بکوژی کچەکەی سۆران ئاشکرا کرا

0

نوچەنێت
بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە سۆران، بکوژ و بکەری راستەقینەی رۆژین سەفەر مستەفای تەمەن 17 ساڵ و قوتابی پۆلی 9ی بنەڕەتی ئاشکراکرد، بەڵام هێشتا بۆ زانینی تەواوی هۆکارەکە لێکۆڵینەوە بەردەوامە.

دوای ئەوەی لە رۆژی 3-7-2017 خێزان و كەسوكاری رۆژین بۆ هێنانەوەی تەرمی نەنكی و بەخاكسپاردنی ماڵ بەجێدەهێڵن، رۆژین بەهۆی ئەوەی كە قوتابیی قۆناخی نۆی بنەڕەتی بووە و خەریكی خۆئامادەكردن بووە بۆ تاقیكردنەوە، لە ماڵەوە دەمێنێتەوە، بڕیاربووە شەو بچێتە ماڵی مامی، بەڵام دوای كاژێر 11ی شەو لە رووداوێكی تەمومژاویدا بەر چەقۆ دەدرێت و دەكوژرێت.

رائید خۆشەوی تەها، بەڕێوبەری بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە سۆران، لە کۆنگرە رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی نێوشاری سۆران رایگەیاند “دوای رووداوەکە بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی نێوشار دۆسیەیەکمان کردەوە و دەستمان بە لێکۆڵینەوە کرد، لە ماوەی کەمتر لە 72 کاتژمێر توانیمان تۆمەتباری سەرەکی، بکەر و بکوژی راستەقینەی رۆژین ئاشکرا بکەین”.

خۆشەوی تەها گوتی “دوای وەرگرتنی رەزامەندی لە بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی سۆران، تۆمەتبار لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان ئامادەبوو، دانی بە تاوانەکەدا نا، دواتر لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی سۆران دانی بە تاوانەکەیدا نا”.

خۆشەوی تەها ناوی سیانی تۆمەتبارەکەی ئاشکراکرد و گوتی “تۆمەتبار (د.م.ا) تەمەن 30 ساڵ خێزاندارە و دەکاتە مامی رۆژین، پیشەی پۆلیسی هاتووچۆیە لە سۆران”. دەشڵێت “تۆمەتبار (د.م.ا) ئێستا بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە، بەپێی کات کەیسەکە رێککاری یاسایی خۆی وەردەگرێت، تا ئەوکاتەی بە سزای یاسایی خۆی دەگات”.

سەبارەت بە هۆکاری کوشتنەکەی، عەمیدی مافپەروەر محەممەد مهاجیر، بەڕێوەبەری ئاسایشی نێوشاری سۆران لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکدا رایگەیاند “هەندێک وردەکاری هەن، بەڵام هێشتا بۆ زانینی تەواوی هۆکارەکە لێکۆڵینەوە بەردەوامە. بەپێی راپۆرتی پزیشکیش کچەکە سالمە، واتە دەستدرێژی نەکراوەتە سەر”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com