سەرۆک هۆزەکانی کەرکوک داوای کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجە دەکەن

0

نوچەنێت

سەرۆک هۆزەکانی هەرسێ پێکهاتەی کورد و عەرەب و تورکمان لە کەرکوک داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەزووترین کات دەست بە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجە بکرێت. دەشڵێن “کۆنترۆڵ نەکردنەوەی حەویجە بە تەنها مەترسی بۆ سەر کەرکووک نییە، بەڵکو مەترسی بۆ سەر هەموو عێراق هەیە”.

بە بڕوای ئەوان حەویجە تەنیا مەترسی بۆ سەر کەرکووک نییە، بەڵکو مەترسی بۆ سەر هەموو عێراق هەیە. رۆژی یەکشەممە 2-7-2017، سەرۆکهۆزەکانی هەرسێ پێکهاتەی کورد و عەرەب و تورکمان لە کەرکووک کۆبوونەوە.دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایانگەیاند: “ئێمە وەکو سەرجەم سەرۆکهۆزەکانی پارێزگای کەرکووک، چەندینجار داوامان لە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، بۆ ئەوەی دەست بە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجە بکرێت، کۆنترۆڵ نەکردنەوەی حەویجە بە تەنها مەترسی بۆ سەر کەرکووک نییە، بەڵکو مەترسی بۆ سەر هەموو عێراق هەیە، داوا لە بەڕێز مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش دەکەین بە هەردوو لایانەوە هەوڵبدەن حەویجە کۆنترۆڵ بکەنەوە”.

سەرۆک هۆزەکان دەشڵێن: “هەموو جارێک گەرەنتی ئەوەیان پێداوین لەدوای ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ دەست بە ئۆپەراسیۆنی حەویجە دەکەن، ئێستاش ئۆپەراسیۆنی موسڵ لە قۆناخی کۆتاییدایە، ئێمەش لەڕێگەی ئەو کۆنگرەیە بەبیریان دەهێنینەوە بۆئەوەی دەست بە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجە بکەن”.

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا سەرۆکهۆزەکان داویان لە هەموو لایەنەکان کرد گرنگی بە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجە بدەن و هێزەکان یەک بخەن و چیدیکە کۆنترۆڵکردنەوەی قەزاکە دوانەخرێت، داواشیان کرد ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوبەشی ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی پێشێلکاری ئەنجام نەدرێت.

سەرۆک هۆزەکان بەپێویستی دەزانن هاوئاهەنگییەکی باش لەنێوان هەولێر بەغدا بۆ ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجە بکرێت، وەک چۆن لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ ئەو هاوئاهەنگییە هەبوو، دوای کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجەش پێویستە رێککەوتنێک لەنێوان هەولێر و بە‌غدا بکرێت بۆ ئەوەی کار بۆ چارەنووسی ئەو ناوچەیە بکرێت.

سەرۆک هۆزەکان دەشڵێن، دوای شکستهێنان بە هەموو ئەو هەوڵانەی بۆ تێکدانی ناسەقامگیری کەرکووک دران، ئێستا تابووری پێنجەم هەوڵی دروستکردنی ئاژاوەگێڕی لەم شارە دەدەن، بەڵام شکست بە هەموو هەوڵێک هێنراوە و سەرۆکهۆزەکان رێگەنادەن هیچ پێشێلکارییەک بکرێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com