كۆڵه‌گه‌ى سه‌ره‌كى هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك عه‌داله‌ته
غه‌فوور مه‌خموورى*
كێشه‌كانى به‌غدا له‌گه‌ڵ كوردستان شتێكى نوێ نين، به‌غدا به‌هه‌موو شێوه‌يه‌ك ده‌يه‌وێ واز له كورد بێنێ، ئه‌وه كورده خۆى به ئێراقێكى فاشيلدا شۆڕكردۆتهوهو وازى لێناهێنێت، لەدوای رووخاندنی رژێمی بەعس لە ئێراقدا هەموو لایەك چاوەڕوانی ئەوە بووین كەوا سیستەمێكی دیموكراسی حوكمی ئێراق بكات و، هەڵەكانی رژێمەكانی پێشوو بەرامبەر گەلانی ئێراق دووبارە نەكاتەوە، بەڵام سەیر دەكەین دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێراق بەهەمان عەقلییەتی پێشوو بیریانكردەوەو بیر دەكەنەوەو، هەوڵدەدەن هەمان سیاسەتی فاشيلانهى رژێمەكانی پێشوو پراكتیك بكەن، ئەم شێوازەی حوكم لە ئێراقدا زیانی بەهەموو لایەك گەیاندووه و دەگەیەنێت و، دەبێتە هۆی دووبارەبوونەوەی كارەساتەكانی رابردوو، بۆیە لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە دژی ئەو شێوازەی حوكمی ئێستاى ئێراق بوەستینەوەو رەتیبكەینەوە.
ئێراق بەو هەڵس و كەوتانەی ئێستای بەرەو تاكڕەوی و دكتاتۆرییەت هەنگاوی ناوه، وەكو رژێمەكانی پێشووی ئێراق لە دژی كورد‌و خواستەكانی وەستاوهتهوە، لەهەمان كاتدا دژايه‌تی عەرەبی سوننەی ئێراق ده‌كات، سەرەڕای دژایەتیكردن و راوەدوونان و كوشتن‌یان، لە پرۆسەی سیاسیش‌دا بێكاریگەری كردوون و پەراوێزی خستون، سیاسەتی هەڵەو دژایەتی حكومەتی ئێستای ئێراق بۆ پێكهاتەكانی ناو نەخشەی داتاشراوی ئێراق، ئێراقی رووبەڕووی كۆمەڵێ قه‌يرانى سیاسی و ئەمنی و ئیداری كردۆتەوە، ئەو ناعه‌داله‌تى و پهراوێزخستنهى لايه‌ن و پێكهاته‌كان، هۆكارێكى سه‌ره‌كى بوو بۆ هاتنى رێكخراوى تيرۆريستى داعش و داگيركردنى پارێزگاكانی موسڵ و سەلاحەددین و ئه‌نبار، خەریكە ئێستا ره‌وشى ئه‌منى لە پارێزگاكانی دیكەش بەره‌و خراپى ده‌ڕوات.
ئه‌مانه هه‌مووى ئەنجامی ئەو سیاسەتە هەڵەو فاشیلانەی حكومەتى ئێراق بوون، دیارە كۆنترۆڵكردنی ئەم رەوشە هەروا سانا نییەو تا ماوەیەك بەردەوام دەبێت و زیانی زۆریش بە سەرخان و ژێرخانی ئێراق دەگەیەنێت، ئەوەش باجی سیاسەتی هەڵەو تائیفییانەو تاكڕەوانەی حكومه‌ته‌كه‌ى ماليكى و حكومه‌ته‌كه‌ى عهبادييه، ئەو خوێنەی دەرژێش لە ئەستۆی ئەواندایە.
