دەوڵەتی یاسا: پابەندی داواکاری نەجەف و هەولێر نابین. عەلەوی: 200 دەنگی پەرلەمان دژ بە مالیکی مسۆگەرە

0

دەوڵەتی یاسا پابەندی داواکاری نەجەف و هەولێر نابین. ئەندامانی حزبەکەی مالیکی رژانە سەر شەقامەکان

نوچەنێت

ئەندامێکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، دەستبەرداری نوری مالیکی و پابەندی داواکارییەکانی نەجەف و هەولێر نابن، لایەنگرو ئەندامانی حزبەکەی مالیکی لەبەغدا رژانە سەر شەقامەکان و پشتیوانیان بۆ مالیکی دووپاتکردوە، بڕیارده‌ری‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی عێراقیش رایگەیاند، بەپێی دەستوری عێراق دەنگی 163  پەڕلەمانتار بەسە، بۆ سەندنەوەی متمانە لەمالیکی، حەسەن عەلەویش ئاشکرای دەکات، ئەو سەرکردانەی داوای سەندنەوەی متمانە لە مالیکی دەکەن، دەنگی 200 پەرلەمانتاری عێراقیان مسۆگەر کردووە.

دوای کۆبونەوەکەی دوێنێی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا هیچ لەبارەی ناوەرۆکی کۆبونەوکەوە رانەگەیەنرا، بەڵام محه‌مه‌د سه‌یهود، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی ده‌وڵه‌تی‌ یاسا بۆ‌ سۆمه‌ریه‌نیوز ئاشکرای کرد، کە دەوڵەتی یاسا لە کۆبونەوکەی دوێنێدا پشتیوانی بۆ مالیکی دوپاتکردەوە، وەک وەڵام بۆ نامەکەی سەدریش وتی، ئێمە پێماوایە کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێن نەک بەناردنی نامە.

ئەو پەرلەمانتارەی دەوڵەتی یاسا، رایگەیاند، دەوڵەتی یاسا دەستبەرداری مالیکی نابێت و پابەند نابن بە داواکارییەکانی هەولێرو نەجەفەوە.

هەر لەبارەی سەندنەوەی متمانە لە نوری مالیکی، عومه‌ر جبوری‌، بڕیارده‌ری‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی عێراق، بۆ سۆمەر نیوز ئاشکرایکرد، لە برگەی (ب) مادەی 61 ی دەستوری عێراق، دوو رێگا بۆ سەندنەوەی متمانە لە نوری مالیکی هەیە، لەوانە سەرۆک کۆمار داوا لە پەڕلەمان بکات متمانەی لێوەربگرنەوە، یان پێنج پەڕلەمانتار داوای لێپرسینەوە لەسەرۆکی حکومەت بکەن و 163 پەرلەمانتار، دەنگ لەسەر متمانە سەندنەوە لە سەرۆک حکومەت بدەن.

لای خۆشیەوە حه‌سه‌ن عه‌له‌وی، په‌رله‌مانتاری‌ لیستی عێراقیه‌ی‌ سپی‌، بە سۆمه‌ریه‌ نیوزی راگه‌یاند، ئه‌و سه‌ركردانه‌ی‌ له‌ هه‌ولێر‌و نه‌جه‌ف كۆبونه‌وه‌، له‌ په‌رله‌ماندا ده‌نگی 200 پەڕلەمانتاریان مسۆگه‌ركردووه‌‌، ده‌توانن متمانه‌ له‌ حكومه‌ته‌كەی مالیکی وه‌ربگرنه‌وه‌، عەلەوی ئاشکراشی کردووە، کە لەناو ئەندامی لیستی دەوڵەتی یاساش 20 پەڕلەمانتار دەنگ لەدژی مالیکی دەدەن.

لەلایەکی ترەوە، ئه‌مڕۆ لایەنگرو ئه‌ندامانی حیزبی ده‌عوه‌ی‌ عێراق، كه‌ نوری‌ مالكی‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، لە بەغدا بە دروشمی یه‌كێتی نیشتمانی‌و پابه‌ندبوون به‌ده‌ستور‌و دژایەتی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی خۆپیشاندانێکیان رێکخست و پشتیوانیان بۆ مالیکی دووپاتکردەوە.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com