فوئاد قەرەداغی : بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەت تاکتیکییە و ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی هەیە

0

نوچەنێت

بەبڕیارێکی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، 39 قوتابخانە و 6 پەیمانگای ئاینی و 5000 خوێندکار لەو بوارە، لەوەزارەتی ئەوقافەوە دەگوازرێنەوە بۆ وەزارتەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵا، بەگوتەی  وەزارەتی ئەوقاف، چیدی لەو خوێندنگەیانە بەتەنها وانەی ئاینی ناخوێنرێت.

مامۆستا فوئاد قەرەداغی، شارەزا لەبواری پەرورەدە لەبارەی ئەو بڕیارەی سەرۆکی حکومەتی کوردستانەوە تایبەت بەنوچەنێت دەنوسێت:

ئەمە بڕیارێکی نیوەناچڵە، پەیوەندی بە هەلومەرجی ئەمڕۆی کوردستان و ناوچەکەوە هەیە. بڕیارێکی تاکتیکییە، بە تێپەڕاندنی هەلومەرجە سیاسی و عەسکەرییەکەی ئێستا ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی هەیە.

ئەمە بڕیارێکی یەکلاییکەرەوە نییە و کێشەی توندڕەویی چارەسەر ناکات. یەکلاییکردنەوە بە رێکخستنی خوێندنی ئەو قوتابخانانە دەبێت بە یاسا بکرێت. بەوەدەبێت ناوەندێتیی لە سیاسەتی پەروەردەیی حکومەتدا هەبێت و هیچ کەس و رێکخراوو حزب و لایەنێک چ لە کوردستاندا بن یان بیانی بن بێ سەرپەرشتی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم کار نەکەن و دەستیان بۆ بردنەپێشەوەی ئەجندەکانیان ئاوەڵا نەبێت.

ئەم بڕیارە باری شانی وەزارەتی پەروەردە گرانتر دەکات. لە قوتابخانەکانی سەر بە وەزارەتدا کۆتایی بە دەسەڵاتی رەوتە ئیسلامییەکان بەسەر منداڵاندا نایەت، بەڵکو ئەو دەسەڵاتە کە لە پشتەوە کار دەکات دەگوازنەوە بۆ نێوەندە پەروەردەییەکانی سەر بە حکومەتی هەرێم .

ئەم بڕیارە بەرئەنجامی لێکۆڵینەوە یان توێژینەوەیەک نییە، ئەگەر نەڵێین سەرپێییە، ئەوا لانیکەم دەتوانین بڵێین : سیاسەتی رۆژ و ناچاری بووە . ئیتر نازانم ئایا سەنەدێکی دەستووریی هەیە یان نە؟

من راموایە رێگە لە کردنەوەی ئەو قوتابخانانە نەگیرێت، چونکە  لەلایەک ( وەک ماف ) دەبێت هەموو کەسێک ئازادی هەڵبژاردنی جۆری ئەو خوێندنەی هەبێت کە دەیەوێت، لەلایەکی دیکەوە ئەم بەربەستکردنە مەیلی توندوتیژیی زێتر دەکات. باشترین چارەسەر ئەوەیە بە یاسا ئەرکی ئەو قوتابخانانە بخرێتە سەر ئەو لایەنانەی دەیکەنەوە، خەرجیی قوتابخانەکان، خوێندکارەکان، مووچەی مامۆستاکان لەسەر خۆیان بێت، چاودێریی ئەوەش بکرێت لە دەرەوە تەمویل نەکرێن و، سزای یاسایی لەسەر هەبێت. چاکتر وابوو سەرۆکی حکومەت هەنگاوێکی بوێرانەی  لەڕێی پەرلەمانی کوردستانەوە بنایەو ئاینی لە پەروەردەو خوێندن جودابکردایەتەوە.

لەکۆتاییدا دەڵێم شەڕی داعش ، شەڕیکی عەقیدەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتییە، پێشینەی مێژوویی هەیەو لە واقیعی ئەمڕۆی کوردستاندا خەریکە رەگ و ریشە دادەکوتێت، یەکلایی کردنەوەی ئەو شەڕە لەمەودایەکی درێژخایاندا دەبێت، ئەویش سازدانێکی هەمەلایەنەی سیاسی، عەسکەری، فیکری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی دەوێت،  کە سەرەتا دەبێت جیاکردنەوەی ئاین لە دەوڵەت بێت و، لەکاتی هەموارکردنەوەی دەستووریشدا بچەسپێنرێت و، بە راپرسی بۆ دەستووری هەموارکراو، لەلایەن جەماوەری خەڵکی کوردستانەوە شەرعییەت وەربگرێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com