نوچەنێت: تایبەت
باژێروانی مەكۆی هەولێری بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، لە ئایندەیەکی نزیکدا رێکخەرێکی نوێ هەڵدەبژێرن و دەشڵێت “دیاریکردنی رێکخەری نوێ بە گوێرەی پێڕەوی ناوخۆ دەبێت”.
لە 19ی ئایاری رابردوو نهوشیروان مستهفا، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، له تهمهنی 73 ساڵیدا بههۆی نهخۆشیهوه كۆچی دواییكرد، تائێستاش رێکخەری نوێ بۆ بزووتنەوەی گۆڕان دیاری نەکراوە، لەئێستادا دیاریکردنی رێکخەری نوێ بۆ ئەوە حزبە رەنگە کارێکی ئاسان نەبێت، کە بۆشاییەکی گەورەی لەناو ئەو بزووتنەوەیەدا دروستکردووە، بڕیاروابوو دوای چلەی ماتەمینی نەوشیراون، رێکخەری نوێ دیاریبکرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ساماڵ عەبدوڵڵا، باژێڕوانی مەكۆی هەولێری بزووتنەوەی گۆڕان، لەبارەی دیاریکردنی رێکخەرێکی نوێ بۆ بزووتنەوەکەیان رایگەیاند: وەک هەموو حزبێکی سیاسی، گۆڕان خاوەنی دەستورێکی تایبەت بەخۆیەتی و دیاریکردنی رێکخەری نوێیش بەگوێرەی ئەو دەستورە دەبێت، کە لە کۆنفرانسی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لەساڵی 2013 پەسەند کراوە.
سەبارەت بەکاتی دیاریکردنی رێکخەری نوێیش، ساماڵ عەبدوڵا دەڵێت “بەهۆی سەرقاڵی بزووتنەوەی گۆڕان بەپرسەی ماتەمینی کاك نەوشیروان مشتەفاوە، نەمانتوانیوە کاتێکی دیاریکراو دەستنیشان بکەین بۆ هەڵبژاردنی رێکخەری نوێ، بەڵام لە ئایندەیەکی نزیکدا بەگوێرەی پێڕەوی ناوخۆیحزبەکە، رێکخەرێکی نوێ هەڵدەبژێرین”.
ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە دواهەمین کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، لە مانگی رابردوو، سەرجەم ئەندامانی جڤات، کۆدەنگ بوون لەسەر ئەوەی، کە هەموو رێکارە یاساییەکان بگیرێتەبەر بۆ دیاریکردنی رێکخەری نوێ، ئەوەیش لە رێگەی جێبەجێکردنی دەستوورەکەی بزووتنەوەی گۆڕانەوە.