نوچەنێت
چەند گوند و ناوچەیەک لە سنووری قەزای شنگال و چەند گوندێکی دیکە لە سنووری پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بۆردوومانکران. زیانەکان هێشتا ئاشکرا نەکراون.
پێشتر لە 25-4-2017 دا چیای شنگال و دەورووبەری لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە بۆردوومانکرا، بەهۆشیەوە شەش پێشمەرگە شەهید و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون، هێزەکانی سەر بە پەکەکەش کوژرا و برینداریان هەبوو. هەروەها جگە لە باشووری کوردستان، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ژمارەیەک بنکە و بارەگای هێزەکانی یەپەگەیان لە شاری دێرکی رۆژئاوای کوردستان بۆردوومانکرد، بەهۆشییەوە 18 شەڕڤان گیانیان لەدەستدا.
دەگوترێت فڕۆکەکانی تورکیا بۆردوومانەکانیان ئەنجامداون و بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی سەر بە پەکەکە و یەپەگەیان کردووەتە ئامانج. وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت “نازانرێت فڕۆکەکان هی کام وڵات بوون”.
ئاشتی کۆچەر، بەرپرسی ئاسایشی رۆژئاوای دیجلە، کە شنگال و سنوونێ و رەبیعە دەگرێتەوە، هەواڵەکەی بۆ (رووداو) پشتڕاستکردەوە و رایگەیاندووە، راستە بۆردوومان روویداوە، بەڵام زیانەکان نازانرێن.
فەرماندەیەکی پێشمەرگەش بە رووداوی راگەیاند، ئەو شوێنانەی بۆردوومانکراون ناوچەی سنوورین و لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە دوورن، بۆیە هیچ زیانێک بەر پێشمەرگە نەکەوتووە.
هاوکات فەریق جەمال ئیمینکی، سوپاسالاری پێشمەرگە و جێگری بەرپرسی میحوەری شنگالی هێزی پێشمەرگە بە رووداوی گوت: فڕۆكەی جەنگی سنووری نێوان شنگال و رۆژئاوای كوردستانیان بۆردوومان كردووە، بەڵام شوێنە بۆردوومانکراوەکان و زەرەر و زیانەكان بەتەواوەتی نەزانراون”. گوتیشی “نازانین چەند فڕۆكە بوون و هی كێبوون”.
هەروەها سەرحەد عەفرین، فەرمادەی یەكینەی پاراستنی شنگال (یەبەشە) پشتڕاستیکردووەتەوە، کە 12ی شەوی هەینی 7-7-2017، فڕۆكەی جەنگی لە نزیك شنگال گوندی دوگورەی لەنێوان سنووری رۆژئاوای كوردستان و باشووری كوردستان بۆردوومانكردووە. جگە لەم لێدوانانە میدیاکانی نزیک لە پەکەکە بڵاویانکردووەتەوە: ناوچەیەکی نێوان شنگال و رەبیعە لەلایەن هەلیکۆپتەر و فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق و بۆردوومانکراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە ماوەیەکە تورکیا لە سنووری شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان کە لەژێر دەستی پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD و باڵە سەربازییەکی، یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG دایە، هێزی کۆکردووەتەوە و هەڕەشەی ئەوە دەکات بە هاوکاری گروپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سوریا کە خۆی پشتگیرییان دەکات، هێرش دەکاتە سەر شارەکە.