی لێی به‌رپرسیاره، باجی ئه‌م عه‌قڵ‌و کار‌و بیری سیاسیه نادروسته ده‌بێت بدات.
2-هه‌ر دوای دروستبونه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق‌و ناساندنی وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی خاوه‌ن سه‌روه‌ری به‌هاوکاری و ویستی کورد خۆی (به‌شداری له‌ده‌نگدان له‌سه‌ر ده‌ستوری عێراق) کورد بۆوه به‌هاوڵاتیه‌کی عێراقی و ئیتر هیچ ئیلتیزامێکی جیهانی/ناونه‌ته‌وه‌یى نه‌ما بۆ پارێزگاریکردنی ژیان و ئاسایشی کورد وه‌ک بڕیارى 688ى دژه‌فڕین‌و 986 به‌تەرخانکردنى 13%ی داهاتی نه‌وتی عێراق بۆ کوردستان، واته له‌ڕوی ئاسایش و ئابوریه‌وه نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان مولزه‌م بوو به‌پاراستنی کورد.
هه‌ر که‌ده‌وڵه‌تی عێراق دروستبۆوه هه‌تا له‌وکاتانه‌دا که‌گرفتی زۆر جددی ئاسایشی هه‌بوو وه‌کو ئێستا بۆ نمونه هەمیشه هه‌وڵیانداوه هه‌ندێک ده‌ستکه‌وتی شکڵی که‌کوردستان له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆش له‌ئه‌نجامی راپه‌رینی 1991 به‌ده‌ستی هێنابوو، له‌کورد وه‌ربگرنه‌وه، هه‌ڵبه‌ته ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ی دوای 1991 دروستبوو ده‌ستکه‌وتێک نەبون بۆ هاوڵاتیان‌و خزمه‌تی بزاڤی مێژویی و نیشتمانی و دیموکراسى، به‌ڵکو ده‌ستکه‌وتێک بون بۆ تاقمێکی دیاریکراو که‌ته‌نها هه‌ڵپه‌ی ده‌ستکه‌وتی ماددی بۆ خۆیان‌و ده‌وروبه‌ریان بوه‌و هه‌یه (کۆنترۆڵکردنی بازاڕ، گومرگ، داهات، زه‌ویوزار، نه‌وت، بوجه)، هه‌رشتێک بۆنی پاره‌ی لێبێت، له‌هه‌موشى تراجیدى تر شه‌ڕى گومرگ به‌ڵگه‌یه که‌عه‌قڵ‌و فکرو سیاسه‌ت‌و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و وڵات‌و خه‌ڵک نیه، که باجی ئه‌مه وا ئێستا خه‌ریکه دێته ژمارکردن‌و له‌پێشه‌وه وه‌ک ده‌بینین هاوڵاتی و هه‌ژارانی وڵاته‌که باجی قورسی ده‌ده‌ن هه‌ر له‌بێ موچه‌یی و ترس‌و دڵه‌ڕاوکێ‌و نه‌بونی هیوا، تاده‌گاته هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه بۆ سه‌ر ژیان‌و گیان‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان.
3-ئێستا پرسی نه‌وت بۆته ته‌وه‌ری هه‌موو کێشه‌کانی به‌غدادو هه‌رێم، ده‌بێت ئه‌مه بزانین (هه‌تا ئه‌گه‌ر کێشه‌ی نه‌وت نه‌بوایه، ده‌وڵه‌تی عێراق به‌دڵنیاییه‌وه کێشه‌ی تری بۆ هه‌رێم دروستده‌کرد)، به‌ڵام ئێستا نه‌وت به‌ده‌ستی بەغداده‌وه بۆته گورزێکی کاریگه‌ر دژی کورد به‌کاریده‌هێنێت تا بتوانێ:
أ-خه‌ڵکی کوردستان دوچاری هه‌ژاری و بێزاری بکات‌و قه‌ناعه‌ت به‌خه‌ڵکی کورد بکات که‌به‌رژه‌وه‌ندیان هه‌تا نان‌و ژیانیان له‌به‌غداوه مسۆگه‌رتره وه‌ک له‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتى کوردى خۆی.
ب-له‌بیرکردنی کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، داهاتوی ناوچه دابڕاوه‌کان، سنوری کوردستان، کێشه‌ی دیمۆگرافی له‌لایه‌ن به‌ناو حکومه‌تی هه‌رێم‌و خه‌ڵکی کوردستانه‌وه، چونکه ئێستا کێشه‌ی موچه‌و نان‌و بژێوی بۆته هه‌واڵى خۆشى رۆژانەى هه‌موو میدیاکانى کوردى له‌برى خه‌می گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌و خاک‌و سنور‌و دابینکردنی داهاتویه‌کی روناک‌و ئاشتیانه بۆ نه‌وه‌کانی ئه‌مڕۆو داهاتوو.
