نوچەنێت
بەبڕیارێکی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، 39 قوتابخانە و 6 پەیمانگای ئاینی و 5000 خوێندکار لەو بوارە، لەوەزارەتی ئەوقافەوە دەگوازرێنەوە بۆ وەزارتەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵا، بەگوتەی وەزارەتی ئەوقاف، چیدی لەو خوێندنگەیانە بەتەنها وانەی ئاینی ناخوێنرێت.
د. دڵشاد عەبدولڕەحمان شارەزا لەبواری پەروەردەو وەزیری پەروەردەی پێشوو لەکابینەی پێنجەمی حکومەتی کوردستان، لەبارەی ئەو بڕیارەی سەرۆکی حکومەتی کوردستانەوە، تایبەت بەنوچەنێت، دەنوسێت:
سەرەتا دەمەوێ بڵێم بەداخەوە سەرەڕای ئەو هەنگاوانەی لەبواری پەروەردەو خوێندنی باڵا نراون، تائێستا پرسی پەروەردەو فێرکردن نەبوەتە پرسێکی ستراتیج و چارەنوس ساز لەلای حکومەت و پەرلەمان کە ئایندەی گەلەکەمانی لەسەر بەندە.
ئەوەندەی حکومەت و پەرلەمان و میدیاکان خەریکی پرسی نەوتن، مەگەر یەک لەسەر سەدی ئەوە خەریکی پەروەردەبن، لەکاتێکدا ئەوە پەروەردەی دروست و دیموکرات و ژیان دۆستە کە کلیلی کردنەوەی دەرگاکانی بەختەوەری مرۆڤەکانی لایە.
تۆ سەیرکە ئەنجومەنی باڵای ئابوری، ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان و چەندین ئەنجومەنی تر لەئەنجومەنی وازیران هەن، وابەستەی سەرۆکی حکومەتن، کە سەرەڕای گرنگیان کەچی ئەنجومەنی نیشتمانی پەروەردەو خوێندنی باڵا بوونی نیە کە لە هەموان پێویست ترە .
من بۆیە بە ڕەخنە دەستم پێکرد چونکە گەر ئەنجومەنێکی لەو شێوەیە هەبوایە لەمێژ بوو ئەو بڕیارەی کە ئەنجومەنی وەزیران بە ئیمزای سەرۆکی ئەنجومەن دەریکردوە دەردەکرا، کە سەرەڕای گرنگی لەوە گرنگتر چۆنیەتی جێبەجێکردن و بەدواداچونی جێبەجێکردنیەتی، کە ئەوە بە دڵنیاییەوە ئەرکی ئەنجومەنێکی لەوشێوەیەیە کە تا ئێستا بونی نیە .
بیرمان نەچێ کێشە هەر ئەو قوتابخانەو پەیمانگایانە نین، بەڵکو کێشە لە پرۆگرام و میتۆدی خودی کۆلیژو پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵاشە.
بۆیە وێڕای دەستخۆشیم بۆ بڕیارەکە دەبێ کاری زۆر بکرێ تا بڕیارەکە ئامانجەکانی بپێکێ .