پێشمەرگە بانگهێشتی کۆبوونەوەی هاوپەیمانی دژ بە داعش نەکراوە

0

نوجەنێت
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، تاوەکو ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە بانگهێشتی کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانیێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە رۆژی 11-7-2017 لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا نەکراوە”.

کۆبوونەوەکان بە سەرپەرشتیی برێت مەکگۆرک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش بەڕێوەدەچن و تاوەکو رۆژی 13ی مانگ بەردەوام دەبن. هەروەها بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکان بریتی دەبێت لە چڕکردنەوەی زیاتری هەوڵەکان بۆ لەنێوبردنی داعش و گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکان، بنبڕکردنی سەرچاوە دارایی و مرۆییەکانی داعش لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەروەها باس لە دوایین پێشهاتەکانی موسڵ و رەقەش دەکرێت. 

سەبارەت بەوەی ئایا هەرێمی کوردستان کە رۆڵێکی بەرچاوی لە شەڕی دژی داعشدا گێڕاوە، بۆ کۆبوونەوەکان بانگهێشت کراوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی (تۆڕی میدیایی رووداو)دا گوتوویەتی “حکومەتی عێراق بۆ کۆبوونەوەکان بانگهێشتکراوە، هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی عێراقدا دەتوانێت بەشداربێت، حکومەتی عێراق خۆی ئەندامانی ئەو شاندە دەستنیشان دەکات، کە نوێنەرایەتی ئەو، لە کۆبوونەوەکاندا دەکات”. 

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە (رووداو)ی راگەیاند، هەرچەندە چەندین کۆبوونەوە و دیدار لەنێوان شاندە سەربازیی و سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا کراون، بەڵام تاوەکو ئێستا باس لە بەشداریکردنی وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانیێتیی نێودەوڵەتی بۆ جەنگی دژ بە داعش نەکراوە.

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com