کاوە نادر: بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەت، بڕیارێکی بوێرانەیە بۆ رێگرتن لەهەڕەشەی تیرۆر

0

نوچەنێت

بۆ رێکخستنی خوێندن لەبواری ئاینیدا، نێچرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، بڕیاریدا بەگواستنەوەی خوێندنگەو پەیمانگا ئاینییەکان، لەوەزارەتی ئەوقافەوە بۆ وەزارەتەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵا، و ئەو بڕیارەش دەنگدانەوەی بەدوایخۆیدا هێنا.

زۆرێک لەچاودێران بڕیارەکە بەگرنگ باس دەکەن و پێیان وایە، رێگەیەک دەبێت، بۆ بەزانستیکردنی خوێندن لەو بوارەو دوورخستنەوەی ڕوای توندڕەویی دەبێت لەکوردستان.

نوسەرو رۆشنبیر کاوە نادر قادر، لەبارەی ئەو بڕیارەی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، تایبەت بەنوچەنێت، دەنوسێت:

“بڕیارێکی بوێرانە بۆ خستنەسەر ڕێچکەی راستی کۆمەڵگە”

کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەتمی هەژمونگەری ئایینی بۆتەوەو تەواوی جومگەکانی ژیانی گرتۆتەوە و مارکس گۆتەنی ” بێ وەستان لەسەر رۆژهەڵات ناکرێ باس لە ئایین بکرێ”، ئەو ئایینە باوەی ناو ئەو ناوچەیە، رۆژ بەرۆژ لەڕێگایەوە توندوتیژی دەکرێت، لەکاتێکدا نە ئایین ئەوە دەگەینێ و نە ئیسلامیش هەموو گیانی توندوتیژییە!!.

چارەسەرکردنی ئەو دیاردەیەش چارەسەری بنەڕەتی و فرەلایەنی گەرەکە، نەک هەر چارەسەری سەربازی و ئەمنی، لەکۆمەڵگەی کوردستانیش ئەگەر بە رێژەیەکی کەمیش بێت، هەم مەیلی ئایینی برەوی پێدەدرێ و هەمیش توندوتیژی تیادا سەری هەڵداوە، بۆیە بۆ کوردستانیان، چارەسەرکردن و وەستان لەسەر ئەو دیاردەیە، ژیرانەیە و پێویستی بە چارەسەری گشتگیرانە هەیە.

خراپ بەکارهێنانی ئایین  کارەساتی لێدەکەوێتەوە

مارکس رای وا بووە، ئەگەر ئایین خراپ بەکار هاتوو، و بۆ بەرژەوەندی دیاریکراو قۆستراوە، و تەجرید کرا لەناوەڕۆکە ئەخلاقی و دادوەری و ئینسانیەتییەکەی، ئەوا دەبێتە هۆشبەر، رێک ئێستا لەو رۆژگارە، روبەڕوی ئەو حاڵەتە بوینەتەوە، ئایین  تێکەڵ بە سیاسەتکراوەو بەرژوەندخوازی نەتەوەپەرستی خێڵەکی، تێکەڵی بووە و عەلی وەردی گۆتەنی بە ئاراستەی “وعاظ للسلاطین”ی دەبات، هەر بەو هۆکارەوە تیرۆر هەڕەشە لەسەر تەواوی مرۆڤایەتی دەکات، لە شەڕی دژی ئەوتیرۆرەشدا کە لەلایەن وڵاتانی باڵادەستی دونیای راگەیەنراوە و بەشێکی زۆری ئابووری بۆ تەرخانکراوە، کە هۆکاریش ئەو خراپ بەکارهێنانەی ئایینە کە لەم ناوەچەیەدا پەیڕەو دەکرێت، هەر ئەوەش رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستۆتە نێو گێژەنی شەڕێکی نادیاری سەرەتای دیارو کۆتایی مەزەندەنەکراو!!

شیعە و سونەی تێکبەرداوە و وڵاتانی کۆلۆنیالیست بە ناوی دژە تیرۆرەوە بە دڵی خۆیان ئەجیندای خۆیان بەجێ دەگەیەنن و دەست لەرۆژهەڵات وەر دەدەن!! .

