پرۆفیسۆر د. یوسف زەنگەنە: بڕیارەکەی نێچیرڤان بارزانی، کودەتایەکی سپیە بۆ رزگارکردنی کوردستان

0

نوچەنێت

بۆ رێکخستنی خوێندن لەبواری ئاینیدا، نێچرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، بڕیاریدا بەگواستنەوەی خوێندنگەو پەیمانگا ئاینییەکان، لەوەزارەتی ئەوقافەوە بۆ وەزارەتەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵا، و ئەو بڕیارەش دەنگدانەوەی بەدوایخۆیدا هێنا.

زۆرێک لەچاودێران بڕیارەکە بەگرنگ باس دەکەن و پێیان وایە، رێگەیەک دەبێت، بۆ بەزانستیکردنی خوێندن لەو بوارەو دوورخستنەوەی بڕوای توندڕەویی لەکوردستان.

پرۆفیسۆر د. یوسف زەنگەنە، مامۆستای زانکۆ، لەبارەی ئەو بڕیارەی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، تایبەت بەنوچەنێت، دەنوسێت:

بە بۆچوونی من بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان، کە لەسەر داوای وزارەتی (أوقاف) بووە، یەکێک لەو بڕیارە گرنگانەیە کە لە مێژووی هاتنەبوونیەوە دەریهێناوە و دەتوانم بڵێم کودەتایەکی سپیە بۆ رزگارکردن و دەرهێنانی کوردستان لە بن پەڵە هەوڕێکی تاریکەوە بۆ رۆژێکی رووناک، لە لایەکەوەو  گەڕاندنەوەی مافی چیژ وەرگرتنە لە ژیانی منداڵی و لاوی بۆ هەزاران منداڵ و لاو و گەڕاندنەوەی ئەو مافانەیانە کە هەموو یاساکانی نێونەتەوەیی و ئاینیش بە منداڵان و لاوانی داوە، کە بەداخەوە تاوەکو ئێستا لێی بێبەش بوون و منداڵانی کوردی لە بارودۆخێکی پڕ لە ترس و دڵە راوکی و بە واتایەکی دیکە لە زیندانێکی پڕ لە ماروو دوپشک و ئەژدیهای حەوتسەردا، بە جۆرێک زیندانی کرابوون، کە تا مردن لێی رزگاری نەبن، لەلایەکی دیکەوە.

لەگەڵ ئەوەدا بڕیارەکە تاوەکو ئێستا تەنها وەکو هەواڵێک بڵاوکراوەتەوەو درێژەکەی زۆر بە ئاشکرا و راشکاوی باسی لێنەکراوەو روون نەکراوەتەوە، بەڵام، لەگەڵ ئەوەشدا، چەند پرسیارێک دێنێتە نێوانەوە کە ئاڵۆزیی لە مێشکدا درووست دەکەن، گرنگترینیان ئەوەیە کە ئایا، ئەو قوتابخانەو پەیمانگایانە، تەنها وەکو ملاک دەگوێزرێنەوەو ئاڵۆگۆڕی لە سیستەمی وانەکانیاندا ناکرێت و وەکو خۆیان دەمێننەوەو فەرمییەتێکیان پێدەبەخشرێت و هێزو تواناو دەسەڵاتێکی زۆرتر؟ کە ئەگەر وابیت، دەست لێنەدانی چێترەو وەکو خۆی مانەوەیان باشترە، یا، لە بنەڕەتەوە تێکدەدرێن و لە ئەلفەوە تا ێی، سیستەمی خوێندنیان و شێوەی بەڕێوەبردنیان دەگۆڕدرێت و وەکو هەموو قوتابخانە ئاساییەکانیان لێدێت و هەموو ئەو وانانەی کە لە قوتابخانەکانی دیکەدا دەوترێنەوە، لەمانەشدا دەوترێنەوەو وانەی ئاینیش دەبێت بە یەکێک لەوانەکان؟ کە ئەگەر ئەمەیان بێت، ئەوە باشترین هەنگاو و بڕیارێکە کە دەتوانم بڵێم لە تەمەنی هەموو حکومەتەکانی هەرێمدا، دەرهێنراوە چی باشتر، ئەگەر بە پاڵ ووتنەوەی ئاینی ئیسلامدا، باس لە ئاینە ئاسمانییەکانی دیکەش بکرێت و بخرێنە سیستەمەوە لەوانە بە تایبەتی ئاینی زەردەشتی.

لەمەڕ ئەو ئایندارانەی کە دژ بەم بڕیارە راوێستاوون، زۆر هۆ و هۆکار هەن کە مرۆڤ دەتوانێت باسیان لێبکات لەوانە:

-هۆی تایبەتی بۆ نموونە، ئەو کەسانە بن کە لەو شوێنانەدا مامۆستان و وانە دەڵێنەوە، کەوا هەست دەکەن ئەم گوێزاندنەوەیە دەبێتە هۆی لە دەستدانی کارەکانیان و دەکەونە ژیانێکی سەختەوە، لەم دۆخەدا، حکومەت دەبێت، بابەتەکەیان بۆ روون بکاتەوە، ئایا هەر ئەوان دەمێننەوە و وانە ئایننیەکان دەڵێنەوە، یا لە شوێنی دیکەیان دادەمەزرێنن، خانە نشینیان دەکەن یا بە شێوەیەک لە شێوەکان ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیان بۆ مسۆگەر دەکەن.

