نوچەنێت
ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک رایدەگەیەنێت، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتگیریی خۆی بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک راگەیاندووە.
بەهۆی بڕیاری بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک، رۆژی دووشەممە 3-7-2017، رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەوەکالەت، لە بەغدا دادگایی وتەی لێوەرگیراو و دواتر پرۆسەکە دواخرا بۆ رۆژی 24-7-2017.
د. محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی 3ی پارتی لە کەرکوک، بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی راگەیاندووە، لە سەرەتای هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بە فەرمیی لە کەرکوک، حزبەکەی پشتیوانی خۆی بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک نیشانداوە.
د. محەمەد خورشید گوتوویەتی، دوای هەوڵدان بۆ دادگاییکردنی رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک (بە وەکالەت)، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەرێگەی هێمن هەورامی، بەرپرسی کاروباری سیاسی و پەیوەندییە گشتییەکانی مەکتەبی بارزانی، پەیوەندی بە تاڵەبانییەوە کردووە و پشتگیری خۆی بۆ کەیسەکەی دووپات کردووەتەوە.
بەرپرسی لقی 3ی پارتی ئاماژەی بەوەش داوە، کە لقی 5ی پارتی لە بەغدا، لەسەر بڕیاری بارزانی، پارێزەریان بۆ کەیسەکەی تاڵەبانی دابین کردووە“، چونکە پارتی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان دۆسیەکەی تاڵەبانی بە دۆسیەی خۆمان دەزانن.