شەڕ لەسەر زەوییە نەک لەگەڵ ئاسمان

ئەم قسەی سەرەوە هی مارکسە، ئێستا بە دوولایەن روبەرومان بۆتەوە!!!، لەکاتێکدا ئەوەی رەەدەدات هی ئەردەو بە ناوی ئاسمان لەگەڵمان بەڕێودەچێت، ئەوانەی کە بەرەنگاری ئەو رەوتەش دەبنەوە بەشێکی زۆری بە ختوخۆڕایی شەڕ لەگەڵ ئاسمان دەکەن!!

کە لەهەردوو حاڵەتدا رەنگدانەوەی سلبیانەی لەسەر خەڵک و بەرژەوەندی گشتی دەکەوێتەوە.

هەندێک شەڕ لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەیی و دەسەڵاتی سیاسی و بەعەقلیەتیەکی خێڵەکی دەکەن، بەڵام قاڵبی پیرۆزی پێدەدەن و دەیکەنە هێڵی سور!!! و لەڕێیەوە پیرۆزییەکان لەناوەڕۆکی رەسەنی خۆیان دووردەخەنەوە، کەچاکسازی مرۆڤی مەبەستە، نەک لەناوبردن و تەفروتوناکردنی !!!.

هەندێکیش لەبەرانبەردا بەناوی شەڕی دژە تیرۆرەوە خودی ئایینیان کردۆتە ئامانج نەک تیرۆر!!!!، لەکاتێکدا ئایین عەقلێکی جەماوەری و بزوتنەوەیەکی بابەتییە و گۆڕینی و پێشخستنی ئەرکی هەموو ئینسانیەتە نەک کۆدەتاکردن لەسەری!!، بەڵکو پێویستە  ئایین بکرێتە دیتنی راستی و یەکسانی و دادوەری و خۆشەویستی و ئاشتەوایی و تەبایی بۆ تەواوی مرۆڤایەتی.

مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دوو تەوژمە لەگەڵ ئەو دوو رەوشەی دەیهێننە پێش، کارێکی یەکجار ئەستەمە و پێویستی بە وردەکاری و هەڵسەنگاندنی هێمنانە دەبێت.

ئایینی ئیسلام  ئێستا وەک نمونەکەی ئەشکەوتی ئەفلاتۆنی لێهاتوە ” کەتەنیا لەرێگای سێبەرەکانەوە موخاتەبەکراون” نەک لەرێگەی راستەوخۆ بە شێوەیەکی ئاسایی و لەبەر روناکی رۆژ، بەڵکو وا راهاتووە بەخەڵکی مردو و لەتاریکیدا موخاتبەی ئەقل بکات!!!، هەروەک ئەو فەیلەسوفە یونانییە لە وەڵامی ئەو ئەقڵیەتە، پرسیویەتی “چی دەبێ ئەگەر ئەو خەڵکە لەئەشکەوتەکە، دەربێن وکەلەبچەیان لەدەستبکرێتەوە و چی دیکە بە زمانی سێبەر موخاتەبە نەکرێن” !!!! .

ئێمەش دەبێ بپرسین چی بکەین بۆ ئەوەی ئەو سێبەرە روناک بکەینەوە، کە تێیدا و لەڕێیەوە موخاتەبەی خەڵک دەکەن بۆ دین و دین بەکاردەبەن بۆ ئامانجێکی تایبەت؟

بڕیارێکی بوێرانەی حکومەتی کوردستان بۆ رێگرتن لەهەڕەشەی تیرۆر

هەڕەشەی تیرۆر دونیای تەنیووە و دژایەتیکردنی بۆتە ئەرکێکی ئینسانی، پێویستە هەر وڵاتە و بەپێی هەلومەرجی خۆی بەرەنگاری بێتەوە، عەفەویەت و بێ بەرنامەڕێژی سیاسی و پەروەردەی دەسەڵاتدارانی سیاسی، وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پشتبەستن بەچارەسەری سەربازی و ئەمنی، وایکردوە، بنکەی جەماوەری ئەو گروپە تیرۆرستانە فراوان ببێت!!! ، بۆیە بەهەند هەڵگرتنی لایەنی پەروەردەیی و سیاسی و ئابووری و روناکبیری ئایینی، لەپرۆژەیەکی سیاسی فرەلایەندا بۆ ئەو ئامانجە و لەشەڕی دژە تیرۆردا، پێویستە و کارێکی لۆژیکیانە و بوێرییە، لەو کاتانەدا کە بۆتە ئەرکی تاک و کۆمەڵگە و دەسەڵات .

