نوچەنێت
مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ 7 کونسوڵی وڵاتی عەرەبی لە هەولێر کۆبووە و رایگەیاند، گەلی کوردستان لەڕێگەی دیالۆگ و بە ئامڕازی ئاشتییانە رێگەی سەربەخۆیی گرتووەتەبەر، دەشڵێت” ریفراندۆم مافێکی شەرعی و سروشتیی خەڵکی کوردستانە و پێویستە هەموو لایەک رێز لەو خواست و مافەی خەڵکی کوردستان بگرن”.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە 4-7-2017 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم، پێشوازی لە کونسوڵی گشتی وڵاتانی فەڵەستین، ئیمارات، کوێت، سوودان، ئوردن، میسر و شانشینی سعودیە، لە هەرێمی کوردستان كرد.
سەرەڕای دەستخۆشی شاندی میوان لە بارزانی و پێشمەرگەی کوردستان، بۆ سەرکەوتنیان لە تێکشکاندنی تیرۆرستانی داعش و رۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ “هاوخەمی خۆشیان لەگەڵ خانەوادەی شەهیدانی پێشمەرگە دەربڕی و هیوای چاکبوونەوەیان بۆ بریندارەکان خواست”.
وەك لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە “کونسوڵانی وڵاتانی عەرەبی لە کوردستان، داوایان لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە، کەبەرچاوڕوونییان بداتێ سەبارەت بە داهاتووی پارێزگای موسڵ دوای ئازادکردنی، لەو بارەیەوە بارزانی روونی کردەوە، کەقۆناغی دوای داعش زۆر هەستیارە و پێویستە رێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەو زەمینەیە بگیرێت، کە بووە هۆی سەرهەڵدانی داعش”.
هەروەها ئاماژەی بە هەوڵەکانی کوردستان کرد، کە بەر لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە لە کۆبوونەوە لەگەڵ هەردوو لایەنی ئەمەریکی و عێراقی داوایان کردووە و گوتوویەتی “لەپاڵ بوونی پلانی سەربازی پێویستە پلانێکی هاوبەشی سیاسی و ئیدارییش بۆ پارێزگای نەینەوا لە دوای دەرکردنی داعش هەبێت، بەڵام بەداخەوە ئەو پێشنیارە رەچاو نەکرا و لەجیاتی ئەوە بڕیار درا لیژنەیەکی باڵا بۆ هەماهەنگی دروست بکرێت، کەچی ئەوەش جێبەجێ نەکرا و ئێستا سەرەتاکانی کێشە دەرکەوتوون”.
بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، کە هەرچەندە بەهۆی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق و بە پشتیوانیی هاوپەیمانانێتی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ لە کۆتاییەکەی نزیک بۆتەوە و دەسەڵاتی داعش لە موسڵ کۆتایی دێت، بەڵام ئەوە بەمانای کۆتاییهاتنی داعش و تیرۆر نابێت و ئەگەر ئەو هۆکارانە چارەسەر نەکرێن، کە بووە هۆی سەرهەڵدان و بەهێزبوونی داعش، ئەوا دوور نییە تیرۆر بە شێوەی تر و لەژێر ناوی دیکە سەرهەڵبداتەوە.
هەروەها بارزانی دەڵێت “دەبێ رێگە لەو دۆخە بگیرێت و لە ئیدارەدانی ئەو پارێزگایە رەچاوی خواستی پێکهاتەکانی ئەو پارێزگایە بکرێت، تا ئەوانیش بە دڵنیایی و پارێزراوی ژیانیان بکەن و رێگە بە دووبارە بوونەوەی ئەو کارەساتانە نەدرێت، کە بەسەر ئەو خەڵکەدا هات”.
هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە بڕیاری گەلی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە کوردستان، لە 25 ی ئەیلوول خرایە بەر باس و بارزانی بە وردی ئەو هۆكارانەی روون كردەوە، كە هانی گەلی كوردستانی داوە بەرەو ریفراندۆم هەنگاو بنێت. هەروەها باسکردنی رەوشی سیاسیی عێراق و ناوچەکە بەشێکی دیکەی دیدارەکە بوو.
بارزانی راشیگەیاندووە “ریفراندۆم مافێکی شەرعی و سرووشتی خەڵکی کوردستانە و پێویستە هەموو لایەک رێز لەو خواست و مافەی خەڵکی کوردستان بگرن”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە كردەوە “گەلی كوردستان لە رێگەی دیالۆگ و بە ئامرازی ئاشتیانە رێگەی سەربەخۆیی و مسۆگەركردنی مافەكانی گرتۆتەبەر و ئەو رێگەیەش، تاکە زامنی بەربەست دانانە لەبەردەم دووبارەب وونەوەی کێشە و ململانێی خوێناوی”.
هەروەها کونسوڵانی وڵاتانی عەرەبی، لە کۆبوونەوەکەدا رایانگەیاند”بە وردی گوێیان بۆ سەرنج و روونکردنەوەکانی بارزانی گرتووە و هاوسۆزیی خۆیان بۆ خەبات و قوربانیدان و خواستی گەلی کوردستان دەربڕی”.