نوچەنێت: تایبەت
گوتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی رایدەگەیەنێت، دانانی كاندید بۆ كۆمیتەی ریفراندۆم كارێكی زۆر ئاسانە و دەشڵێت “هیچ بەربەستێکی ناوخۆیی رێگر نییە، بەڵکو بەربەستەكە کاراکردنەوەی پەرلەمانە”.
رۆژی چوارشەممە 7-6-2017، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەبێ بەشداری کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەش رۆژی 25-9-2017 یان بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی باشوری کوردستان راگەیاند، یەکێتی نیشتمانی، کە یەکێك بوو لەبەشدارانی کۆبوونەوەکە، بەڵام تائێستا کاندیدی بۆ كۆمیتەی ریفراندۆم دیاری نەکردووە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، لەتیف نێروەیی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی کوردستان، لەبارەی ئەوەی بۆچی، تائێستا كاندیدیان بۆ كۆمیتەی ریفراندۆم دیاری نەکردووە رایگەیاند: لەناوخۆی یەکێتیدا دیاریکردنی نوێنەرێک بۆ كۆمیتەی ریفراندۆم کارێکی زۆر ئاسانە و هیچ بەربەستێکی ناوخۆیی رێگرنییە، بەڵکو یەکێتی دەیەوێت رێوشوێنی یاسایی، زەمینەسازییەکی دبلۆماسی سیاسی و کۆدەنگی نیشتمانی فەراهەم بکرێت، بۆ ئەوەی نوێنەری یەکێتی، لیژنەی باڵای و لیژنەکانی دیکە بتوانێت ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێبکەن.
نێروەیی لەبارەی بۆچوونی حزبەکەی لەسەر دیاریکرنی کاندید بۆ کۆمیەتەی ریفراندۆم گوتی “یەکەم مەرجی یەکێتی بۆ دیاریکردنی کاندید، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانە، بۆ ئەوەی یاسایەك دەربچێت، کە تایبەت بێت بە گشتپرسی هەرێمی کوردستان، کە ببێتە گرەنتی سەرکەوتنی گشتپرسییەکە”.
گوتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی جەختی لەوەشکردەوە، کە دانانی نوێنەر زۆر ئاسانە و گرفتەكە ئەوە نییە، بەڵكو بەربەستەكە، کاراکردنەوەی پەرلەمانە و دەڵێت “یەکێتی لەگەڵ ئەوەدایە پلانی تەواو هەبێت، بەجۆرێك، کە لە ناوچە دابڕاوەكانیشدا بەهەمانشێوە ریفراندۆم ئەنجامبدرێت”.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە لەبەرنامەیاندایە لە داهاتوویەکی نزیکدا، خولێکی دیکەی دانوستانەکان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان دەستپێبکەنەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان.