نوچەنێت
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە ماوەی 10 رۆژدا 243 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و مەزەندەش دەکات 73 ملیۆن دۆلاریان خەرج کردبێت. هەروەها وادەی دابەشکردنی زەوییە گەشتیارییەکانیش ئاشکرا دەکات.
نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، رۆژی چوارشەممە 5-7-2017، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگواز، ئاماری هاتنی گەشتیارانی لە رۆژانی جەژن بڵاوکردەوە و رایگەیاند: “جێگەی خۆشحاڵی هەموو لایەکمانە ژمارەی هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان لە بەرزبوونەوەدایە”.
نەورۆز مەولوود ئامارەکەی ئاشکراکرد و گوتی: لە ماوەی 10 رۆژی کۆتایی مانگی رابردوو، لە رۆژانی پێش جەژن و جەژن و پشووەکانی دوای جەژن، واتە لە 22-6 تاوەکو یەکی تەمموز، 243 هەزار گەشتیار روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەراورد بە جەژنی رەمەزانی ساڵی رابردووش رێژەکە دوو هێندە بەرزبووەتەوە. ساڵی رابردوو 122 هەزار گەشتیار روویان لە هەرێمی کوردستان کردبوو.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار هاتنی ئەو ژمارە زۆرە گەشتیارەی بۆ هەرێمی کوردستان بۆ بەرقەرابوونی ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستان گەڕاندەوە و گوتی “حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران هەردەم لە رێگەی کردنەوەی چەندین پێشانگا و کۆنفرانس و نۆژەنکردنەوەی شوێنە گەشتیارییەکان پاڵپشتی کەرتی گەشتوگوزاریان کردووە”.
بەگوتەی نەورۆز مەولوود، لەڕووی سوودە ئابوورییەکەوە بۆ کەرتی تایبەت، ئەگەر هەر گەشتیارێک لەکاتی مانەوەی بە تێکڕا بڕی 300 دۆلاری خەرج کردبێت، ئەوا لەماوەی ئەو 10 رۆژەدا 73 ملیۆن دۆلار هاتووەتە نێو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و بۆ کەرتی تایبەت چووە، ئەمەش بوژانەوەیەک بووە بۆ کەرتی ئابووری. ئامارەکە لەسەر بنەمای خاڵە سنوورییەکان و هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی و بازگەکان تۆمارکراوە. 70%ی گەشتیاران لە خواروو و نێوەڕاستی عێراق هاتوون، 30%ی دیکەش لە ئێران و تورکیا و وڵاتانی دیکە هاتوون.
نەورۆز مەولوود لە کۆنگرەکەدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەوەی ژمارەی هاتنی گەشتیاری بیانیش زیادی کردووە. بەئاماژەکردن بەوەی گرنگی زیاتر بە کەرتی گەشتیاری دەدەن، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی زەوییە گەشتیارییەکان دەکرێت. باسی لەوەش کرد ئەمساڵ چەند شوێنێکی گەشتیاری نۆژەندەکەنەوە.
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا مەولەوی جەبار، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ژمارەی گەشتیارانی بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند و گوتی: “لە ماوەی ئەو 10 رۆژە 105 هەزار گەشتیار روویان لە پارێزگای هەولێر کردووە، 103 هەزر گەشتیاریش روویان لە پارێزگای سلێمان کردووە، 35 هەزار گەشتیاریش روویان لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی گەرمیان کردووە”.