له‌سه‌روبه‌ندى پێكهێنانى حكومه‌ته‌كه‌ى عه‌بادى وتارێكم نووسى و وتم، راسپاردنی حه‌یده‌ر عه‌بادی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی دیكه‌ی ئێراق و پێكهێنانی ئه‌و حكومه‌ته له‌لایه‌ن عه‌بادی، دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌مان سیناریۆكانی پێشووی عه‌لاوی و جه‌عفه‌ری و مالیكی یه‌و هیچی دیكه، واته، كای كۆن بهباكردنه نه‌ك ده‌وڵه‌تداری و بیناكردنی حكومه‌تێكی دامه‌زراوه‌یی و سیستماتیك و مۆدێرن، بۆچوونهكهشم راست ده‌رچوو، له‌به‌رئه‌وه‌ى له ئێراقدا خه‌ڵك كێشه‌ی گۆڕینی ده‌م و چاوه‌كانی نییه، به‌ڵكو كێشه‌ی سه‌ره‌كی خه‌ڵكی ئێراق گۆڕینی عه‌قلیه‌ت و شێوازی بیركردنه‌وه‌یه، گۆڕینی شێوازی مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی چوارچێوه‌ی نه‌خشه‌ی داتاشراوی ئێراق، كێشه‌ی خه‌ڵكی ئێراق ئه‌وه‌یه كه‌وا پێكهاته‌یه‌ك ده‌بێته كوێخاو خۆی ده‌كاته ده‌مڕاستی هه‌موو لایه‌ك و به‌چاوی هاوڵاتی پله دوو سه‌یری پێكهاته‌كانی دیكه ده‌كات، ئه‌مه‌ش وای كردووه كێشه‌كانی ئێراق به‌رده‌وامبن و بێچاره‌سه‌ر بمێننه‌وه، ئێمه‌ى گه‌لى كوردستانيش، تاوه‌كو له‌چوارچێوه‌ى نه‌خشه‌ى داتاشراوى ئێراقدا بمێنينه‌وه، كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌رده‌وام ده‌بن، بۆيه بۆئه‌وه‌ى گه‌لى كوردستان به ئاسووده‌يى بژيت، پێويسته كار بۆ سه‌ربه‌خۆيى كوردستان بكه‌ين.
كێشه‌ى ئێمه‌ى كورد له‌گه‌ڵ به‌غدا كێشه‌يه‌كى كۆنه، هه‌ردوولا ده‌زانين كارته‌كانمان چين، هه‌ردوولا باوه‌ڕمان بهيهكدى نه‌ماوه، باوه‌ڕ بهيهكدى بوون بنچينهى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ يهكديكردنه، كه ئه‌وه نه‌بوو كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نابن، بۆيه لهجياتى هه‌ره‌شه‌و كارت به‌كارهێنان و كات كوشتن پێويسته بير له حاڵى خۆمان بكهينهوهو ناوه‌ندى سياسى كوردستان رێكبخهينهوه، پێويسته سه‌ركردايه‌تى سياسى كوردستان مامه‌ڵه‌يه‌كى ته‌ندروست له‌گه‌ڵ ته‌واوى لايه‌نه سياسييه‌كانى كوردستان بكات، به‌ڕاوێژ له‌گه‌ڵ هه‌موو لايه‌ك نهخشهرێگايهكى نه‌ته‌وه‌يى و نيشتمانى دابڕێژێت بۆ ده‌ربازكردنى ئه‌م قۆناخه هه‌ستيار و چاره‌نووسسازه، بۆئه‌مه‌ش يهكڕيزى كورد به‌هێزترين فاكته‌رى سه‌ركه‌وتنى كورده، به‌ڵام من لاى خۆمه‌وه هه‌ست به‌و يهكڕيزييه ناكه‌م، ناوه‌ندى سياسى كوردستان په‌رش و بڵاوه و پێويستى به يهكخستنهوهو ڕێكخستنهوهيه، پێويسته سه‌ركردايه‌تى سياسى كوردستان به‌چاوێكى يه‌كسان سه‌يرى لايه‌نه سياسييه‌كان بكات و هيچ لايه‌ك په‌راوێز نه‌خات، ئه‌گه‌ر باس له يهكڕيزى و يه‌كده‌نگى ده‌كه‌ين، ته‌نها شه‌ش حه‌وت لايه‌ن له‌كوردستان نين، كۆمه‌ڵێ لايه‌نى ديكه‌ش هه‌ن كه خاوه‌ن بيروڕاو بۆچوونى خۆيانن، پێوسته گوێ له‌وانيش بگيرێت، بێگومان كۆڵه‌گه‌ى سه‌ره‌كى هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك عه‌داله‌ته، بۆيه پێويسته ده‌سه‌ڵات به‌شێوازێكى عاديلانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ته‌واوى لايه‌نه سياسييه‌كان بكات و هيچ لايه‌ك په‌راوێز نه‌خات.
* سكرتێرى گشتيى يه‌كێتى نه‌ته‌وه‌يى ديموكراتى كوردستان YNDK .