محەمەد چاوشین
بڕیاری گواستنەوەی ٣٩ قوتابخانە و ٦ پەیمانگای ئاینی کە وەکوو ئەمن بیستوومە بەسەرجەمیان ، نزیکەی (پێنج ھەزار) قوتابی دەبن ، لەسەر (وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی)یەوە بۆسەر وەزارەتەکانی ( پەروەردە ) و (خوێندنی باڵا) ، کارێکی فرەباش و بەجێی نێچیرڤان بارزانی و کابینەکەیەتی.
بەدرێژایی مێژووی حکوومەتی ھەرێم لەدوای ڕاپەڕینەوە ، بەبۆچوونی من ئەو کارە یەکێکە لەھەنگاوە ھەرە مەزن و پڕبایەخەکانی ئەو حکوومەتە و دڵنیاشم بەدەستکەوت بۆی ئەژمار دەکرێت.
مەبەست لەوکارە ، زیاتر ڕێکخستنی کاروباری ئاینییە لەھەرێمی کوردستاندا ، زیاتر بەدامەزراوەیی کردنی سیستمی خوێندنی ئاینییە لە ھەرێمدا.
گۆشکردنی قوتابیەکانی خوێندنی ئاینییە بە بیری کراوە و زانستی سەردەم و دوورخستنەوەیانە لە بیری تووندڕەوی و پەرگیری ئاینی.
ھەڵبەت ھێشتا بڕیارەکە لەسەر زەمینی واقع جێبەجێ نەکراوە کە کۆمەڵێک مامۆستای ئاینی کە لەھەرێمی کوردستاندا بە تووندڕەوی ئاینی ناسراوون و ڕۆژانە لەسەر مینەبەرەکانی مزگەوت ، جنێوو و قسەی ناشیرین دەبەخشنەوە و حوکمی تەخوین و تەکفیر و مورتەد بەسەر ئەم و ئەودا دەبەخشنەوە ، دژایەتی خۆیان بۆئەو ھەنگاوەی حکوومەت نیشان دەدەن و دەیانەوێ گرفت لەبەردەم ئەو بڕیارەدا درووست بکەن.
ئامانجی ئەو کۆمەڵە مامۆستای ئاینییە ڕوون و ئاشکرایە ، ئەوان دەخوازن ئەو ناوەند و قوتابخانە ئاینیانە لەژێر ھێژموون و ڕەکێفی خۆیاندا بمێننەوە بۆئەوەی بەئارەزووی خۆیان بیر و ھزر و دنیابینی و تێگەیشتنی خۆیان بۆدین، بەسەر قوتابیەکانیاندا ببەخشنەوە.
لەگەڵ ئەوەی کە ئەو ھەنگاوەی حکوومەت لەجێی خۆیدایە ، پێویستیشە ھەنگاوێکی مەزنتر بەئاراستەی ڕێکخستنەوەی کاروباری ئاینی و خوێندنی دینی لەو ھەرێمەدا بھاوێژێت، ئەویش چاوخشاندنەوەیە بە مەنھەج و ناوەرۆکی دەرسە ئاینییەکان.
تائێستا خوێندنی ئاینی لەھەرێمی کوردستان، جیاوازی ئەوتۆی نییە لەگەڵ ئەو خوێندنەی کە ئەندامانی داعش و بزووتنەوەی تاڵیبان پێی پەروەردە دەبن.
خوێندنی ئاینی ئێمە، لەژێر کاریگەری خوێندنی ئاینی وڵاتانی خەلیج دایە، کەئەوەش دیارە لەژێرکاریگەری ئەو خوێندنە ئاینیەی خەلیج و وڵاتانی ئیسلامی ڕۆژھەڵاتیدا، چ کارەساتێک بەسەر مرۆڤایەتی و بیر و ھزری نەوەکانی ئەو ناوچەیەدا ھاتووە.
بەھیوام حکوومەتی ھەرێم، لێرەبەدواوە، نەترسانە دەست بۆ کۆمەڵێک شت ببات کە لەڕابردوودا وەکوو تابۆ سەیرکراوون و لەبەرخاتری ئەمو ئەو نەمان ویستووە دەستیان بۆببەین.
ئێمەی کوردیش مەحکوومین بەوەی کە دواجار خۆمان لەگەڵ دنیای پێشکەوتنخوازیدا بگونجێنین و بەتێگەشتنێکی نوێترەوە لەئاین و دین بڕوانین.