نوچەنێت
ناوچەکە بەگشتی بەدۆخێکی هەستیاردا گوزەر دەکات، لەناوەندە جیهانییەکان باسی بەشبەشکردنی چەند وڵاتێکی ناوچەکە گەرمە، شەڕی تائیفی و مەزهەبی تادێ بڵێسەدەسەنێت، ئێران و هاوپەیمانە شیعەکانی لەناوچەکدا لەخۆکۆکردنەوەو پەلهاوێشتنن بۆ ناوچەکە، عەرەب بەرانبەر مەترسییەکانی ئێران و هاوپەیمانی سەربازی پێکهێناوەو داوای گەرەنتی لەئەمریکا دەکات کەهاوکاریابێت، توندەڕەوترین و ترسێنەرترین رێکخراوی تیرۆرستی جیهان بەناوی داعشەوە لەپەرەسەندن و بەرفرەوانترکردنی سنورەکانی دەسەڵاتیدایە.
لە ئەنجامی هەموو ئەو گرفتانەش دابەشبوونی ناوچەکەو هەڵوەشاندنەوەی سنورەدروستکراوەکانی سایکس بیکۆ، بووەتە شتێکی حەتمی، ئەوەی جێی خۆشبەختییە، لەئێستادا کورد کەگەورەنەتەوەی بێ وڵاتی ناوچەکەیە لەئێستادا یەکڕیز و یەکهەڵوێستە، زۆر لایەن و ناوەند و وڵاتێکی ناوچەکەش گرەو لەسەر دابەشکردن و بەبەشکردنی یەکگرتوویی سیاسی ئێستای کوردستان کوردستان دەکەن، بەشێکی دیاری رۆشنبیران و سیاسییەکانی کوردستانیش کار بۆ زیاتر یەکڕیزبوونی کورد دەکەن چونکە پێیان وایە تەنها یەکڕیزییە کورد لەو گێژاوەی ئێستا رزگار دەکات و کوردستان دەگوازێتەوە کەنارێکی ئارام.
شوان رابەر، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، بۆ نوچەنێت، تەئکید لەوە دەکاتەوە”یەكریزی و هاوهەڵوێستی كوردو كوردستان لەئێستادا زۆرگرنگ و كاریگەرو پێویستە، لەبەرئەوەی كێشەمان لەگەڵ بەغدا زۆرە، شەڕمان لەدژ هەیە، بەرەو سەربەخۆیی دەڕۆین، زۆر زەرورە كوردو كوردستان هەمووی یەكدەست و یەك پارچەو یەكهەڵوێست بێ، ئەوەش تاكە زامن ورێگەچارەو هۆكاری سەركەوتنمانە”.
ڕابەر پێی وایە، یەک ڕیزی ئێستای کوردستان بەوە دەپارێزرێت و دێتە دی، کە”لایەنە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان، خەڵك ولایەنەكانی تری كوردستان لەبڕیارو دەسەڵات ومافەكاندا بەش برا بكەن. راوێژیان پێ بكەن، ئەرك ومافیان بۆدابین بكرێ، رازی بكرێن، لەبەرابەردا چیكە ستەم و خراپەكاری وگەندەڵی و قۆرخكاری و فەرق و جیاوازی و داگیركاری و نادیاری و…هتد لەنێو گەل ووڵاتدا نەبێت”.
بەبڕوای ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی، دروستكردنی یەكڕیزی و هاوهەڵوێستی كوردو كوردستان بەتەنها ئەرکی لایەنە سیاسییەکان و سەرکردەکانی کوردستان نییە، بەڵکو “ئەركی سەرشانی هەموو لایەكە، هەموومان چاك وخراپمان پێ دەكرێ، بەتایبەت نوسەرو رۆشنبیرو وتاربێژان دەبێت رۆڵی گرنگ لەیەكڕیزی و هاوهەڵویستیدا ببینن، ئەوەش بەهەق گوتن ونوسینی باش وكۆڕگێرانی باش و پڕۆژەو پێشنیاری باش و ئاراستەو رێبەرایەتی كردنی خەڵكی بەباشی”.