تایبه‌ت: نوچه‌نێت
په‌رله‌مانتارێكی پارتی له په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، هیوادارین ئه‌و لایه‌نانه‌ی نایه‌نه پاڵ گشتپرسی كۆسپیشی بۆ دروست نه‌كه‌ن. ده‌شڵێت “ئه‌و لایه‌نانه‌ی نایه‌نه پاڵ گشتپرسی، رێگر نه‌بن لە ئه‌نجامدانی پرۆسه‌کە لە زۆنی سه‌وز“.
ڕۆژی 7-6-2017 مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به ئاماده‌بونی سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسی و پێكهاته‌كانی كوردستان بێجگه له بزووتنەوەی گۆران و كۆمه‌ڵی ئیسلامی کوردستان، بڕیاری ئه‌نجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان درا و هه‌ر له‌و كۆبوونه‌ویه بڕیار درا رۆژی 25-9-2017، وه‌ك رۆژی گشتپرسی دیاری بكرێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، به مه‌رسومێكی هه‌رێمی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان راسپێردرا ئاماده‌كاری پێویست بۆ سه‌ركه‌وتنی گشتپرسییەکە بكات.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، شوان شێخ ئه‌حمه‌د، په‌رله‌مانتاری پارتی له په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌باره‌ت به دیاری نه‌كردنی نوێنه‌ر بۆ پرسی گشتپرسی رایگه‌یاند: مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو هه‌وڵێكی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی لایه‌نه‌كانی ناو هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ندێ له لایه‌نه‌كان نه‌هاتوون به ده‌م هه‌وڵه‌كانی بارزانییەوە، بۆیه ئومیده‌وارین پرسی گشتپرسی هه‌موومان یه‌كبخات و بگه‌ینه ئاواتی له مێژینه‌ی نه‌ته‌وه‌یمان، كه ده‌وڵه‌تی كوردستانه، نه‌ك كۆسپی بۆ دروستبكه‌ین.
شوان شیخ ئه‌حمه‌د ده‌شڵێت، دیاری نەکردنی نوێنه‌ر له‌لایه‌ن چه‌ند لایه‌نێكه‌وه، به تایبه‌ت یه‌كێتی نیشتمانی، ده‌بێته كۆسپ له به‌رده‌م گشتپرسی، به‌ڵام پرۆسه‌کە هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت و له كاتی خۆی له 25-9-2017 ئه‌نجام ده‌درێت.
به بڕوای ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی، به‌و پێیه‌ی گشتپرسی پرسێكی نه‌ته‌وه‌یه، بۆیه وا پێویست ده‌كات هه‌موو لایه‌نه‌كان پشتگیری بكه‌ین. هیوادارم ئه‌و لایه‌نانه‌ی نایه‌نه پاڵ گشتپرسی، رێگر نه‌بن لە ئه‌نجامدانی پرۆسه‌کە لە زۆنی سه‌وز.