نوچەنێت
ئەو بڕیارەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، بۆ رێکخستنی خوێندن لەبواری ئاینیدا واژۆی کرد، کە دەبێتە هۆی گواستنەوەی خوێندنگەو پەیمانگا ئاینییەکان، لەوەزارەتی ئەوقافەوە بۆ وەزارەتەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵا، دەنگدانەوەی بەدوایخۆیدا هێنا، زۆرێک لەچاودێران بڕیارەکە بەگرنگ باس دەکەن و پێیان وایە، رێگەیەک دەبێت بۆ بەزانستیکردنی خوێندن لەو بوارەو دوورخستنەوەی لە بڕوای توندڕەویی لەکوردستان.
نوسەرو رۆژنامەنوس، سمکۆ محەمەد، لەوبارەیەوە بۆ نوچەنێت دەڵێت”ئەم بابەتە پێشتر زور موناقەشە كراوە، کەحكومەتى كوردى دواى نزيك بە دوو دەيە پێشنيارى بۆ كراوە، كە بوونى ئەو شێوازە لە پەروەردە مەترسسيیە بۆ داهاتووى گەلەكەمان، ئێستا بيرى لێكردۆتەوە و بەياسا ديارى دەكات، مەسەلەكە لەرووى ياسايش نەبێت فكريە، دەوڵەت يان نەتەوە، كە لەسەروەختى خۆ كۆكردنەوەيەتى بەرەو دامەزراندن، يان سەلماندنى بوونى خۆى لەبەرامبەر دونيا، دەبێ بەر لەهەر شتێك بير لەئامادەكردنى نەوە و ئينسانى خۆى بكاتەوە، ئەويش بەئەمنيەتى كۆمەڵايەتى و پەروەردە و تەندروستى دەبێت، ئەمە ٣٤٥ ساڵ بەر لەهاتنى مەسيح، لە يۆنان كراوە و ئێستاش بنچينەى ياسا و دەستوورى هەموو وڵاتێكى ئەورپایە. كەوابوو دەبوو زووتر لەکوردستان کار بۆ ئەوە بكرابايە”. دەشڵێت”ئيستاش درەنگ نييە”.
بەڵام بەبڕوای ئەو نوسەرە، دەبێت بۆ ئەو بوارە”لەپەروەردەش بوارى موجامەلەى تيانەمێنێ و ئاين بكرێت بەرۆشنبیرى ئايينەكان، چونكە كورد وەكو نەتەوە زياتر لە ئاينێكى تێدايە و دەبێ نەوەكان هەموو ئاينەكانى لەرێگەى پەروەردەوە بخوێنن و ئاشنا بن پێى. ئەوە نەنگيە كە تائێستا رۆشنبيرى ئيمەى كورد، نازانێ كە چەند ئاين و ئاينزا و چەند كولتوور لە كوردستانە و شوێنى جوگرافيا و رەهەندە كولتورييەكانيان چييە و چۆنە، ئەوە لەم چەند ساڵەى دوايى زانراوە، ئێزيدى چۆن و كوردن، دەنا هەر بە پيس ناسرابوون و دەوترا كوردنين و دژى ئيسلامن، كاكەيش هەروا. دەبێت لەلامان عەيب بێت نەوەیەكمان هەبێت نەزانێ ئاينى ئيزيدى كێن و چۆنن و ئاينى كاكەيى چۆن و كێن و لەچ شونێك دەژين، ئاينى زەردەشتى كەموڵكى كوردە نەزانێ چییە و كێن، ئەمە كەلێنى پەروەردە و ميتۆدە، نابێت حكومەت لەم شتانە بترسێت”.
هەر لە قسەکانیدا بۆ نوچەنێت، سمکو محەمەد رەخنە لەوەزارەتی رۆشنبیریش دەگرێت، کە گرنگی بەرۆشنبیری ئاینی نەداوە، لەو بارەیەوە نمونەیەک دەخاتەڕوو کە”بەر لە ٤ ساڵ كتێبێكم لەسەر ئاين و كەمينەكان دەركرد و كەوتە بازاڕەوە، دەبوو وەزارەتى رۆشنبيرى بيكڕێت جاريكى تر لە چاپى بداتەوە. كەچى زۆر بێبەهایيانە قسەيان لەسەر كرد. هێزێك هەيە لەنێوكوردستان دژى پێشكەوتنى كوردە و هەر گەركيەتى دوا بكەوێت. دەنا خەڵكى زۆر دڵسۆز هەيە پێشنيارى باش دەكات، بەڵام حكومەت گوێى پێنادات و هەر خەريكى نەوتە، دەوڵەت تەنها بە نەوت بونيات نانرێ، بەڵكو دەبێ كولتوورەكەى كە نيگەتيڤى تێدايە بەدەستوور و ياسا چارەسەر بكات”.
محەمەد هۆشداریش دەدات کەدوای ئەو بڕیارەش بۆ بەرهەمهێنانی توندڕەوی لەکوردستان”بوار ماوە، ئەو قوتابخانانە لەشوێنێكى تر هەمان مامەڵەى توندى لەگەڵ بكرێت، چونكە توندڕەوى شوێنى نهێنيان هەيە و حكومەت نايزانێ، دەبێ ئەمنى چارەسەرى كێشەى پەروەردە بكرێت و خەمخۆرى هەبێت بە ميتۆد چارەسەر بكرێت”.
بۆ خوێندنەوەی بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەت کلیک بکە …..