ئەردەڵان هەڵەبجەیی: بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەت دڵنیایی دەداتە هەموان

0

نوچەنێت

بەبڕیارێکی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، 39 قوتابخانە و 6 پەیمانگای ئاینی و 5000 خوێندکار لەو بوارە، لەوەزارەتی ئەوقافەوە دەگوازرێنەوە بۆ وەزارتەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵا، بەگوتەی  وەزارەتی ئەوقاف، چیدی لەو خوێندنگەیانە بەتەنها وانەی ئاینی ناخوێنرێت، رۆژنامەنس ئەدەڵان هەڵەبجەیش بۆ نوچەنێت پێی وایە ئەم ھەنگاوەی سەرۆکی حکومەت، دڵنیایی دەداتە ھەموان کە ئەو دامەزراوانە نابنە مەترسی.

ئەردەڵان هەڵەبجەیی لەبارەی ئەو بڕیارەی سەرۆکی حکومەت و کاریگەرییەکانی لەسەر رێکخستنی قوتابخانە ئاینییەکان، لەلێدوانێکدا نوچەنێت دەڵێت”پێشتر رێکخستن ھەبووە، بەڵام رێکخستنەکە تەنھا تایبەت بووە بە پێدانی بودجەو دابینکردنی باڵەخانەو مامۆستای ئاینی، بە بڕوای من ھەرگیز بە گرنگ نەزانراوە کە ورد بن لە جۆری بابەت و دامەزراندنی وانەبێژەکان، وەک بڵێیت ھەرگیز چاوەرێی مەترسیەکانی ئەم پشت گوێ خستنە نەبوون تا داعش دروست بوو، ئەم ھەنگاوە دڵنیایی دەداتە ھەموان کە ئەو دامەزراوانە نابنە مەترسی و بگرە وەک ناوەندێک دەبن دژی بیری توندڕەوی”.

ئەو رۆژنامەنوسە پێی وایە گرنگی ئەم بڕیارە لەبارەی خوێندنگە ئاینییەکان لەوەدایە کە”دوای ئەوەی دەخرێنە سەر وەزارەتەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵا,ئیتر دەزانرێت چی دەخوێنن و ئەوانە کێن وانە دەڵێنەوە، جگە لەمە ھاوتەریب لەگەڵ وانە ئاینیەکان بابەتی تری تایبەت بە مافی مرۆڤ و بابەتە زانستیەکانی تر دەخوێنرێت، کە ئەمەیش کاریگەری خۆی ھەیە و ئەم کاریگەریەش ڕەنگداننەوەی ئیجابی لەسەر فێرخوازان دەبێت و دواجار بە سودی ھەموان دەشکێتەوە”.

ئەردەڵان هەڵەبجەیی، سەرسوڕمانی خۆی بەدژایەتی ئەو بڕیارە لەلایەن هەندێ کەسایەتی ئاینییەوە دەردەبڕێت و دەڵێت”پێم سەیرە ھەندێک ھەن ڕەفزی ئەم بڕیارە دەکەن و نارازین لێی، ئەوان دەڵێن لەم مەڵبەندە دینیانەوە نالی و مەولەوی و سالم و تا دوای پێگەیشتوون، راستە، بەڵام من دەپرسم لە ماوەی ٦٠ بۆ ٧٠ ساڵە بۆ نەتوانراوە کەسایەتیەکی وەک ئەمانە دروست بکەن؟ کە ناتوانن خۆ دەبێت پێش ئێمە ئەوان دان بەوەدا بنێن کە کاریگەریان کەمەو پێویستە رێک بخرێنەوە تا ئەوەی ڕابردویش کراوە لە سفری نەدەن”.

هەڵەبجەیی پێشنیار دەکات کە”لە ئایندە ئەوەی گرنگە بکرێت، ئەوەیە بابەتەکانی ئەم ناوەندانە لە لایەن کۆمەڵێک ئەکادیمی دابڕێژرێن و زیاتر گرنگی بە فکرو تێزی ئەو بیریارانە بدرێت، کە میانڕەون و بڕوایان بە پێکەوە ژیان و فرەیی ھەبووە، نەک نەکفیری و ئوصولیەکان”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com