محەمەد هەریری: بڕیارەکەی نێچیرڤان بارزانی ئەگەر باشترین کاری نەبێت یەکێکە لەکارە هەرە چاکەکانی

0

گواستنەوەی قوتابخانە ئایینیەکان لە ئەوقافەوە هەنگاوێکە بە ئاڕاستەی ڕاست

محەمەد هەریری

ئەگەر لە پێشوودا لە هیچ بۆنەیەك پێویستی کردبێت ڕەخنە لە هەر کار وکردارێک وبڕیارێکی کاک نێچیرڤان بگرین گرتوومانە، بێ سڵ کردنەوە. بەڵام ئێمە وەك ئەو مەخلوقاتە حزبیە سەقەتانە نین هەتا بەکاری چاکیش چاومان هەڵنەیەت، وەك خەڵکێکی زۆر لە کوردستان وادەکەن بەداخەوە.

بە بڕوای من بڕیاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، بە گواستنەوەی 39 قوتابخانە و 6 پەیمانگای ئاینی، کە  وەک راگەیەنراوە  5000 قوتابی پێك دەهێنن، لەوەزارەتی ئەوقافەوە  بۆ ەسەر وەزارتەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵا، بۆ زیاتر رێکخستنی کاروباری دینی و خوێندن لەو بوارەو بەزانستیکردنی، ئەگەر باشترین کاری نەبێت لەو خولەی سەرۆکایەتی وەزیرانیدا، ئەوە بێگومان یەکێکە لە هەرە کارە چاکەکانی.

ئەو ناڕەزاییەی بەشێك لە مەلا و دیندار و حزبە ئیسلامیەکان لەسەر ئەو پرسە دەریدەبڕن، هەمووی وەك ئەڵقەکانی یەک زنجیرەن، جوولەی هەر ئەڵقەیەک، بە زەرورەت جوولەی ئەڵقەکەی تری بەدوا دادێت. یانی توڕە بوونەکە خۆی لە بنەڕەتدا لە ژوور سەری چەند مەلایەکی دەمشڕ و توندڕەو و جوێندەری سەر مینبەرەکانی هەولێر و کوردستانە، ئەو مینبەرانەی کە قسەی توندی نا شارستانی وای لەسەر دەگووترێت، باوەڕ ناکەم لە مەقادیشۆی سۆماڵ و تۆڕابۆڕای تالیبانیش بوتریت!

تورەبوونی ئەو چەند مەلایە، بێگومان چینێك لە دینداری ساویلکەی بێ فەرهەنگی گوێ لە مستی ئەو مەلایەنەی لێکەوتۆتەوە، توڕەبوونی ئەو دووانەش، بە شێوەیەکی تۆماتیکی توڕەبوونی حزبە ئیسلامیە بێ سەروبەرەکانی لێکەوتۆتەوە، چونکە ئەو مەلا دەم هەراش و توندڕەو و تەکفیریانە، زۆربەیان سەر بەو سێ حزبەن، یان هاوسۆزیانن لە بنەڕەتدا! مەلایەك و بانگخوازێکی سەلەفی وەک مەلا سەمەد و سەرباز سەلەفی هەیە لە بزوتنەوەی ئیسلامی، کە بچوکترین حزبی ئیسلامیە، توندڕەوی ئەو دوانە بەسەر هەموو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دابەش کەیت، بەشیان دەکات!

ئەمڕۆ چوارشەممە گردبوونەوەی ژمارەیەك لەمامۆستایانی ئایینی لەمزگەوتی سەواف، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بوون لەدژی گواستنەوەی قوتابخانە ئاینییەكان لەوەزارەتی ئەوقافەوە بۆسەر وەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی خوێندنی باڵا.

بەر لەوەش سەردانی ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی و وتاربێژانی مزگەوتەکانی شاری هەولێر یەك شەممەی ڕابردوو، بۆ پەرلەمانى کوردستان، بە مەبەستى ناڕەزایى دەربڕین بەرامبەر بەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران، بە ڕابەرایەتی مەلا مەزهەر و کاریزما کۆمێدیەکەی، مرۆڤ تووشی سەرسوڕمان دەکات، کەدەبێت داواکاری ئەو مەلایانە چ بێت، و نارەزاییان لە پای چ بێت؟!

نەك هەر هیندە، کۆنتڕۆڵکردنی بەشێکی زۆری شەقامی کوردی بە دەستی ئەو مەلا وبانگخوازە تووندڕەوانە، موژدەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگەیەکی خەلیجی سعودی لیدەدات، چونکە ئەگەر هیچ ڕۆژێك خەڵك بە گرنگی مینبەر و دەرسی دینی نەزانیبێت، ئەمڕۆ هەموو کەس کاریگەری ڕێکلام و بانگەشە دەزانێت چەندە، کە لەو ڕێگەیەوە زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ئاسایی و بێ فەرهەنگ چەواشە دەکەن، و بە کەیفی خۆیان هەڵیان دەسوڕێنن، تا ئەو ڕادەیەی وتەبێژی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستانیش نیگەرانی خۆی دەربریت لەو بڕیارە و بڵێت:” ئێمە ترسمان لە تەواوی پرۆسەكە هەیە، ئێمە دەترسێین ئەو خزمەتە گەورەی لە ڕێی قوتابخانە ئاینیەكانی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف دەكرا لە شوێنێكی دیكە بفەوتێن، بۆیە ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە بوونی زەمانەتە لەسەر نەفەوتانی ئەو قوتابخانانە”.

