نوچەنێت
بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف داوای قەدەغەكردنی چەند كاڵایەك دەكات و دەڵێت، ئەو كاڵایانە مەترسییان لەسەر پێكەوەژیانی ئاینی لە هەرێمی كوردستان هەیە.
نووسراوێک بە ئیمزای د.پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف بە وەكالەت، كە ژمارە 116ی لەسەرە و رۆژی 13-6-2017 دەرچووە، لە ناوەڕۆكەكەیدا هاتووە “هەندێك كاڵا كە هاوردە دەكرێن سووكایەتییان بە ئاین تێدایە”. بۆیە داواكراوە هاوردەكردنیان قەدەغە بكرێ.
مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە (رووداو)ی راگەیاندووە، ئەو نووسراوەیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزكردووەتەوە، چونكە بە گوتەی ئەو “چەند ساڵێكە لەڕێگەی خاڵە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستانەوە كۆمەڵێك كاڵا هاوردە دەكرێن كە ئاشتەوایی كۆمەڵگا دەخەنە مەترسییەوە، هەروەها لەڕووی دینییەوە نابێت و سووكایەتیكردنە بە ئایین”.
مەریوان نەقشبەندی ئاماژەی بەوەداوە گوتی “لە سنووری ئێران پەڕەی قورئانی دڕاو دەخەنە نێو سێو، لەم رۆژانەش دایبی منداڵ هاتووە، كە ناوی زەردەشتی لێ نووسراوە، هەروەها جۆرە پێڵاوێك هاوردەكراوە و لە شارۆچكەی چەمچەماڵ دەفرۆشرێت، لەژێر پێڵاوەكە وێنەی خاچ و ناوی پیرۆزی پێغەمبەرمان محەممەد، بە پێچەوانە نووسراوە، یان ناوی عیسا و موسا لەسەر شۆرت و جلی ژێرەوەی ئافرەتان نووسراوە. لە شارۆچكەی عەنكاوەش سووكایەتی بە ئاینی جوو كراوە لەڕێی جۆرە پێڵاوێكەوە”.
نەقشبەندی ئەوەشی خستەڕوو، کە “ئەم كاڵایانە لە خاڵە سنوورییەكانی حاجی ئۆمەران و باشماخەوە هاوردە دەكرێن، تەنانەت لە فڕۆكەخانەكانیش، هەر بۆیە ئێمە نووسراومان بە وێنە و بەڵگەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ بەرزكردووەتەوە و بۆ كۆنترۆڵكردنی زیاتری سنوورەكان و گرتنەبەری رێكاری توندتر لەسەر ئەو كاڵایانە و سزادانی ئەو كەسانەی بۆ نانەوەی توندوتیژی و سووكایەتیكردن بە ئایینەكان ئەم كاڵایانە دەهێنن”.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئەوقاف، لەبارەی ئەو وڵاتانەش كە كاڵاكانی لێوە هاوردە دەكرێت، دەڵێت “ئەم كەلوپەل و كاڵایانە لە ئێران، توركیا، سووریا و عێراقیشەوە هاوردە دەكرێت، ئەمە ئاشتیی كۆمەڵایەتی و ئایینی تێكدەدات، لەكاتێكدا لە هەرێمی كوردستان هەموو ئایین و خاوەن بیڕوباوەڕە جیاوازەكان بە ئاشتی دەژین”.