نوچەنێت
بەبڕیارێکی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، 39 قوتابخانە و 6 پەیمانگای ئاینی و 5000 خوێندکار لەو بوارە، لەوەزارەتی ئەوقافەوە دەگوازرێنەوە بۆ وەزارتەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵا، بەگوتەی وەزارەتی ئەوقاف، چیدی لەو خوێندنگایانە بەتەنها وانەی ئاینی ناخوێنرێت.
سەلام عەبدوڵا نوسەرو چالاکوان، لەلێدوانێکدا بۆ نوچەنێت ئەو بڕیارە بەبڕیارێکی “گرنگ” ناو دەبات، چونكە “قوتابخانە ئاينيیەكان لە كاريگەریی سەلەفی توندڕەو (داعش لە رەفتار و بيركردنەوە)ى رۆژانەو لەپەرتەوازەى رزگاردەكات”.
لەگەڵ ئەوەی ئەو بڕیارە بەپێویست دەزانێ، سەلام عەبدوڵڵا دەشڵێت”دەكرا بريارەكە بوێرانەتر بوايە و قوتابخانە ئاينيەكانى حزبە ئیسلامییەكانيشی بگرتايەتەوە، هيچ پێويست ناكات ئەوان قوتابخانەى تايبەت بە خۆيان هەبێت، ئێمەش وەك هەموو ولاتانى دنيا، وەزارەتى تايبەت بە خويندنمان هەيە و هەر كەسێك دەيەوێت لەبارەى ئيسلامەوە بخوينێت، با لەقوتابخانە و پەيمانگە و كۆليجى فەرمى حكومەت بخوێنێت”.
هەر لەلێدوانەکەیدا بۆ نوچەنێت، ئەو نوسەرو چالاکوانە، هۆکاری نیگەرانی هەندێک لەمامۆستایانی ئاینی لەو بڕیارە بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە ئیتر “ناتوانن بە ئارەزووى خۆيان ئاراستەى خويندكاران بكەن و دەبێ بەرنامەيەك پەيرەو بكەن كە فێرى پێكەوە ژيانیان دەكات و عەقڵيەتى تەكفيریان لێ قەدەغە دەكرێت، و پابەندى عەدالەتخوازى و نەهێشتنى زوڵمكارى دەکرێن، بۆیە بەم بڕیارە دڵخۆش نین”.
سەلام عەبدوڵڵا پێشنیاری ئەوەش دەکات، کەلەڕێگای ئەو خوێندگایانەوە، کە لەداهاتوو لەڕێگای وەزارەتەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵاوە سەرپەرشتی دەکرێن” تێگەيشتنێك سەربخرێ كە رەخنە لە ئاين، بە تەكفيركردن و كوشتن وەڵام نەدرێتەوە”.
بۆ خوێندنەوەی بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەت کلیک بکە …..