نوچەنێت
بەبڕیارێکی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، 39 قوتابخانە و 6 پەیمانگای ئاینی و 5000 خوێندکار لەو بوارە، لەوەزارەتی ئەوقافەوە دەگوازرێنەوە بۆ وەزارتەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵا، بەگوتەی وەزارەتی ئەوقاف، چیدی لەو خوێندنگەیانە بەتەنها وانەی ئاینی ناخوێنرێت.
هۆمەر قەرەداغی ، شارەزا لەبواری پەروەردە و بەڕێوەبەری پەروەردە و خوێندن لە ستۆکهۆلم، لەبارەی ئەو بڕیارەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، تایبەت بەنوچەنێت، دەنوسێت:
پرسی فێرکاری بە بوارەکانی خوێندن و پەروەردەوە، یەکێکە لە گرنگترین پرسە ستراتیژیەکانی خاک و نەتەوەمان.
هەموو کات ئەو پرسە لە وڵاتە دیموکرسیەکاندا، لە ژێر سایەی حکومەتی هەڵبژێردراوی وڵاتدایە.
لە کوردستان بارێکی زۆر ئاڵۆز پەیدا بوو، کە بووە هۆکاری ئەوەی قوتابخانە وخوێندنگەی دینی بکەوێتە دەرەوەی دەسەڵاتی سیاسی هەڵبژێردراو، ئەمەش وایکرد کە دەیان بیروبۆچونی دژ بە بەهابنەماییە بەرزەکانی مرۆڤایەتی بکەوێتە بەردەم مێردمنداڵان و منداڵانی کوردستانەوە.
پرسەکانی دیموکراتی و مافی مرۆڤ کەوتنە بەر هەڕشەی هێزە تاریکەکان. پرسی یەکسانی کچان و کوڕان بە بەردەوام هێرشی دەکرایە سەر و دەکرێتە سەر.
تازە بە تازە باسی چوارژنی، لێنەخوڕینی سەیارە لە لایەن کچانەوە، بەندکردنی ژنان لە ماڵەوە …هەتا دوایی، بۆتە باسی ناو قوتابخانە دینیەکان. بێگومان ئەم باسانە دەبێتە هۆی داڕوخانی بەهاکان و ژێرخانی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و دروستبونی بۆچونی تاریک و نزیک بونەوە لە داعش.
ئەو بڕیارەی کە ئەنجومەنی وەزیران داویەتی، بڕیارێکی زۆر گونجاو و باشە، هەرچەندە درەنگ کەوت. دەبوایە هەر لە سەرەتاوە هەموو خوێندنگەیەک لە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی پەروەردە، یان خوێندنی باڵادا بوایە. بەڵام درەنگ باشترە لە هەرگیز.
بە بۆچونی من پرسی فێرکاری لە کوردستان زۆر گرنگترە لە پرسی نەوت و سامانە سروشتیەکان. چونکە پەروەردە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە بەهاکانەوە هەیە کە ناوەرۆکی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانە. وڵاتێک چەند دەوڵەمەند بێت، بەڵام بەهای بەرزی مرۆڤایەتی تێدا نادیار بێت، ئەو وڵاتە هەژارە لە مرۆڤدۆستی و قودسیەتی ژیان و سەربەستی تاکەکەس. هەژارە لە یەکسانی و بەرابەری مرۆڤەکاندا.
بۆ خوێندنەوەی بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەت کلیک بکە …..