بارزانی: پاشگەزبوونەوە لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی لە ئارادا نییە

0

نوچەنێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە رۆژی 25ی ئەیلوولی ئەمساڵدا گشتپرسی بەڕێوەدەچێت و بەهیچ شێوەیەک پاشگەزبوونەوە لە ئەنجامدانی گشتپرسی و پاشەکشە لە هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی لە ئارادا نییە. 

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکیدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، لە رۆژی 25ی ئەیلوولی ئەمساڵدا گشتپرسی بەڕێوەدەچێت، دەکرێت کاتی راگەیاندنی سەربەخۆییەکە دیاریکراو نەبێت، بەڵام بەکراوەییش نامێنێتەوە. پێشبینی ئەوەش دەکات دەنگی بەڵێ لە گشتپرسییەکەدا سەرکەوتن بەدەستبێنێت. 

گشتپرسییەکە تەنیا لە هەرێمی کوردستان ئەنجام نادرێت، بەڵکو لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش بەڕێوەدەچێت. بارزانیش لەوبارەیەوە دەڵێت، خەڵکی کەرکوک لە گشتپرسییەکەدا بڕیار لەسەر هەر شتێک بدات دەبێت رێزی لێبگیرێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دوای ئەنجامدانی گشتپرسی، دەبێت لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی جیهان دەست بە دانوستاندن بکەن، تاوەکو بگەنە رێککەوتننامەیەک بۆ رێگەگرتن لە هەر گرژییەک. گوتووشیەتی: ئامانجی سەرەکیمان جێبەجێکردن و دەستکەوتنی بڕیاری خەڵکی خۆمانە لەڕێی ئاشتی و دیالۆگەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، حکومەتی زۆرینە شیعەی عێراقی بەوە تۆمەتبارکردووە، کە بە دەستووری هەمیشەیی پابەند نەبووە لە رێگەدان بە حکومەتی هەرێمی کوردستان. بۆئەوەی دەسەڵاتێکی زیاتری هەبێت. گوتیشی، ماوەی 14 ساڵە چاوەڕێ دەکەین و قسە لەسەر ئەم هاوبەشییە دەکەین، بەڵام هەمیشە پێمانگوتراوە ئێستا کاتێکی باش و کاتێکی قبوڵکراو نییە، هەر بۆیە پرسیارەکەم ئەوەیە: کاتی راست کەیە؟

بارزانی جەختی لە سەر ئەوەش کردووەتەوە، کورد ئامادەن بەرپرسیارێتی ئەنجامی گشتپرسییەکە لەئەستۆ بگرن: ئێمە مێژووی خراپ مامەڵەکردنمان لەگەڵ خەڵکی خۆمان راستکردووەتەوە و ئەوانەش، کە دەڵێن سەربەخۆیی باش نییە، پرسیاری ئێمە بۆ ئەوان ئەوەیە ئەگەر بۆ ئێمە باش نییە ئەی بۆچی بۆ ئێوە باشە؟

بارزانی بەدووری زانیوە گشتپرسییەکە ببێتە هۆی دروستبوونی تووندوتیژی و گوتوویەتی: شەرعیەتی خەڵک لە شەرعیەتی هەر پارتێکی سیاسی و دەستوەردانێکی دەرەکی گەورەترە. پێم وانییە هیچ کەسێک دژی شەپۆلی گەورەی خەڵکی کوردستان بووەستێتەوە، ئەوەش کاتێک بڕیاریان لەسەر چارەنووسیان دا، پێدەچێت چەند هەوڵێک بۆ شکستپێهێنانی هەبن، بەڵام ئێمە تەواوی هەوڵی خۆمان دەدەین بۆئەوەی رێگەنەدەین ئەم هەوڵانە سەرکەوتووبن.

بارزانی هەروەها گوتوویەتی: ئێمە سەلماندوومانە کە هۆکاری ئارامین. هەر بۆیە ئەوەی ئێمە لەڕێی گشتپرسییەوە دەیکەین رێگاگرتن دەبێت لە نائارامی داهاتوو. ئێـمە دەمانەوێت ئەگەری روودانی هیچ خوێنڕێژییەک لە داهاتوودا نەهێڵینەوە. جەختی لەوەش کردووەتەوە، دەوڵەتی کوردی دڵنیایی دەداتە تەواوی ئەو کەمە نەتەوە و ئایینانەی لە دەوڵەتەکەدا دەژین، لەوانەش کریستیانەکان و کوردانی ئێزدی. 

دەربارەی موسڵیش بارزانی گوتوویەتی: سەرکەوتن بەبێ هەبوونی پلانێکی تایبەت بە ئاشتبوونەوەی سیاسی لەو شارەدا تەواو نییە: پێشتر هۆشداریم دا کە ئەگەر ئەم پلانە سیاسییەتان نەبێت، ئەوا بارودۆخەکە پێچەوانە دەبێتەوە.

هەر پەیوەست بە موسڵ بارزانی رایگەیاندووە: نیگەرانی گەورەم دەربارەی رەوشی موسڵ و قۆناخی دوای ئازادکرنەوەی هەیە، چونکە کۆتایی دەوڵەتی ئیسلامی لە موسڵ واتای کۆتایی دەوڵەتی ئیسلامی نایەت. ئەو هۆکارانەی ژینگەیان رەخساند و داعشیان هێنایە نێو موسڵ نەگۆڕاون. نیگەرانی زۆرم دەربارەی داهاتووی ناوچەکە هەیە. ئومێدەوارم هەڵە بم. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com