ج-یاریکردن به‌ویژدان‌و عه‌قڵ‌و گه‌وره‌یی تاکی کورد‌و کۆمه‌ڵگای کوردى‌و شکاندن‌و بچوککردنه‌وه‌و روت کردنه‌وه‌ی کورد له‌که‌سایه‌تى‌و به‌های گه‌وره‌ی میللی و نیشتمانی و مرۆڤ بون، تاهه‌موو ژیان‌و هیواو خه‌ونێکی کورد کورتبکرێته‌وه بۆ موچه، موچه هات یان نه‌هات، چه‌ندیان نارد‌و چه‌ندی تر ده‌نێرن، چ به‌شه‌رێک رۆیشت یان ده‌چێت بۆ به‌غداد تاداوای تۆزێک زیاتر بکات، ئه‌مانده‌نێ یان نا؟
4-یه‌کڕیزی له‌ڕیزی هه‌ڵه‌دا: وه‌ک له‌خاڵی سێیه‌م ئاماژه‌مان پێدا پرسی نه‌وت بۆته به‌هانه بۆ دژایه‌تی کورد. جا پرسیار ئه‌مه‌یه:
أ-کێ سودمه‌ند بوه له‌داهاتی نه‌وت؟ سیاسه‌تی نه‌وتیمان چیه؟
ب-ئه‌م یه‌کڕیزیه‌ی داوای ده‌کرێت ریزێکی هه‌ڵه‌یه یان دروست؟ ئایا دروسته عاقڵانه‌یه هه‌موو له‌ڕیزێکدا بین که خۆی ریزه‌که خوارو هه‌ڵه بێت‌و سه‌ربکێشێت به‌سه‌راب بون‌و هه‌ڵدێرا.
یه‌کڕیزی دروست‌و راست کاتێک دروستده‌بێت که به‌رژه‌وه‌ندی، یه‌کێتى نیشتیمانى‌و میللى، سۆز‌و دڵسۆزى هاوبەش هه‌بێت له‌گه‌ڵ ئامانجی رون‌و هاوبه‌ش، ئه‌گه‌رنا وه‌ک ئه‌نجامى کابراى لێ به‌سه‌ردێت، که‌بیستبوی له‌بازاڕ داشکان هه‌یه، ویستبوی شتێکی دیاریکراو بکڕێت، که‌ده‌چێته ئه‌و بازاڕه ده‌بینێت ریز وه‌ستاوه ئه‌میش له‌دواوه له‌سه‌ر ریز ده‌وه‌ستێت، پاش زیاتر له‌سه‌عاتێک که سه‌ره‌ی دێت، پرسیاری ئه‌و شته ده‌کات که‌ده‌یه‌وێت بیکڕێت، پێی ده‌ڵێن به‌هه‌ڵه هاتوی لێره ئه‌م شته نیه ده‌بێت بچیته فڵان شوێن، کاتێک ده‌چێته فلانه شوێن، دوباره له‌هه‌ره دواوه سه‌ره ده‌گرێته‌وه، له‌وێش پاش زیاتر له‌سه‌عاتێک وه‌ستان‌و چاوه‌ڕێکردن، کاتێک سه‌ره‌ی دێت، پێی ده‌ڵێن درەنگ فریاکه‌وتی ئه‌مه نه‌ماوه‌و فرۆشراوه، ناچار به‌ده‌ستی به‌تاڵ‌و هیلاکیه‌وه بازاڕ به‌جێده‌هێڵێت.
ئه‌و یه‌کڕیزیه بێ بنه‌مایه‌ی که‌ئێستا داوای بۆ ده‌کرێت به‌زمانه بازاڕیه ساده بێ فکرو روانگه‌وه‌بێت هه‌بونى یه‌کێتى نیشتیمانى‌و میللى‌و به‌رژه‌وه‌ندى هاوبه‌ش ئه‌نجامه‌که‌ی هه‌ر هه‌مان ئه‌زمونی کابرایه که له‌ئه‌نجامدا نه‌ک هه‌ر هیچ نابێت به‌ڵکو ده‌شێت ترسناک بێت.
بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕاستى یه‌کڕیزی دروستبێت‌و پایه‌دار بێت، پێویسته گۆڕان له سیاسه‌ت‌و سستم‌و فکردا بکرێت، بەرژوەندی نیشتیمان‌و خه‌ڵک پایه‌ى یه‌کڕیزى بێت، هه‌موو تاکێک هه‌ست به‌که‌رامه‌ت‌و ماف‌و ئه‌رکی خۆی بکات، ئەگه‌ر ئه‌مه نه‌بێت ماناى یه‌کڕیزی پوچ، چه‌واشه‌کاریی و درۆیه‌کی گه‌وره‌یه که‌ئه‌مڕۆ له‌جیهانی پڕ له‌ڕاگه‌یاندن‌و زانیاری سه‌خته که‌سێک باوه‌ڕ به‌م درۆیه بکات ته‌نها ئه‌وانه نه‌بێت که‌ژیان‌و بژێویان له‌سه‌ر درۆ وه‌ستاوه.
حه‌تمه‌ن یه‌کڕیزی راست‌و پایه‌دار له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژەوه‌ندی هاوبه‌ش بۆ ئیستا‌و داهاتوى نیشتیمان‌و گه‌ل به‌مه‌بەستى فه‌راهه‌مکردنى ژیان‌و داهاتویه‌کى شه‌ره‌فمه‌ندانه‌و ئازادده‌بێت کار‌و ئامانجى هه‌مومان بێت.