نوچەنێت – رۆژنامەی عوکازی سعودی
سەرۆککۆماری عێراق، پێشنیار دەکات عێراق بکرێتە دوو هەرێم، هەرێمێکی کوردی و ئەوانی دیکەش لە هەرێمێکی دیکەدا بمێننەوە. دەشڵێت “دوای داعش دەبێت بەدوای بابەتێکی دیکەدا بگەڕێین بۆ دیاریکردنی چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ حەشدی شەعبی”.
ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیارە رۆژی 25-9-2017 باشووری کوردستان گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی ئەنجامبدات. مەعسووم لە هەڤپەیڤینەکەدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سعودیە دەکات و دەڵێت: لە کۆنگرەی یەکێتی ئەوروپا بۆ پشتگیری عێراق، کە لە فەرەنسا بەڕێوەچوو، بە شازادە سعود فەیسەڵم گوت: کەی دەرگاکانتان بەڕووی عێراقدا دەکەنەوە. ئەویش گوتی: لەم ساتەوە وابزانە دەرگاکانمان کراونەتەوە. ئەوەش بووە پاڵنەرێک پەیوەندی لەگەڵ سعودییەکان ببەستین و سەردانی سعودیە بکەم.
فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری عێراق، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی عوکازی سعودی، پێشنیار دەکات عێراق بکرێتە دوو هەرێم، هەرێمێکی کوردی و ئەوانی دیکەش لە هەرێمێکی دیکەدا بمێننەوە، واتە هەرێمی عێراق و هەرێمی کوردستان، دەوڵەتیش وەکو خۆی بەناوی عێراق بمێنێتەوە.
سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، پێش سەردانەکە لەگەڵ مەرجەعە باڵاکانی نەجەف کۆبوومەوە، لەنێویشیاندا عەلی سیستانی. بە سیستانیم گوت: سبەی ئێوارە لەگەڵ شا عەبدوڵڵا عەبدولعەزیز، شای عەرەبستانی سعودیە کۆدەبمەوە. ئەویش گوتی: ئەم بیرۆکەیەم پێخۆشە و هەنگاوێکی پیرۆزیشە.
سەبارەت بەوەی سیستانی لەبارەی عەرەبستانی سعودیە چی بە مەعسووم گوتووە؟ سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت “سیستانی پێیڕاگەیاندووە، سعودیە وڵاتێکی گرنگە و دەبێت پەیوەندییەکانی وڵاتەکەمان لەگەڵیدا پتەوبن. لەبارەی ئەوەی بۆچی عێراق ناچێتە نێو هاوپەیمانێتی وڵاتە ئیسلامییەکان بەسەرۆکایەتی سعودیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر؟
سەرۆککۆماری عێراق روونیکردووەتەوە کە عێراق لەڕووی کردەییەوە رووبەرووی تیرۆر بووەتەوە، داوایەکی لەو شێوەیەش لە عێراق نەکراوە. سەبارەت بە باڵیۆزی پێشووی عەرەبستانی سعودیە لە بەغدا فوئاد مەعسووم رایگەیاندووە: بەهیچ شێوەیەک نە سەرۆکایەتیی کۆمار و نە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دەرەوەش داوای گۆڕینی سامر سەبهانیان نەکردووە، بەڵام هەندێک لێدوان هەبوون لە بەرژەوەندی هەردوو وڵات نەبوون، زانیاریشم نییە لەسەر ئەوەی هەڕەشەی کوشتنی لێکرابێت.
سەبارەت بە رەوشی ئەمنی عێراق فوئاد مەعسووم دەڵێت: دەکرێت تەقینەوە لە هەموو شوێنێک رووبدات، وەک لەندەن، کوێت، سعودیە و …هیتد. لە بەغداش بەهۆی بوونی شانە نووستوەکانی تیرۆریستانەوە روودەدات، گرووپەکانی سەر بە داعش زۆرن و رووبەڕوویان دەبینەوە. لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ناترسێت بیکوژن؟
سەرۆکۆماری عێراق دەڵێت: هەموو کەسێك موعەڕەزە بۆ کوشتن، بەڵام دەبێت هۆشیاربیت و رێوشوێنی ئەمنی بگریتەبەر. تەوەرێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکە تایبەت بووە بە حەشدی شەعبی و فوئاد مەعسووم لەبارەی هەڕەشەی گروپەکانی نێو دەستەکە رایگەیاندووە: لەسەرەتاوە حەشدی شەعبی پێویست بوو، چونکە بەغداو شارەکانی دیکەش لەژێر هەڕەشەدا بوون، دوای داعشیش دەبێت بەدوای بابەتێکی دیکەدا بگەڕێین بۆ دیاریکردنی چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ حەشدی شەعبی.
سەبارەت بە شوێنی ئەبوبەکری بەغدادی، خەلیفەی رێکخراوی داعش فوئاد مەعسووم گوتوویەتی: بەغدادی لە سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریادایە و ئەو سنوورانە کراوەن.