پارتی: راگەیەندراوە هاوبەشەکەی یەکێتی و گۆڕان بەهەنگاوێکی ئەرێنی دەبینین

0

نوچەنێت: تایبەت

پەرلەمانتارێکی پارتی رایدەگەیەنێت، کە هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ راگەیەندراوە هاوبەشەکەی یەکێتی و گۆڕاندا نییە و بە هەنگاوێکی ئەرێنیشی دەبینین. دەشڵێت “بارودۆخی سیاسی لای ئەوان ئاسایی بووەتەوە و هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کاراکردنەوەی پەرلەمان نەماوە”.

ئێوارەی رۆژی شەممە 8-7-2017، سەرکردایەتی هاوبەشی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی کۆبووەوە و بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەش چەند بڕیارێك دەرکران، لەوانە: 

یه‌كه‌م: یه‌كڕیزیی‌ نیشتمانیی‌‌ له‌سه‌ر پرسه‌ نیشتمانییه‌ چاره‌نووسسازه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان دروستبكرێ.
دووه‌م: دوای‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان، ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌ له ‌سنووری‌ كارگێڕی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان ئه‌نجامبدرێت.
سێیه‌م: دروستكردنی‌ هاوپه‌یمانی‌ (إئتلاف) فراكسیۆنه‌كانی‌ یه‌كێتی‌‌ و گۆڕان له‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق ‌و په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌ و ئه‌نجوومه‌نی‌ پارێزگاكان.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، فەرحان جەوهەر قادر، ئەندام پەرلەمانی کوردستان، لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی راگەیەندراوە هاوبەشەکەی سەرکردایەتی یەکێتی و گۆڕان رایگەیاند: ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئەو راگەیەندراوەدا نییە و بەهەنگاوێکی ئەرێنیشی دەبینین، کە جەختیان لە ئەنجامدانی گشتپرسی کردووەتەوە و هەمان بۆچوونی ئێمەیان هەبووە، لەبارەی یەکڕیزی نیشتمانی و ئەنجامدنی گشتپرسی لە ناوچە دابڕێندراوەکانی هەرێمی کوردستان.

فەرحان جەوهەر ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە بارودۆخی سیاسی لای ئەوان ئاسایی بووەتەوە، بەهیچ شێوەیەك کێشەمان لەگەڵ کاراکردنەوەی پەرلەمان نەماوە و گوتیشی “ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەوانە، خۆیان دەزانن چۆن هەنگاو دەنێن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، چونکە پارتی هەموو مەرجەکانی خۆی هەڵگرتووە و رایزیشە بە گەڕانەوەی، یوسف محەمەد تا کۆتایی ئەم خولە وەکو سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان”.

ئەو ئەندام پەرلەمانەی پارتی لەبارەی گشتپرسی داوایەک ئاراستەی گۆڕان، یەکێتی و لایەنەکانی دیکە دەکات و دەڵێت “سەرەڕای بوونی ناکۆکیەکانمان، گشتپرسی پەیوەندی بەهەموو خەڵکی کوردستانەوە هەیە و پەیوەست نییە بەیەك حزب و یەك سەرکردەوە، بۆیە بەجددی وەربگرن و گرێی نەدەن بە ململانێی حزبی نێوانمان”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com