ئەمڕۆ سەلاحەدین دەمیرتاش دادگایی دەکرێت

0

نوچەنێت- ئاژانسەکان

بڕیارە ئەمڕۆ هەینی دادگایی كردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، لە ئەنقەرە بەڕێوەبچێت. گوتەبێژی ئەو پارتەش دادگاییکردنەکە بە زوڵم ناودەبات و داوای دادپەروەری دەکات.

لە رۆژی ‌4-10-2016، حکومەتی تورکیا 12 پەرلەمانتاری ھەدەپە دەستبەسەرکران، ‌لەنێویاندا سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی هەدەپە هەبوون. تاوەکو ئێستا ژمارەیەك پەرلەمانتاری ھەدەپە دەستبەسەرکراون و بەشێكیشیان بە مەرج ئازادکراون.

بەگوێرەی ئەو سکاڵایانەی لەلایەن داواکاری گشتی و لایەنەکان دژی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) تۆمارکراوە، داوای سزای 486 ساڵ زیندانیكردن بۆ سەلاحەدین دەمیرتاش دەكرێت، بەجۆرێك لەسەر دوو لە سكاڵاكان داوای زیندانی تاهەتایی بۆ دەمیرتاش کراوە.

بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەکان، لە 35ـەمین دادگای ئەسلی سزاكانی ئەنقەرە، ئەمڕۆ هەینی 7-7-2017 پرۆسەی دادگاییكردنی سەلاحەدین دەمیرتاش بەڕێوەدەچێت و بەپێی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی دەمیرتاش كراون، دادگاییكردنەكەی لەسەر ئەو ئاخاوتنانەیەتی، كە لە دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیا ساڵانی پێشتر كردوونی، بۆیە بە تۆمەتی “سوكایەتیكردن بە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەكان و حكومەت” دادگاییەکەی دەمیرتاش بەڕێوەدەچێت.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە، عوسمان بایدەمیر، گوتەبێژی هەدەپە رایگەیاند، زیندانیکردنی هاوسەرۆک و پەرلەمانتارانی هەدەپە زوڵمێکی گەورەیە و زیان بە حکومەتی تورکیا دەگەیێنێت. بایدەمیر داواشیکرد، دادپەروەری لە تورکیا پەیڕەوبکرێت. جەختیشیکردەوە “هەدەپە بەردەوام دەبێت لەسەر خەباتی سیاسی”.

هەر بەم هۆیەوە دادگاییکردنەکەی دەمیرتاش، پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە رێگەی سۆشیال میدیا داوا لە لایەنگرانی کردووە، رۆژی هەینی کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی بۆ پشتیوانیكردن لە دەمیرتاش لەبەردەم دادگای ئەنقەرە گردببنەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com