نوچەنێت
لەسەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان، یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەڕێوەچوو و دادگا رۆژی 24ی ئەم مانگەی بۆ دانیشتنی داهاتووی دادگاییكردنەكە دیاریكردووە.
رۆژی 28-3-2017 ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بڕیاریدا لەسەرجەم فەرمانگە و دامودەزگا حكومیەكانی كەركوك، لەپاڵ ئاڵای عێراق، ئاڵای كوردستانیش هەڵبكرێت. پێنج ئەندامی بەرەی توركمانیش لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لەسەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەو شارە، سكاڵای یاساییان لەسەر رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لە دادگای ئیدارەی وەزارەتی دادی عێراق، تۆماركردبوو.
رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە (رووداو)ی راگەیاندووە “ئەمڕۆ دووشەممە 3-7-2017 یەکەم دانیشتنی دادگا لەسەر ئەو پرسە بەشێوەیەكی ئاسایی و باش بەڕێوەچووە”.
رێبوار تاڵەبانی دەڵێت “هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك بەشێوەیەكی یاسایی و دەستووری بووە، هیچ كێشەیەكی یاسایی تێدا نییە”.
بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەکان، دوای وەرگرتنی گوتەی پارێزەرەكانی، دادگا رۆژی 24-7-2017ی بۆ دانیشتنی داهاتووی دادگاییكردنەكە دیاریكردووە.