لەسەدەی هەژدەوە فەیلەسوفێکی جولەکە، موسا مندلسون، بۆ جووەکان چەند خوێندنگەیەکی کردەوە، کە پێش ئەوەی تەلموتی جولەکەوبخوێنن، فەلسەفە و ماتماتیک و فیزیا…. یان خوێند و لەو ڕێیەوە توانیان لەو جغزە ئایینییە داخراوەی خۆیان دەرباز بن!!! ، ئەو پرۆسەیە بە “هلسکالا ” ناوزەد کرا.

پێش ٢٣٠٠ ئەبیکور لەئەسینا تیورێکی بۆ خوێندکارەکانی داهێنا، کە پێیان دەوت لادانی کاتی” کلینامن”، کاتێ “یەک گەردیلە لەرێچکەی ئاسایی خۆی لادەدا، بەهۆی راکێشان (جاذبیە) بێ ئەوەی لەسیستەم لابدا و خۆی بە گەردیلەیەکی دیکە دەخشێنێ بارستە و وزەی تر دروست دەکات “، دەکرێ مرۆڤیش بە هەمان شێوە، لەرێچکەی ئاسایی دەربچێ و وزەو بارستەی نوێ دروست بکات!!، ئەم پرۆسانەش پێویستییەکی هەنوکەییە بۆ کۆمەڵگەی ئیسلامی، کلینامن وەک ” فڕێدانی بەردێکە بۆ ناو گۆمی مەنگی کۆمەڵگەی ئیسلامی و “بەلانی کەم بۆقە دەنگ ناخۆشەکان بێ دەنگ دەکات”!!!، “کانت” گۆتەنی ” با لەکارو بەرهەمی عەقلیش نەترسین “!!! کە فقهی ئیسلام لێ دەترسێ لە دهۆکەێ!!!، ئیسلامیش پێویستی بەوە هەیە، وەک فەیلەسوفی دانیمارکی نیکۆلای گریندوفیگ دەبێژی ” پێش ئەوەی سەربە ئایینێکی دیارکراو بی، مرۆڤ بە!! ” .

ئەو بڕیارەی حکومەتی کوردستانیش، کە خوێندنگە ئایینییەکان بخرێنە سەر وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا کە دەیان پەیمانگەی ئاینی و قوتابخانەی شەریعەتی، کە پتر لە ٣٠ هەزار قوتابی تێدایە و” ١٩هەزاری لە سلێمانیەو ١٥ هەزار لە هەولێرو ٣ هەزار لە دهۆکە” و ئەگەر باش پەرەوەردە نەکرێن، لەبری روناکبیری ئاینی ئارستەکراوی وەک لەسەرەوە باسمان کرد، ئەوا ئایەتەکە پێجەوانە دەبێتەوە!!! و نێچیرێکی باشی دەستی سەلەفییە جیهادییەکان دەبن!! بڕیارێکی گرنگ و بەجێیە.

ئەو بڕیارەی حکومەت کارێكە ئاو لەو جۆگەلەیە دەکاتەوە! کە دەخوازێ پاراستنی ئۆقرەیی و ئارامی و رێكخستنەوەی کۆمەڵگەی کوردستانی و پێشکەوتنی بەرەو مۆدێرنکردن بڕوات و ئایین بخرێتەوە سەر رێچکەی خۆی بە ئاراستە راستەکەدا.

هەوڵێکە بۆ دەرهێنانی کارتی قوتابخانە ئاینییەکان لەدەست تیرۆرستە سەلەفییە جیهادییەکان، کە نەک هەڕەشە لەدەسکەوتە نەتەوەیی و ئۆقرەیی کۆمەڵگەی کوردستان دەکەن، بەڵکو خوازیاریشن کۆمەڵگە بۆ ئەو ئەشکەوتە تارییکەی ئەفلاتۆن باسی کردووە، راپێچ بکەن، تا سەرلەنوێ بەکۆیلەی خێلایەتی عەربچێتی ببینەوە!!!!.

بۆ خوێندنەوەی بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەت کلیک بکە …..

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com