نەوزاد رەسوڵ: نێچیرڤان بارزانی ڕای نوێنەرانی کوردی لەبەغدا بەنەزەری ئیعتیبار وەرگرتووە

0

حكومەتی عێراقی و لایەنە سیاسیەكانی عێراق نابێت بەچاوی پارێزگاوە سەیری هەرێمی كوردستان بكەن

دڵشاد هەرتەلی . نوچەنێت

نەوزاد رەسول، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان‌، لەم دیمانەیەکدا لەگەڵ نوچەنێت، یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەپێویست و گرنگ دەزانێت، ئەوەش دەخاتە ڕوو کە لەکۆبونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی کورد لەبەغدا، رای نوێنەرانی کورد بەنەزەری ئیعتیبار وەرگیراون.

نەوزاد رەسول، لەبارەی هۆکاری دواین کێشەکانی نێوان کوردستان و عێراقەوە، بۆ نوچەنێت دەڵێت” لەچەند رۆژی رابردوو حكومەتی عێراق، بەبڕیاری سەرۆک وەزیران پارەی كەمتری ناردووە لەو بڕەی بەپێی رێککەوتنی نێوان هەردوولا دەبوو بینێرێت بۆ کوردستان، لەکاتێکدا هەرێمی كوردستان مانگی چوار پابەند بوە بە جێ بەجێكردنی ئەو رێكەوتنامەیە، هیچ مەعقولیەتێكی تێدانیە سەرۆك وەزیرانی عێراق بتوانێت بەبێ هۆكار ئەو پارەیە وەكو خۆی نەنێرێت كوردستان”.

بەڵام ئەو پەڕلەمانتارەی کورد لەبەغدا پێی وایە”كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، تەنها بریتی نییە لەوەی كە ئەم مانگە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بوە بەناردنی بڕی نەوتەكە كە پێشتر رێكەوتنی لەسەر كرابوو، بەڵکو پەیوەندی بەكۆمەڵێك كێشەی ترەوە هەیە، بەداخەوە خەریكە كیشە پارە و نەوت ئەوانی ترمان لەبیر دەباتەوە، دەبێت كێشەی ئێمە بریتی بێت، لە كێشەی خاك و جێبەجێكردنی مادەی 140 و ئەو مافە دەستوریانەی كە ژیانی هاوڵاتی كورد لەهەرێمی كوردستان باشتر دەكات لەروی دارایی و نیشتیمانی و نەتەوەییەوە”.

نەوزاد رەسول دانیشتنەکانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی کورد لەبەغدا بەگرنگ و پێویست ناو دەبات، ئەوەش دەخاتەڕوو کە”زۆربەی ئەو كۆبونەوانەی كراوە لەگەڵ سەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئیجابی بوون، ئازادانە هەموولایەك بیرو راوو سەرەنجەكانی خۆیان پێشكەش كردوە و تاڕادەیەكی زۆریش ئەو بۆچونانە بەنەزەری ئیعتیبار وەرگیراون”

نەوزاد رەسوڵ، یەکڕیزی و یەک دەنگی کورد بەپێویست دەزانێت، پێی وایە لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندایەو هاوکار دەبێت بۆ زیاتر سەرخستنی کورد، لەبارەی ئەرک و رۆڵی نوێنەرانی کوردیش لەبەغدا دەڵێت”ئەركی ئێمە ئەركێكی سیاسی دەستورییەو لەهەمان كاتیش نەتەوەیی و نیشتیمانیە، ئێمە نوێنەرانی هەرێمی كوردستانین لە هەموو پارێزگاكان، بەهۆی ئەو یەك ریزیەوە چەندین جار توانیومانە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەكان بانگهێشتی ناو هۆڵی پەرلەمان بكەین، دوای گەڕانەوەشمان بۆ بەغدا دەتوانین ئەم حاڵەتە بورژێنین و تواناكانی خۆمان سەرف بكەین لەگەڵ لایەنەسیاسی و پەرلەمانتارەكانی تر، بۆ ئەوەی جارێكی تر فەزای دیالۆگ لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا دروست بێتەوە، دەتوانین دیالۆگێكی تازە لەنێوان لایەنە سیاسیەكانی عێراق دەست پێبكەینەوە، ئەركی راستەقینەی سەركردایەتی سیاسی كورد و ئێمە و لایەنە سیاسیەكانە، كە هەوڵبدەین ئەو پەیوەندیانە لەگەڵ لایەنە سیاسیە عێراقیەكان رێك بخەینەوەو بەرەو پێشیان ببەین، با لیژنەیەكی هاوبەش لەهەموو لایەینەسیاسیە كوردەكان بەپەلە پێك بێت سەردانی بەغدا بكات بۆ ئەوەی لەنزیكەوە چاویان بەلایەنەكانی تر بكەوێتەوە”.

ئەو پەڕلەمانتارەی کورد لەعێراق پێی وایە”ئیستا عێراق لە دۆخێك دەژی پڕ لە قەیران و كێشەیە، هاتنی داعش بۆ عێراق دەبوایە یەك ریزی عێراق پتەوتر بكات، یەكدەنگی و كۆدەنگی نێوان پێكهاتە و لایەنەكانی سوننە و شیعە وەلەلایەكی ترەوە كورد و سوننە و شیعە بەهێزتر بكات، بەڵام بەداخەوە هیچ یەكێك لەوانە لە ئاستی بەرپرسیاریەتی ئەم قۆناغە تازەیە نەبوون، كە رووی لە عێراق و هەرێمی كوردستان كردوە”.

بەبڕوای نەوزاد رەسوڵ، ئێمە وەک کورد”جارێ پێویستمان بە حكومەتی عێراقە، بۆیە دەبێت لەرێگەی گفتوگۆ دیالۆگەوە هەوڵبدەین مافەكانی خۆمانیان لێوەربگرین، دەبێ ئەوەش بزانین هەموو ئەوانەی لە عێراق دەژین بەعسی نین، نابێت ئێمە بەچاوی بەعسیەكانەوە تەماشای هەموو عێراق بكەین، حكومەتی عێراقی و لایەنە سیاسیەكانی عێراقیش نابێت بەچاوی پارێزگاوە سەیری هەرێمی كوردستان بكەن، چونكە هەرێمی كوردستان ئەمری واقیعە و هەرێمێكی فیدڕاڵە لە ساڵی 1991ەوە دوای راپەرینە شكۆدارەكەی خەڵكی كوردستان حكومەت و پەرلەمانی خۆمان هەیە و هەرێمێكی پارێزراوبوین و ئەزمونێكی باشمان هەیە لەحكومڕانی، بۆیە لایەنە سیاسیەكانی عێراق دەبێت ئیحترامی ئەو ئەمرە واقیعە بگرن كە هەرێمی كوردستان هەیەتی”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com