جا وتەبێژی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستانیش نیگەرانی خۆی دەربریت و هێشتا لەو پرۆسەیە تێنەگەیشتبیت، خەڵکیتر چی بڵێن؟

بەڕای من سەرەڕای ئەوەی دەبوایە ئەو بڕیارە پێشوەخت بانگەشەکی باشی بۆ کرابایە، تا خەڵك باشتر تێی گەیشتبا کە کۆی پرۆسەکە بریتیە لە زیاتر رێکخستنی کاروباری دینی و خوێندن و زیاتر بەزانستیکردنیەتی، هەروەها بۆ ئەوەی لەمەودوا تەنها وانەی ئاینی کلاسیکی نەخوێندرێ، و بڕێکی باش لە زانستی سروشتی بخوێندرێت، کە یارمەتی کرانەوەی مێشکی خوێندکارانی دینی دەدات، و یارمەتی میانڕەوی وتاری دینی دەدات، بۆ زاڵ بوون بەسەر چەمکە نازانستیەکانی زانستە ئایینیەکانی وەك فیقه وتەفسیر و حەدیس وهتد…هەروەها بۆ پاککردنەوەی مەنهەجەکانی خوێندنگا وپەیمانگاکان لەبڕوا وچەمکگەلێکیی توندڕەویی و لە پێناو تێگەشتنێکی دروست و سەردەمیانە بۆ ئیسلام، وەك لە هەواڵەکانی پەیوەست بەو بابەتەوە هاتووە.

من بە دووری نازانم ئەو ناڕەزایی و ناڕەحەتیەی بەشێك لە مەلا وبانگخوازەکان، تەنها لە پێناو مانەوەی ئەو بارە پڕ لە پشێویەیە، کە دووچاری پەروەردەی دینی و مینبەرەکان و بانگخوازان بووە لە کوردستان.

سروشتی چالاکی دینی لە کۆنەوە هەروا بووە، ئەگەر هێزێکی بەرپرسیار و یاسایی چاوەدێریان نەکات، تەنها توندڕەوی و پشێوی و گومڕاکردنی خەڵك و ماڵکاوڵکاری لێ دەکەوێتەوە. تەسەور دەکەن کاتێ ئەردۆگان تازە دەسەڵاتی گرتبوە دەست لە تورکیا، توندڕەوەکانی حزبەکەی لە پەرلەمانی تورکیا پڕۆژەی بڕیاریکیان پێشکەش بە پەرلەمان کرد بۆ ڕەجمکردنی زیناکەر لە تورکیا! ئەگەر ئەردۆگان وا پڕاگماتیست نەبووایە دەبوایە نیوەی تورکیا ڕەجم بکرێت، ودەمێك بوو ناوی ئەردۆگان و ئاکەپەش نەمابوو!

با لە کوردستان ئەو دەسەڵاتە نەبا، سەرەڕای هەموو کەموو کورتیەکانی وگەندەڵیەکانی، بزانە کوردستان بە دەست حزب و جەماعات و بانگخوازی توندڕەو ومەلای بەڵای سەر مینبەر چۆن وەك تۆڕا بۆڕای لێدەهات!

تەنها شتێك کە کەمێك نیگەرانی کردم ئەوەیە کە ئەرکی پێداچوونەوەی مەنهەجە دینیەکان سپێردراوە بە بەڕێز مستەفا زەڵمی، سەرەڕای زانایی و ڕیز وپایەی ئەو بەڕێزە، بەڵام کارەکە دەبوایە بخرابایە ئەستۆی چەند زانایەكی میانڕەو، نەك تەنها مستەفا زەڵمی، من پێموایە وەک هەنگاوی یەکەمیش بێت، دیارکردنی زەڵمی بە تەنها کارێکی باشە.

هەموو ئاماژەکان دەیسەلمێنن کە قوتابیانی قوتابخانە دینیەکان دڵخۆشن بە چوونیان بۆ سەر وەزارەتی پەروەردە، تەنها کەمینەیەکی مەلا و بانگخوازی توندڕەو و دینداری ساویلکە پێی قەڵس بوون، کە نابێت لە پێناو ئەو کەمینەیە ئەو کارە گەورەیە پەك بخرێت، چونکە بەبێ چاکسازی دینی هەموو ژیانی سیاسی وکۆمەڵایەتیمان دەکەوێتە بەر هەڕەشە.

ئەوە هەنگاوێکە، حوکمەت پێویستە هەنگاویتری کاریگەرتر بنێت بەو ئاڕاستەیە، ئەویش بەرتەسک کردنەوەی بانگەوازی خەلیجی سەلەفیە، کە ئەگەر بە شێوەیەکی کاتیش لەگەڵ دەسەڵات بێت، بەڵام گەراو تۆی توندڕەوی دەچێنن لە ژینگەی لێبوردەی کوردستاندا.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com