ئێران‌ و مالیكی‌ داوادەكەن‌ ئاڵا تاڵه‌بانی لەپۆستەكەیدا بمێنێتەوە‌

0

نوچەنێت

ئێران‌ و نوری مالیكی‌ داوایان لە سەركردەكانی‌ یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌ كردووە، كە ئاڵا تاڵەبانی‌ لەپۆستی‌ سەرۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یەكێتی‌ لە ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق بمێنێتەوە، پەرلەمانتارێكی‌ یەكێتیش دەڵێت “ململانێ‌ لەسەر گۆڕینی‌ سەرۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یەكێتی‌ توندتر دەبێتەوە‌ و پێویستە مەكتەبی‌ سیاسیش رێز لەبڕیارەكەی‌ خۆی‌ بگرێت”.

 بەبڕیاری مەكتەبی سیاسی، ئاڵا تاڵەبانی لە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق، لە رۆژی 12-6-2017، دوورخرایەوە، سەڕەرای‌ ئەوەی‌ دواتر ئاڵا تاڵەبانی‌ جەختی‌ لەوە كردەوە، كە “بەبڕیاڕی كۆبوونەوەی 1-7-2017ی‌ مەكتەبی سیاسی‌ و بەئامادەوبونی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، بڕیار درا، لە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق بەردەوامبم”، بەڵام دواتر مەكتەبی سیاسی یەكێتی روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە‌و رایگەیاند، كە “بڕیاری گۆڕینی سەرۆكی فراكسیۆن‌ و دانانی سەرۆكێكی نوێ‌، لەجێی‌ خۆیەتی‌ و لەكۆبوونەوەی داهاتوودا لەگەڵ فراكسیۆنی یەكێتی لەبەغدا، بەئامادەبونی بەڕێزان جێگری سكرتێری گشتی‌ و لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی بڕیارەكە جێبەجێدەكرێت‌”.

هەفتەنامەی ئاوێنە ئەمڕۆ سێشەممە 4-7-2917  بڵاویكردەوە، كە ئاڵا تاڵەبانی‌ بەدوای‌ راگەیاندنی‌ بڕیاری‌ دوورخستنەوەیدا لەلایەن مەكتەبی‌ سیاسییەوە، دوو جار سەردانی‌ نوری‌ مالیكی‌، ئەمینداری حزبی دەعوەی عێراقی كردووە و یاداشتێكیشی‌ ئاڕاستەی‌ فراكسیۆنە شیعەكانی‌ پەرلەمانی‌ عێراق كردووە.

هەفتەنامەكە بڵاویشیكردەوە، كە ئاڵا تاڵەبانی لەو یاداشتەدا دوورخستنەوەی لە پۆستەكە بە ”‌سزادانی‌ سیاسی‌” ناوبردووە و هۆكارەكەشی‌ دەگەڕێنێتەوە بۆ ‌”هەڵوێستەكانی‌ دژ بەسیاسەتەكانی‌ هەرێم‌ و ناشەفافییەت‌ و پەكخستنی‌ پەرلەمان‌ و دەنگدانی‌ بۆ متمانەسەندنەوە لە هوشیار زێباری”. 

رێزان شێخ دلێر، ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ عێراق، لە فراكسیۆنی‌ یەكێتی‌ لەو بارەیەوە ‌رایگەیاند “وەك دەوترێت بۆ مانەوەی‌ ئاڵا تاڵەبانی‌ لەپۆستەكەی‌، مالیكی‌ تەلەفۆنی‌ كردووە بۆ سەركردایەتی‌ یەكێتی‌، نازانم سەرۆكی‌ فراكسیۆن ئەوەندە گرنگە تا ئەم هەموو خەڵكە واسیتەی‌ بۆ بكات، كەواتە سەرۆكی‌ هەرێم ناهەقی‌ نییە، كە لاناچێت”.

رێزان شێخ دلێر راشیگەیاند “سەركردایەتی‌ یەكێتی‌ خاوەنی‌ بڕیاری‌ خۆی‌ نییە، ئەگەر رێز لەبڕیارەكەی‌ خۆی‌ نەگرێت‌ و جێبەجێینەكات، ئەوە بۆ سەركردایەتییەكەی خراپە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com