هەرەس: بڕیارەکەی بارزانی کەمتر نیە لەو رێنیساسە ئەوروپییەی مەسیحییەتی خستە خزمەتی پێشکەوتن

0

نوچەنێت

بەبڕیارێکی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، 39 قوتابخانە و 6 پەیمانگای ئاینی و 5000 خوێندکار لەو بوارە، لەوەزارەتی ئەوقافەوە دەگوازرێنەوە بۆ وەزارتەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵا، بەگوتەی  وەزارەتی ئەوقاف، چیدی لەو خوێندنگەیانە بەتەنها وانەی ئاینی ناخوێنرێت.

حەمە رەشید هەرەس، نوسەرو رۆشنیر، لەبارەی ئەو بڕیارەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، تایبەت بەنوچەنێت، دەنوسێت:

“کۆنترۆڵ کردنی قوتابخانە ئاینییەکان”

ئاشکرایە و زۆر لە مێژە کەسانی عەلمانی کوردستان، لە هەڵوەدای کۆنترۆڵ کردنی بیری ئاینی سەلەفی و توندڕەودان، بەڵام بە دەنگەوە نەچوونی لایەنی دەسەڵاتدار، شکاندنەوەی تەمای پیرۆزی هەڵوەداکانیانبوو.

گەورەترین خەمی رۆشنبیران و نەتەوەییەکانی کورد، ئەو ژمارە زۆرە کوردە بوون کە لە قوتابخانە و پەیمانگا ئاینییەکان و لە ژوورە تاریکەکاندا، دوور لە هەموو چاودێرییەك و بە پێی پرۆگرامێك کە زادەی بیری کەسانێك بوون، دوور نەبوو بە بیری تیژڕەوی گۆش بکرێن.

ئەو ژمارە کوردە زۆرەی لەناو داعش دان راستی بۆچوونەکەمان ئەسەلمێنێت، کە دەیەها و بگرە سەدەها قوتابی کوردی خێر نەدیوی لە ژیان هەڵگێڕایەوە و بە شوێن حۆری و بەهەشتا وێڵی بیابانی نەزانینی کردن و بە ناوی جیهادەوە بوونە سووتەمەنی بۆ ئەو ئاگرەی رەگەزپەرستانی عەرەب دژی ئەزموونەکەمان هەڵیانگیرساندووە و ئەگەر جڵەوگیرییش نەکرێن ئەو ژمارانە بەرەو هەڵکشان دەڕۆن.      

لێرەدا ئەو پرۆسێسە ترسناکەی کە لەو قوتابخانە دینیانەوە سەر چاوەی ئەگرت، بەپێی ئەو بڕیارەی لە بەڕێز نێچیرڤان بەرزانیەوە دەرچوو، کە هەموو قوتابخانە و پەیمانگاکان بخرێنە سەر وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا، ئەم پڕۆسێسە کەوتە ناو کۆڵانێکی دەرنەچووەوە و، خوێندنی ئاینی کەوتە ژێر چاودێری یاسای خوێندن و پەروەردەی مۆدێرن و، ٣٩ قوتابخانەی بنەڕەتی و شەش پەیمانگای ئاینی بە پێنج هەزار قوتابی کوردەوە، کەوتنە ناو دەسەڵاتی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵاوە، ئەمانیش بەپێی پەروەردە و رێگا نوێکانی سەردەم پرۆگرامی خوێندنیان بۆ دابین ئەکەن و، جگە لە مادە ئایینییەکەی کە تیایدا مادەی پسپۆڕییە، شانبەشانی ئەوەش مادەی هەمەڕەنگەکانی زانست و ژیانیش ئاوێتەی خوێندنی ئاینی ئەکەن و خوێندکار بەرە و یەك تەوەر شۆڕناکەنەوە، کە زۆر جار لە تیژڕەویدا خۆی ئەبینێتەوە و کەسایەتییەکی لێ درووست ئەبێت وەك ئەو کەسایەتیانەی رۆژانە لێرە و لەوێ، لە مینبەری مزگەوتەکانەوە ترسناكترین بیری مرۆڤکوژ بڵاو ئەکەنەوە.

ئاشکرایە مەسەلەی دین شمشێرێکی دوودەمە، ئەشێت داعش بەرهەم بێنێت و وێرانکردنی هزر و ژیان بەرنامەی بێت، یان ئەشێت ببێتە مایەی فەراهەم کردنی ویژدانێکی شایستە بۆ تاك.

ئەم بڕیاڕەی بەڕێز نێچرڤان بارزانی، گەڕاندنەوەی تاکی کورد و مەسەلە ئاینییەکەیە بۆ سەر سکە راستەکەی و رەوینەوەی خەمی هەموو کوردێکی دڵسۆزە لەوەی، مەسەلە ئاینییەکە لە نەیاری کورد کوردستان و وڵاتپارێزییەوە، بگوێزینەوە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگا، ئەم هەنگاوەی بەڕێزیان کەمتر نیە لەو رێنیساسە ئەوروپییەی زۆر لە مێژە مەسیحییەتی خستە خزمەتی پێشکەوتن و تەکنەلۆجیاوە، کە پێشتر دوژمنی هەرە سەختی ئەو بوارە بوون و بەڵگەگەلێکی مشەشمان بۆ ئەو مەبەستە لەبەر دەستایە، هیوادارین بە زووترین کات بچێتە واری جێبەجێ کردنەوە.

بۆ خوێندنەوەی بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەت کلیک بکە …..

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com