-هۆی شاراوە وەکو، بەردەوام بوون لە هێنانە بوون و پەروەردەکردنی (نەوە)یەکدا، کە بە گوێرەی بیروباوەڕەکانی ئەو مامۆستایانە یا ئەوانەی لە پشت پەردەوە دەیانبەن بەڕێوە، تا لە کاتی پێویستدا بەکاریان بهێنن بۆ مەبەستی، سیاسی، سوپایی یا بەڕێوەبردنی دوکانی ئاینی، وەکو لە هەندێک لە ووڵاتانی دەورەبەری کوردستانەکەی لەمەڕ خۆماندا، باوە.

-بە کار هێنانی قوتابییەکان کە بێگوومان خانەوادەکانیشیان کە پشتیوانیانن، بۆ پشتگیری کردن لە پارتە ئیسلامییە سیاسییەکان بە تایبەت بۆ دەنگدان لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، بوو نموونە، ئەگەر ئەمساڵ پێنج هەزار بن تا چەند ساڵێکی دیکە دەبنە دەهەزارو دەیان هەزاریش لە ئەندامانی خێزانەکانیان، کە بە خۆی ئەم ژمارەیە پاڵپشتێکی زۆرە بۆ هەر پارتێکی ئیسلامی سیاسی کە بڕۆنە پاڵییەوەو پشتیوانی لێبکەن.

ئەگەر بێت و ئێمە پشتیوانانی بڕیارەکەو، ئەوانەشی کە دژین، بە چاوێکی گەشبینانەوە بڕوانینە رووداەکە، بۆمان دەردەکەوێت کە کارێکی ئێجگار باشەو  پڕ کەڵک و سوود بە تایبەت بۆ قوتابییەکان، کە لە پاشە رۆژێکی نادیارەوە دەیانگوێزێتەوە بۆ پاشەرۆژێکی دیار و روون و ئاشکراو ئاسوودە، چونکە دەبن بە قوتابی فەرمی دوو وزارەتی دانپێدانراو لەلایەن بڕوانامەوەو لە هەموو جیهاندا، کە تەواویشیان کرد، دەتوانن وەکو هەموو قوتابیانی دیکە بە شوێن پاشەرۆژی کاری خۆیاندا بڕۆن، یا ئەگەر بیانەوەی لە ئاینداریدا وێژەگی (تخصص) وەبگرن یا ببن بە پسپۆر، دەتوانن لە کولیەکانی (شریعة)تدا، دەوام بکەن و بە بڕوانامەی فەرمی و دانپێدانراودا، ببن بە مامۆستای ئاینی لە هەر شوێنێکدا کە پێویستیان پێیان هەبێت.

جگە لەوەی لە لایەن زانیارییەوە، ئەگەر وانەی جۆراوجۆر بخوێنن، لە یەک خەتی دوور دەکەونەوە رزگاریان دەبێت و سەر لەبووارە جۆراوجۆرەکانی زانست و ئاین و ژیانیش دەردەهێنن و لە ئایندەشدا بە ئاسانی فریوی هەندێ لەو لایەنانە ناخۆن کە لە یەکبیری و یەک خەتی بوونیان کەڵکی رەش وەردەگرن و بۆ مەبەستی تایبەت بەکاریان دەهێنن، چونکە ئێستا ئەگەر بە بێ چەندووچوون بە داواکانیان بڵێن بەڵێ و (لبیک)، لەو کاتەدا بە قوولی بیری لێدەکەنەوەو داواکانیان هەڵدەسەنگێنن ئەوجا بەڵێ یا نەخێری خۆیان دەردەبڕن.

دوا باسم لەسەر بڕیارەکە ئەوەیە کە، بێگوومان، ئەو کەسانەی کە دژ بە بڕیارەکە راوێستاوون، هەروا بێدەنگ و بێکارو دەست لە ئەژنۆ دانانیش، بەڵکو بە هەر شێوەیەک کە لە دەستییان بێت، دەکەونە ئاو لێڵ کردن لە پێناوی هەوڵدان بۆ تێکدان و سەرنەکەوتنی، کە یەکێک لەوانە ئەوەیە کە گووشار بهێننە سەر خانەوادەی قوتابییەکان، بۆ ئەوەی نەهێلن منداڵەکانیان لە قوتابخانەدا دەوام بکەن، کە لێرەدایە حکومەتی هەرێم دەبێت بکەوێتە کار و رێ لەو پیلانە بگرێت ئەویش بە (بەزۆر-الزامی- Obligatory) کردنی خوێندن هیچ نەبێت تا دوا قۆناغی سەرەتایی یا ناوەندی و سزا دابنێت بۆ ئەو خێزانانەی کە رێ لە منداڵانیان دەگرن بۆ خوێندن، بە مەرجێک خوێندن بە خۆڕایی بێت.

خاڵێکی دیکەی مەترسیدار ئەوەیە، حکومەت دەبێت ئەو هێزو دەسەڵاتەی هەبێت کە هیچ لایەنێکی سیاسی و ئاینی نێوەکی و ووڵاتانی دوورو نزیک، نەتوانن گوشار بهێنێتە سەری و لەو بڕیارە پاشەگزی بکات یا بە شێوەیەک گۆڕانکاری لە بڕیارەکەدا بهێنێتە بوون، کە بە گوێرەی دڵی کەسان یا لایەنەکانی دژە بڕیارەکە بێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com