هۆشیار عەزیز : یەک ریز بن ئەم جەنگە هیچی لەجەنگی داعش کەمتر نییە !!

0

 هۆشیار عەزیز

ئێستا بەجیاواز لەهەرکاتێک یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی کورد بەرانبەر بەبەغدا هەستپێکراوە، ئەم یەکبونەوەی کوردیش لەخزمەتی ئێستاو داهاتووی کوردستان و پرسی نەتەوەیی کورددا بێت، بۆ من گرنگە بەچەند خاڵێک باس لەگرنگی ئەم یەک هەڵوێستییەی کورد بکەم، و دواتریش ئەرکی رۆشنبیران و چالاکوانان و میدیای کوردستان لەو بارەیەوە بخەمەڕوو. بەبڕوای من:

  • لەناو خۆی هەرێم بێت یان لە بەغدا، یەک ریزی لە بەرژەوەندی کورددایە، چونکە ئەم یەک ریزیە جگە لەوەی هەموو وزەو توانای کورد و هێزە سیاسیەکانی کوردستان کۆ دەکاتەوەو چری دەکاتەوە، بەرەو دەرەوەی خۆیشی ئاراستەی دەکات لەجیاتی ئەوەی لە ناوەوە بەرەو یەکتری ئاراستە بکرێت و یەکتری پێ لاواز بکرێت.
  • هەموو یەک ریزی و یەک هەلویستیەک، ورەو وزەو توانای زۆر دەبەخشێت ئەو ورەو وزەو توانایەش بۆ بەرێوەبردن و یەکلا کردنەوەی هەر کێشەو ململانێ و جەنگێک (جا ئەو جەنگە سیاسی و دیبلۆماسی بێت، یان سەربازی و چەکداری) خالێ گرنگ و یەکلاکەرەوەیە، نابێت هیچ بردنەوەو سەرکەوتنێک بخەینە ناو سەری خۆمانەوە، بەبێ بونی یەک ریزی و یەک هەڵوێستی ، واتە خاڵێ بنەرەتی و سەنتراڵی هەمو سەرکەوتنێک یەک ریزی و یەک هەڵوێستیە.
  • ئەوەی وا دەکات ئەم یەک ریزی و یەک هەڵوێستییە، بەردەوامی هەبێت، چەند خاڵێکە وەک:

آ/ بروابونی هێزە سیاسیەکان بە لە پێشینەیی بەرژەوەندیەبالاکانی نەتەوەی کورد و هەرێمی کوردستان، واتە بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوەو نیشتیمانی کوردستان، بخرێتە پیش بەرژەوەندی حیزبی وسیاسی کورت مەودا .

ب/ بەردەوامی مەترسیەکان لەسەر ماف و چاورەنوسی کورد و هەرێمی کوردستان و ئەو ئیمتیاز و دەستکەوتانەی، لەچوارچێوەی عێراقدا بەدەستی هێناوە یان بە مافی خۆی دەزانیت، تا ئەو مەترسیانە بەردەوام بن، یەک ریزی و یەک هەڵوێستی هێزە سیاسیەکانیش زەرورەتێکە و بەردەوام دەبێت.

ت/ فشاری شەقامی کوردی لەسەر هێزە سیاسیەکان، بەجۆرێکە کە ناتوانن حسابی بۆ نەکەن، چونکە لە هاتنە ئارای هەر مەترسیەک کە بەهۆی لێک ترازان و نەبونی یەک هەڵوێستی هێزە سیاسیەکانەوە رووبدات، ئەو هێزانە باجێکی قورسی سیاسی و حیزبی و ئەخلاقی و نەتەوەیی دەدەن .

  • ئەرکی هەموانە بە رۆشنبیر و جاودێری سیاسی و رۆژنامەنوس و میدیاکار و هەمو ئەوانی دیکەش ئەوەیە، کە پاڵپشتی ئەم یەکریزیەی هێزە سیاسیەکانی کوردستان بن لە بەغدا و لەهەر حاڵەتی ناکۆکی و لێک دور کەوتنەوەو دروست کردنی درز و کەلێنێکدا، بێنە دەنگ و فشار دروست بکەن، تا رێگری بکەن لە بێ هێز بون و لاواز بونی کورد لە سەنگەری پێشەوەی جەنگە سیاسیەکەی لە بەغداد، کە هیچی کەمتر نیە لەو جەنگە گەرمە پێشمەرگانەیەی لەبەرانبەر داعشدا بەرێوەی دەبات، ئەو دوو جەنگە یەک لە یەک چارەنوس ساز تر و مەترسیدار ترن بۆ کورد و هەرێمی کوردستان و ماف وجارەنوسی ئێستاو داهاتویشی، بۆیە ئەرکێکی گرنگە هەموان دەست بگرن بەباڵی ئەو یەک هەلوێستی و یەک ریزیەی کوردەوە لە بەغدا، ئەمەش بە لێدوان و چاوپێکەوتن و نوسین و چالاکیە جۆراوجۆرەکانی دیکە دەبێت، کە هەم پاڵپشتی ئەو ئاراستەیە بکەن و هەم دژی لێک ترازانیش بن.
Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com