نوچەنێت: تایبەت
سەرۆکى لیژنەى پیشەسازى و وزە لە ئهنجومهنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئەو کۆمپانیایەی بەرپرس بوو لە هێنانی بەنزینی خراپ بۆ سلێمانی، تائێستا سزانەدراوە و نەخراوەتە لیستی رەشەوە و دەشڵێت “بەشێکی زۆری سووتانی ئۆتۆمبێلەکان دەگەڕێتەوە بۆ بەنزینی کوالێتی خراپ”.
لەماوەی رابردوودا ژمارەیەك تەنکەری بارهەڵگر، کە بەنزینی کوالێتی خراپیان تێدابوو، کە لەڕێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە، هاتبوونە ناو پارێزگای سلێمانی، ناڕەزایی هاوڵاتیانی لێکەوتەوە و داواکرا ئەو کۆمپانیایە سزابدرێت، کە بەرپرسە لەهێنانی ئەو بەنزینە، لە دانێشتنێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانشیدا، بەکۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن بڕیاردرا بە گەڕانەوەی سەرجەم ئەو تەنکەرانەی، کە بنزینی خراپیان تێدایە بۆ وڵاتی ئێران.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د.غالب محەمەد، سەرۆکى لیژنەى پیشەسازى و وزە لە ئهنجومهنی پارێزگای سلێمانی، سەبارەت بە بەنزینی کوالێتی خراپ لەو پارێزگایە رایگەیاند: ئەو تەنکەرانەی، کە بەنزینی کوالێتی خراپیان هێنابووە ناو پارێزگای سلێمانی، سەرجەمیان گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتی ئێران، بەڵام تائێستا ئەو کۆمپانیایەی بەرپرسە لە هێنانی ئەو بەنزینە، سزانەدراوە و نەخراوەتە لیستی رەشەوە.
د.غالب محەمەد گوتیشی “بەرپرسی یەکەم و دووەم لەم بابەتە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێم و بەڕێوبەری گومرگی سلێمانییە، چونکە سزانەدانی ئەو جۆرە کۆمپانیایانە، کە ماددەی خراپ دێنن، خۆی لەخۆیدا هاوکاریکردنە بۆ هێنانی بەنزینی خراپ، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، کە بووەتە هۆی سووتانی چەندین ئۆتۆمبێل لەماوەی رابردوودا”.
ئەو سەرۆک لیژنەیە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە بەشێکی تر، کە هاوکارە بۆ هێنانی بەنزینی خراپ، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانە، چونکە نوسراویان بۆ دەکات، بۆ ئەوەی بێنە ناو هەرێمی کوردستان و لەماوەی مانگێکدا چەند جارێك رێنمایی بۆ کۆمپانیاکان دەگوڕێت.